ڕێنمایییەكانی تۆماركردن و پەسەندكردنی لیستەكانی پاڵێوراوان بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان – عێراق 2024 هەمواركراو

ڕێنمایییەكانی تۆماركردن و پەسەندكردنی لیستەكانی پاڵێوراوان
بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان – عێراق 2024 هەمواركراو
وه‌رگێڕانی: سه‌كوان حه‌م ئه‌رگۆشی
بە پشتبەستن بەو دەسەڵاتەی بە ئەنجوومەنی كۆمسیاران دراوە لە ماددەی (10/هەشتەم) لە یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارە (31) بۆ ساڵی 2019 و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان – عێراق ژمارە (1) بۆ ساڵ 1992ی هەمواركراو و هەمواری حەوتەم ژمارە (15) بۆ ساڵی 2013، بڕیاری دەرچوواندنی ئەم ڕێنمایییانەمان دا:
ڕێنمایییەكانی تۆماركردن و پەسەندكردنی لیستەكانی پاڵێوراوان
بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان – عێراق 2024 هەمواركراو
بەشی یەكەم
پێناسەكان و پیادەكردن
مەبەست لەم دەستەواژانە، ماناكانی بەرانبەریانە:-
1. فۆڕمی نوێنەری ڕێپێدراو ژمارە (11): نوێنەری ڕێپێدراو، كەسێكە لەلایەن سەرۆكی هاوپەیمانی یان حزبی سیاسی یان پاڵێوراوی تاك پەسەندكراوە، بەپێی نموونەیەكی ڕێگەپێدان كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە ئامادە كراوە و مافی ئەوەی پێدەدات كە بەپێی بڕگە ئاماژەپێكراوەكانی ناو ڕێگەپێدان، لیستی پاڵێوراوان پێشكەش و هەموار بكاتەوە.
2. بەڵێننامەی كەسی فۆڕمی ژمارە (12): دانپێدانانی پاڵێوراو بە هەبوونی مەرجەكانی پاڵاوتن تێیدا، بەپێی ئەو نموونەیەی كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە ئامادەكراوە.
3. فۆڕمی ژمارە (13): نمونەیەكی ئامادەكراوە لەلایەن كۆمسیۆنەوە، بۆ پێشكەشكردنی ناوی پاڵێوراوانی هاوپەیمانی و حزبە سیاسییەكان و پێكهاتەكان.
4- فۆڕمی ژمارە (14) نمونەیەكی ئامادەكراوە لەلایەن كۆمسیۆنەوە، تێیدا پاڵێوراو بەڵێن دەدات كە پابەندی ڕێساكانی ڕەفتار بێت و سەرپێچی بەندەكانی نەكات.
5- فۆڕمی ژمارە (15): نمونەیەكی ئامادەكراوە لەلایەن كۆمسیۆنەوە، تێیدا پاڵێوراو بەڵێن دەدات كە توانای خوێندنەوە و نووسینی هەیە.
6- فۆڕمی ژمارە (16): نمونەیەكی ئامادەكراوە لەلایەن كۆمسیۆنەوە، وەك پسووڵەیەك بۆ وەرگرتنی بەراییەكان (اولیات)ی پاڵاوتن كە لە پاڵێوراوی تاك داوا دەكرێن.
7- فۆڕمی ژمارە (17): نمونەیەكی ئامادەكراوە لەلایەن كۆمسیۆنەوە، وەك پسووڵەیەك بۆ وەرگرتنی لیستەكانی پاڵێوراوانی هاوپەیمانی و حزبی سیاسی.
بەشی دووەم
بازنەكانی هەڵبژاردن؛ كە هاوپەیمانێتییەكان و حزبەكان و پێكهاتەكان و پاڵێوراوی تاك مافی ئەوەیان هەیە ڕكابەریی لەسەر بكەن:
یەكەم:هەرێمی كوردستان-عێراق، بۆ چوار بازنە (ناوچە)ی هەڵبژاردن دابەش دەكرێت: (هەولێر، دهۆك، سلێمانی، هەڵبجە).
