لە کەرکووک 1.5 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان دەبێت
لە 15 پارێزگای عێراق نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستیپێکرد، لە پارێزگای کەرکووک ژمارەی دەنگدەران بەو کەسانەوەی ئەمساڵ مافی دەنگدانیان دەبێت دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەر و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەتوانن دەنگبدەن.
بۆ بایۆمەتری و پڕۆسەکانی دیکەی تایبەت بە هەڵبژاردن خەڵک سەردانی بنکەکان دەکەن. لە کەرکووک جیا لە 43 بنکە، تیمی گەڕۆکی کۆمیسیۆنیش لەفەرمانگەکان دەگەڕێن بۆ بایۆمەتری و نوێکردنی تۆماری دەنگدانی هاونیشتمانیان.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەفەرمی دەستپێکردنی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان راگەیاند.
گوتەبێژی کۆمسیۆن رایگەیاند: بە تۆمارکردنی ناوی لەدایکبووانی 2004 و 2005 پێشبینی دەکەن ژمارەی دەنگدەران لە کەرکووک زیاتربێت لە یەک ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەر.
عەبدولباسیت دەروێش، گوتەبێژی نووسینگەی کەرکووکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: "دەستمان بەنوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کرد. ژمارەی بنکەکانمان 43 بنکەیە، خەڵکی بەدرێژایی رۆژەکانی هەفتە دەتوانن سەردانیان بکەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەکانیان. تائێستا نزیکەی یەک ملیۆن و نیو دەنگدەر هەن بۆ ئەم هەڵبژاردنە و لەدایکبووانی 2004 و2005 مافی بەشداریکردنیان هەیە."
بەگوتەی بەرپرسانی کۆمسیۆن، لە کەرکووک 96٪ی دەنگدەران بایۆمەتریان کردووە و "پەرۆشی زۆریان" بۆ پرۆسەکە هەیە.
سهرچاوه: https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/0907202329