ئێمە
پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی دیموکراتی نیشتیمانیی جەماوەرییە، بڕوای بە مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گەشەپێدانی بەردەوام، فرەیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی و کولتووری، پێکەوەژیانی ئاشتیانە، ئازادییەکان و یەکسانی، مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان هەیە، بە شێوازە دیموکراسی و مەدەنییەکان لەسەر بنەمای بیروباوەڕو و ڕێبازی بارزانی نەمر تێدەکۆشێت و سوود لە ئەزموونی گەلانی دیکەش وەردەگرێت.
له 16 ئابی ساڵی 1946 به سهرۆكایهتیی باوكی رۆحیی كورد (مهلا مستهفا بارزانیی نهمر) دامهزراوه. سهرهتا ناوی (پارتی دیموكراتی كورد) بووه و له كۆنگرهی سێیهمدا كه له 26/1/1953، له شاری كهركووك بهسترا بڕیار درا ناوی حزب بكرێته (پارتی دیموكراتی كوردستان).
بنەما هزرییەکانی کاری پارتایەتی:
پارتی لەسەر ئەم بنەما هزرییانەی خوارەوە خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی و دیموکراسیی خۆی بەڕێوە دەبات.
یەکەم: وەکو حزبێکی دیموکراتی جەماوەریی پێشکەوتنخواز، نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد و گەلی هەرێمی کوردستان لە عێڕاق دەکات، پشتبەستن بە ڕێبازی بارزانیی نەمر، بڕوابوون بە مافی چارەنووس، لە پێناوی مافە ڕەواکانیان تێدەکۆشێت.
دووەم: پارتی باوەڕی بە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات هەیە و گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەکانە. بە گوێرەی بنەما دیموکراسییەکان کە خۆیان لە کێبڕکێی ئاشتیانەی سیاسی و هەڵبژاردنی ئازاد و دەوریی دەبینێتەوە، دەسەڵاتەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
سێیەم: لە گۆڕەپانی سیاسیی عێڕاقدا وەکو پارتێکی دیموکراتیخواز کار بۆ چەسپاندنی سیستەمی دیموکراسی فیدڕاڵی دەکات. لەسەر بنەماکانی هاوبەشێتیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و بەشداریی کارا بۆ بەدیهێنانی مافە ڕواکانی گەلی کورد و کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێڕاقی فیدڕاڵدا.
چوارەم: پارتی باوەڕی بە فرەپێکهاتەیی لە هەرێمی کوردستان هەیە و دان بە مافی پێکهاتەکاندا دەنێت، خەبات دەکات بۆ هێنانەکایەی کۆمەڵگایەک، لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و یەکسانی و ڕێزگرتنی مافی هەمووان، بێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز و ئایین و مەزهەب و جیاوازییە کولتوورییەکان.
پێنجەم: پارتی باوەڕیی بە ڕەوایەتیی دۆزی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە هەیە و تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی لە ژێر ڕۆشنایی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بنەما چەسپاوەکانی مافی گەلان لە چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، هەمووان پێکەوە لە ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا بژین و زەمینەی ژیانێکی شایستە و ڕێزلێگیراو بۆ هەموو لایەک فەراهەم بکرێت.