دووەم: پەرلەمانی كوردستان لە (100) كورسی پێكدێت و بەسەر ناوچەكانی هەڵبژاردندا دابەش دەكرێن، بەمشێوەیە:
ناوچەی هەڵبژاردن ژمارەی گشتیی كورسییەكان ژمارەی كورسیی گشتی ژمارەی كورسیی پێكهاتەی مەسیحی ژمارەی كورسیی پێكهاتەی توركمان
هەولێر 34 32 1 1
سلێمانی 38 36 1 1
دهۆك 25 24 1
هەڵەبجە 3 3 - -
كۆی گشتی 100 95 3 2

سێیەم: خۆپاڵاوتن بۆ كورسییەكانی كوتای تایبەت بە مەسیحی و توركمانەكان تاكەكەسی دەبێت و لە چوارچێوەی بازنە (ناوچە)ی هەڵبژاردنی پاڵێوراوەكەدا دەبێت. هەر كەسێك بەرزترین دەنگی بەدەستهێنا، ئەو بە براوە دادەنرێت.
بەشی سێیەم
مەرجەكانی پاڵاوتن و میكانیزمی پێشكەشكردنی لیستەكانی پاڵێوراوان
یەكەم: لە پرۆسەی تۆماركردنی پاڵێوراواندا، مەرجە ئەم خاڵانە هەبن:
هەر دەنگدەرێكی شیاو كە كارتی دەنگدەری هەبێت، مافی ئەوەی هەیە لە هەڵبژاردندا خۆی كاندید بكات، بەمەرجێك ئەو مەرجانەی تێدا فەراهەم بن كە لە مادەی (5)ی پەیڕەوی تۆماركردن و پەسەندكردنی لیستەكانی پاڵێوراوان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان – عێراق ژمارە (7) بۆ ساڵی 2024ی هەمواركراودا هاتوون، كە ئەمانەن:
1- لە هاونیشتمانییانی هەرێمی كوردستان بێت و نیشتەجێی ئەو ناوچەی هەڵبژاردنە بێت كە تێیدا كاندیدە.
2 – شیاویی تەواوی هەبیت. لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا، بیست و پێنج ساڵی تەمەنی تەواو كردبێت.
3 - توانای خوێندنەو و نووسینی هەبێت.
4 - سزا نەدرابێت بە زیندانیكردن بەهۆی تاوانی ئابڕۆبەر و ئاكاری گشتی و دەستپاكی.
5 - سزا نەدرابێت بە زیندانیكردن بەهۆی تاوانی كۆشتنی ئەنقەست یان دزی.
6 - بەشداری نەكردبێت لەو تاوانانەی كە دەسەڵاتی سەركوتكەر پلانی بۆ دارشتبوو یان لە هەرێمی كوردستانی عێراق ئەنجامی دابێت.
7- كۆمسیۆن بۆی هەیە لیستەكانی پاڵێوراوان بنێرێت بۆ لایەنە پەیوەندارەكان بۆ دڵنیابوون لە شیاویی پاڵێوراو.
دووەم: مەرجە لیستەكانی پاڵێوراوان ئەمانە لەخۆ بگرێت:
• پێویستە ڕیزبەندیی پاڵێوراوان لەناو ئەو لیستەدا كە حزبی سیاسی یان هاوپەیمانی پێشكەشی كۆمسیۆن دەكات، بەپێی ئەو ڕێنماییانە بێت كە كۆمسیۆن ئامادەی دەكات.
• پێویستە ژمارەی پاڵێوراوان زیاتر نەبێت لە دووئەوەندەی ژمارەی كورسییە گشتییەكانی بازنە (ناوچە)ی هەڵبژاردن و لە دوو پاڵێوراو كەمتر نەبێت و یەكێكیان ئافرەت بێت. پێویستە حزب و هاوپەیمانێتییەكان پابەند بن بە ڕێژەی نوێنەرایەتیكردنی ئافرەتان و لە 30% كەمتر نەبێت.
• پێویستە خۆپاڵاوتن بۆ كورسیی پێكهاتەكان، خۆپاڵاوتنی تاكەكەسی بێت، چ لە چوارچێوەی لیستی (هاوپەیمانی یان حزب)دا بێت لە بازنە (ناوچە)ی هەڵبژاردندا، بەمەرجێك زیاتر نەبێت لە دووئەوەندی ژمارەی كورسییەكان. پاڵێوراوانی كورسیی پێكهاتەكان و پاڵێوراوی تاك بەدەر دەكرێن لە ڕێژەی نوێنەرایەتی ئافرەتان كە پێویستە كەمتر نەبێت لە 30%ی كۆی گشتی كورسییەكان.
