كۆمسیونی هه‌ڵبژاردنی عیراق

كۆمسیونی هه‌ڵبژاردنی عیراق

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، حکومەت ئاگاداردەکاتەوە کە ناتوانن لە 6ـی تشرینى دووەمى 2023ـدا هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بەڕێوەبەرن، کە بە گوێرەى یاسای هەڵبژاردنەکان دیاریکراوە.
د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی ڕووداوى ڕاگەیاند: کۆمیسیۆن بە نووسراوى فەرمى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقى ئاگاداکردووەتەوە، کە ناتوانن بۆ 6ـی تشرینى دووەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبەرن و پێشنیازیان کردووە ڕۆژى هەڵبژاردنەکە بخرێتە 20ـی کانوونى یەکەمى ئەمساڵ.
د. هەیمان تەحسین ئاشکرای کرد، بۆ ئامادەکارى هەڵبژاردنەکان، کۆمیسیۆن پێویستى بە 10 مانگە بۆ ئەوەى گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بکات بۆ چاپکردنى کاغەزى دەنگدان و مەشقکردن بە فەرمانبەرانى کۆمیسیۆن و تۆمارکردنى ناوى پارت و هاوپەیمانێتییەکان بۆ ئەو هەڵبژاردنە.
بەگوێرەى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە لە 27ـی ئادار پەرلەمان دەنگى لەسەر دا، 6ـی تشرینى دووەم دیاریکراوە بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاكان بکرێت، لەکاتێکدا ماوەى 10ساڵە ئەو هەڵبژاردنە نەکراوە.
بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکرایکرد، بڕیارە لە چەند ڕۆژى داهاتوودا ئەنجوومەنى وەزیران بڕیار لەبارەى وادەى هەڵبژاردنەوە بدات.
تاوەکو ئێستا لە ساڵانى 2005، 2009 و 2013 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق ئەنجامدراوە، ئەگەرچى بڕیاربوو هەڵبژاردنەکە لە 2018ـشدا بکرێت، بەڵام بەهۆى تێبینیی کۆمیسیۆن لەسەر وادەکەى و ناکۆکى لەسەر یاسایەکە هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام نه‌درا.
بڕیارە بۆ یەکەمجار لە دواى 18 ساڵ، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا لە کەرکووک هاوکات لەگەڵ هەمان هەڵبژاردن لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق، ئەنجام بدرێت.
سه‌رچاوه‌: ڕوودا دیجیتاڵ