• لە كاتی خۆپاڵاوتندا، پاڵێوراوی تاك بەدەر دەكرێت لە مەرجی دووئەوەندەی ژمارەی كورسییەكان.
• ئەو لیستانەی لەلایەن (هاوپەیمانێتییەكان و حزبە سیاسییەكان و پاڵێوراوی تاك)ـەوە لە ماوەی (13/3/2024 تاوەكو 31/3/2024) پێشكەشكراون، بە پەسەندكراو دادەنرێن و گەرەنتی مافە داراییەكانیان دەكرێت (تێچووی بەشداریكردن و لێكوڵینەوە). ئەگەر هاتوو نیازی بەشدارینەكردنی هەبوو لە هەڵبژاردندا، داواكاریی كشانەوە پێشكەش دەكات.
• پاش كۆتاییهاتنی وادەی دیاریكراو بۆ پەسەندكردنی پاڵێوراوان، هاوپەیمانێتییەكان و حزبە سیاسییەكان بۆیان نییە لیستی پاڵێوراوان بكشێننەوە یان بیگۆڕن یاخود لیستێكی جیاواز پێشكەش بكەن، مەگەر كۆمسیۆن ئەو داوایە بكات، بە مەبەستی ئەوەی تاوەكو لیستەكە مەرجەكانی ئەم پەیڕەوە لەخۆ بگرێت. لەم حاڵەتەدا، پێویستە لیستی داواكراو كە گۆڕانكارییەكەی تێدا ڕووداوە، پێش كۆتاییهاتنی وادەی دیاریكراو لەلایەن كۆمسیۆنەوە بۆ پەسەندكردن، پێشكەش بكرێت.
• پێویستە لیستەكانی پاڵێوراوان پێشكەش بە نووسینگەی هەڵبژاردنی هەرێم یان نووسینگەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی هەرێم بكرێن بەمەبەستی ووردبینیكردن.
• لەكاتی داواكردن بۆ وەرگرتنی فۆڕمی پاڵاوتن كە لە كۆمسیۆنەوە دەردەچێت، هاوپەیمانیی سیاسی پابەندە بە ئاشكراكردنی لایەنگیریی پاڵێوراوی هەر حزبێكی سیاسی لە حزبە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانی.
• پاڵێوراوی دەرەوەی سنووری ناوچەی هەڵبژاردن (بازنەی هەڵبژاردن)، بۆی نییە خۆی بۆ ناوچەی هەڵبژاردنەكە كاندید بكات، بەپێی كارتی نێشتەجێبوون یان پشتگیریی نیشتەجێبوون كە لەلایەن لایەنە پەیوەندارەكانەوە پەسەند كرابێت.
• هەرێمی كوردستان – عێراق لە چوار ناوچەی هەڵبژاردن (بازنەی هەڵبژاردن) پێكدێت و بریتین لە (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە)، سەبارەت بە كورسییە گشتییەكان.
• هەرێمی كوردستان – عێراق لە سێ ناوچەی هەڵبژاردن (بازنەی هەڵبژاردن) پێكدێت و بریتین لە (هەولێر، سلێمانی، دهۆك)، سەبارەت بە كورسیی پێكهاتەكان.
• پاڵێوراوی تاك كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە پەسەند نەكرابێت، مافی ئەوەی نییە بەشداریی لە هەڵبژاردندا بكات.
• پاڵێوراوی تاك بۆی هەیە تەنها لە یەك بازنە (ناوچە)ی هەڵبژاردن بەشداریی هەڵبژاردن بكات. لە ماوەی وەرگرتنی لیستەكانی پاڵێوراوان، بۆی هەیە بكشێتەوە و لەنێو لیستی حزب یان هاوپەیمانیدا خۆی كاندید بكات.
• پێویستە پاڵێوراوی تاك/ دوو كۆپی (ڕەسەن) لە پەڕاوی پاڵێوراو پێشكەش بكات كە بەڵێننامەی كەسی- ڕێساكانی ڕەفتار- فۆڕمی خوێندنەوە و نووسین ژمارە (15) و ( یەك بڕوانامەی ڕەسەنی خوێندن (ئەگەر هەبوو) و كۆپییەكی ڕەنگاوڕەنگ لە بڕوانامەی خوێندن) و بەڵگەنامەكانی ناساندن و كارتی بایۆمەتریی دەنگدەر، لەخۆ دەگرێت.
• پێویستە هاوپەیمانێتی وحزبە سیاسییەكان: دوو كۆپی (ڕەسەن) لە فۆڕمی پاڵێوراوان پێشكەش بكەن، هەروەها پەڕاوی پاڵێوراو كە ئەمانە لەخۆ دەگرێت ( بەڵێننامەی كەسی- ڕێساكانی ڕەفتار- فۆڕمی خوێندنەوە و نووسین) و یەك بڕوانامەی ڕەسەنی خوێندن (ئەگەر هەبوو)، یان هاوتاكەی (ڕەسەن) و ئاڕاستەی كۆمسیۆن كرابێت، هەروەها كۆپییەكی ڕەنگاوڕەنگ لە هەردووكیان، هەروەها بەڵگەنامەكانی ناساندن و كارتی بایۆمەتریی دەنگدەر.
• پێویستە سەرۆكی هاوپەیمانی و حزبی سیاسی، بەپێی فۆڕمی ئامادەكراو بۆ ئەم مەبەستە، ڕێگە بە نوێنەری رێپێدراوی خۆیان بدەن. ناكرێت یەك ڕێپێدراو بۆ دوو هاوپەیمانی یان دوو حزب پەسەند بكرێت.
سێیەم: میكانیزمی پێشكەشكردن:
1. نوێنەری ڕێپێدراو یان پاڵێوراوی تاك یان ڕێپێدراوەكەی هەڵدەستێت بە سەردانیكردنی نووسینگەی هەڵبژاردنی پارێزگا و ئەو بەڵگەنامانە پێشكەش دەكات كە ڕێپێدانەكەی دەسەلمێنێت (سەبارەت بە هاوپەیمانێتی و حزبەكان و لیستە تاكەكەسییەكان و پێكهاتەكان)، هەروەها پێشكەشكردنی ژمارەی كارتی نیشتمانی یان ژمارەی ناسنامەی باری شارستانی و ژمارەی ڕەگەزنامەی عێراقی، سەبارەت بە هاوپەیمانێتی و حزب و پاڵێوراوی تاك، بەمەبەستی دانانی هەژمارێك بۆ چوونەنێو سیستەم.
2. فەرمانبەری تایبەتمەندی كۆمسیۆن (هۆبەی حزبەكان و كاروباری پاڵێوراوان لە نووسینگەی هەڵبژاردنی پارێزگا) ئەم زانیارییانەی خوارەوە دەدات بە نوێنەری ڕێپێدراو یان پاڵێوراوی تاك:
• لینكی تایبەت بۆ چوونەنێو سیستەم.
• زانیارییەكانی هەژماری چوونەنێو سیستەمی تایبەت بە هاوپەیمانێتی و حزبە سیاسییەكان و پێكهاتەكان و پاڵێوراوی تاك.
3. لە ڕێگەی ئەو زانیارییانەی هەژمار، كە لە نووسینگەی هەڵبژاردنی پارێزگا وەریگرتووە، نوێنەری ڕێپێدراو دەچێتە نێو سیستەم بۆ پڕكردنەوەی ئەلیكترۆنیی داتاكانی فۆڕمی ڕێپێدان. دواتر كلیك لەسەر (ناردن و چاپكردن) دەكات بەمەبەستی ناردنی داتاكان بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی بۆ سێرڤەری ناوەندی لە نووسینگەی نیشتمانی، پاشان چاپكردنی فۆڕمەكە بەمەبەستی واژۆكردن و مۆركردنی لەلایەن سەرۆكی هاوپەیمانی یان حزب یان پاڵێوراوی تاك.
چوارەم: ماوە و شوێنی پێشكەشكردن:
1. پێویستە لیستی تاكەكەسی و ئەو هاوپەیمانی و حزبە سیاسیییانەی لەلایەن فەرمانگەی حزب و ڕێكخستنە سیاسییەكانی كۆمسیۆنەوە مۆڵەتیان پێدراوە، هەروەها (بەپێی یاسای حزبەكانی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە17 بۆ ساڵی 1993 تۆماركراون) لیستی پاڵێوراوان پێشكەش بە نووسینگەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمدا بكەن، لەو ماوەیەی كە كۆمسیۆن دیاریدەكات.
2- بەدرێژایی ڕۆژەكانی هەفتە و لە كاتی دەوامی فەرمیدا، لیستەكانی پالێوراوان وەردەگیرێن.
3- پێویستە هاوپەیمانییەكان و حزبە سیاسییەكان و پێكهاتەكان و لیستە تاكەكەسییەكان، پابەندی ئەو ماوە دیاریكراوەی سەرەوە بن. داواكارییەكان، پێش یان دوای كۆتاییهاتنی دەوامی فەرمی (پاش كاتژمێر 3ی ئێوارە) وەرناگیرێن، تا كۆتا ڕۆژ لە ماوەی دیاریكراو.
4- سەرۆكی هاوپەیمانی یان حزب بۆی هەیە لیستی پاڵێوراوان پێشكەش بكات، هەروەها دەكرێت كەسێك بكرێت بە ڕێپێدراو بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە، بەمەرجێك لیستەكان تەنها لەلایەن سەرۆكی هاوپەیمانی یان سەرۆكی حزب واژۆ بكرێن. لەحاڵەتێكدا ئەگەر زیاتر لە لیستێك پێشكەش كران، ئەوا كۆتا لیست كە لەلایەن هاوپەیمانی یان حزب پێشكەش كراوە، پەسەند دەكرێت.
5- لە حاڵەتی كشانەوەی یەكێك لە حزبە سیاسییەكان لە هاوپەیمانێتی سیاسی، پێش كۆتاییهاتنی ماوەی پێشكەشكردنی لیستی پاڵیوراوان، پێویستە هاوپەیمانێتی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی كاروباری حزب و ڕێكخستنە سیاسییەكان ئاگادار بكاتەوە، پاشان لیستێكی نوێی پاڵێوراوان پێشكەش بكات. هیچ حزبێك بۆی نییە پاش كۆتاییهاتنی ماوەی پێشكەشكردنی لیستی پاڵێوراوان لە هاوپەیمانێتی بكشێتەوە.
پێنجەم: هاوپەیمانی یان حزبی سیاسی یان پاڵێوراوانی پێكهاتەكان یان پاڵێوراوی تاك، پابەندە بە پێشكەشكردنی ئەو بەڵگەنامانەی كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە داواكراون.
شەشەم: كۆمسیۆن بۆی هەیە پەسەندكرنی پاڵێوراوێك هەڵوەشێنێتەوە، ئەگەر سەلمێنرا كە سەرپێچی یەكێك لە مەرجەكانی پاڵاوتنی كردووە كە لە بەشی دووەمی ئەم ڕێنماییانەدا هاتوون، یاخود هەر سەرپێچییەك لەو ڕێنماییانەی كۆمسیۆن دەریدەكات.
حەوتەم: پارێزگا بە سنوورە ئێدارییەكانی ئێستایەوە، دەبێتە بازنە (ناوچە)یەكی هەڵبژاردن، بەمشێوەیە، هەرێم دەبێتە چوار ناوچەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان عێراق 2024 بەپێی یاسای هەڵبژاردن، هەروەها دەبێتە سێ بازنە (ناوچە)ی هەڵبژاردن سەبارەت بە پێكهاتەكان بەپێی بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بە ژمارە (355/ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن/2024) لە 20/5/2024.
بەشی چوارەم
گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان بۆ دڵنیابوون لە شایستەیی پاڵیوراوان
وەزارەتەكان و دامەزراوە پەیوەندارەكان:
لە ماوەی (15) رۆژ لە بەرواری ناردنی، لیكوڵینەوە لە پاڵێوراوان دەكرێت.
- ناوی پاڵێوراوان دەنێردرێن بۆ/ دەستەی دەستپاكی و وەزارەتی ناوخۆ (بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی تاوان) لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی، بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی هیچ دژبەرییەك لەگەڵ شایستەیی پاڵێوراو، بەپێی یاسا.
- لە حاڵەتی نەبوونی وەڵام لەلایەن لایەنەكانی لێكۆڵینەوە، لیستەكان بە شیاو دادەنرێن بۆ پەسەندكردنیان لەلایەن كۆمسیۆنەوە.
بەشی پێنجەم
لیستی كۆتایی پاڵێوراوان
لیستی كۆتایی پاڵێوراوان و ئەرشیفكردن:
یەكەم: ڕێكخستنی ڕاپۆرتێكی تایبەت بە ناوی هاوپەیمانێتییەكان و حزبە سیاسییەكان و لیستی پێكهاتەكان و لیستە تاكەكەسییەكان، ئەوانەی كە لیستی پاڵێوراوانی خۆیان پێشكەش كردووە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا.
دووەم: لیستی پالێوراوان لە هاوپەیمانێتی و حزبە سیاسییەكان و پێكهاتەكان و لیستە تاكەكەسییەكان وەر دەگیرێت و لە نووسینگەی هەڵبژاردنی هەرێمی یان نووسینگەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی هەرێمدا ووردبینییان بۆ دەكرێت، بەپێی ئەو مەرجانەی لە یاسای هەڵبژاردن و ڕێنمایی و ڕێكارەكانی كۆمسیۆندا هاتوون.
سێیەم: دوای تەواوبوون لە داخڵكردنی داتای تایبەت بە پاڵێوراوان لە سیستەمی ئەلیكترۆنیدا و ووردبینیكردنیان لەگەڵ لیستە ڕەسەنەكان، لیستەكانی ناوی پاڵێوراوان، بەپێی بازنەی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێن.
چوارەم: لەبارەی زانیارییە پێویستەكان بۆ پسووڵەی دەنگدان، هەماهەنگی لەگەڵ هۆبەی دیزاین لە فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندی جەماوەری دەكرێت. وە ئامادەكردنی لیستێك لە داتای پێویست بەمەبەستی دیزایینكردنی پسووڵەی دەنگدان.
پێنجەم: دەستدەكرێت بە ئامادەكردن و ڕێكخستنی تیروپشكی ژمارەكان (هاوپەیمانێتییەكان و حزبە سیاسییەكان و پێكهاتەكان و لیستە تاكەكەسییەكان)، لە شوێنێك كە دواتر لەلایەن ئەنجوومەنی كۆمسیارانەوە دەستنیشان دەكرێت.
شەشەم: پێویستە لەسەر هۆبەی دیزاینەكان، پسووڵەی دەنگدان بنێرێت بۆ هۆبەی كاروباری پاڵێوراوان و فەرمانگەی كاروباری حزب و ڕێكخستنە سیاسییەكان، بۆ دڵنیابوون لە درۆستی گشت ئەو زانیارییانەی تێیدا هاتوون، دواتر بەرزی بكاتەوە بۆ بەڕێوەبردنی باڵا (الادارة العلیا) بەمەبەستی پەسەندكردنی.
حەوتەم: دوای تەواوكردنی پرۆسەی ووردبینی و دڵنیابوون لە شایستەیی پاڵێوراوان، لیستەكانی پاڵێوراوان لەلایەن ئەنجوومەنی كۆمسیارانەوە پەسەند دەكرێن، بەپێی خشتەی كات كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە ئامادە دەكرێت.
بەشی شەشەم
ماف و پابەندییەكانی هاوپەیمانی و حزبی سیاسی و پێكهاتەكان و پاڵێوراوی تاك
یەكەم: مافەكانی هاوپەیمانی و حزبی سیاسی و پێكهاتەكان و پاڵێوراوی تاك:
1. هاوپەیمانی و حزبە سیاسییەكان و تاكەكەسەكان مافی پێشكەشكردنی لیستی پاڵێوراوانیان هەیە بۆ بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان-عێراق 2024.
2. حزبی سیاسی مافی كشانەوەی لە هاوپەیمانێتی هەیە پێش كۆتاییهاتنی ماوەی پێشكەشكردنی لیستی پاڵێوراوان. پاش كشانەوە، هاوپەیمانێتی مافی ئەوەی هەیە لیستی نوێی پاڵێوراوان پێشكەش بكات.
3. ئەو حزبە سیاسییەی لە هاوپەیمانێتی كشاوەتەوە، مافی پێشكەشكردنی لیستێكی نوێی پاڵێوراوانی هەیە لە چوارچێوەی ئەو وادەیەی كە كۆمسیۆن دیاریكردووە.
4. كۆمسیۆن (تێچووی بەشداریكردن) لەو هاوپەیمانێتییە وەردەگرێت كە بەشداریی هەڵبژاردن دەكات، ئەمەش لەڕێگەی چەكێكی پەسەندكراو بۆ سەر هەژماری كۆمسیۆن كە بڕەكەی (10000000) دە ملیۆن دیناری عێراقییە و بۆ حزب (5000000) پێنج ملیۆن دیناری عێراقییە، وە بۆ لیستی تاكەكەسی (پاڵێوراوی تاك) تێچووی بەشداریكردنی (1000000) یەك ملیۆن دیناری عێراقییە. ئەم بڕە پارانە ناگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەكانیان و دەبن بە داهاتێكی كۆتایی بە خەزێنەی دەوڵەت.
5. ئەگەر پاڵێوراو ئەندامی حزبێك بێت و سەرپێچییەكی هەڵبژاردنی ئەنجامدا، سەرۆكی حزب ئەو پێبژاردنە لە ئەستۆ دەگرێ كە دەكەوێتە سەر پاڵێوراوەكە. بەڵام ئەگەر پاڵێوراو سەربەخۆ بوو لە چوارچێوەی لیستی هاوپەیمانی یان حزبدا، ئەوا پاڵێوراوەكە خۆی بڕی پێبژاردنەكە لە ئەستۆ دەگرێت.
6. كۆمسیۆن تێچووی دڵنیابوون لە شیاویی پاڵێوراوەكان لە هاوپەیمانێتییەكان و حزبەكان و پێكهاتەكان و تاكەكان وەردەگرێت، بۆ ئەوەی بیدات بە لایەنە تایبەتمەندەكانی لێكۆلینەوە و تێچووەكەش لەلایەن لایەنە تایبەتمەندەكانی لێكوڵینەوە دیاری دەكرێت.
7. بڕی تێچوو كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی تاوان لە حكوومەتی فیدڕاڵی وەردەگیرێت بریتییە لە (250000) دووسەد و پەنجا هەزار دیناری عێراقی بۆ هەر پاڵێوراوێك.
8. بڕی تێچووی لێكوڵینەوە كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی تاوان لە هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت بریتییە لە (60000) شەست هەزار دیناری عێراقی بۆ هەر پاڵێوراوێك. لەلایەن پاڵێوراوەوە دەدرێت بە وەزارەتی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان. پێویستە پسووڵەی وەرگرتن هاوپێچ بكرێت لەگەڵ فایلی پاڵێوراو.
9. بڕە پارەی تێچووی لێكوڵینەوە لە شیاویی پاڵێوراو، بەپێی چەكی پەسەندكراو دەبێت بۆ سەر هەژماری كۆمسیۆن لە یەكێك لە بانكە حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان.
10. لە كاتی كۆتاییهاتنی ماوەی دیاریكراو بۆ پێشكەشكردنی لیستی پاڵێوراوان، ڕێگە بە كشانەوە لە ڕكابەریی هەڵبژاردن یان گۆڕینی لیستی پاڵێوراوان یان هەمواركردنەوەی نادرێت. تەنها لەو حاڵەتە نەبێت كە كۆمسیۆن داوا لە هاوپەیمانی یان حزبی سیاسی بكات لیستەكە بگۆڕێت یان هەمواری بكاتەوە بەمەبەستی تەواوكردنی مەرجە یاساییەكان بۆ لیستەكە.
11. تەنها سەرۆكی هاوپەیمانی یان حزب بۆی هەیە داوای كۆپییەكی بەراییەكانی پاڵێوراوان (اولیات المرشحین)ی ناو حزبەكەی بكات، بەمەرجێك ڕەزامەندی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان وەربگرێت.
12. پاڵێوراو مافی ئەوەی هەیە داوای كۆپییەك لە بەراییەكان (اولیات)ی خۆی لەناو حزبەكەی بكات، بەمەرجێك ڕەزامەندی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان وەربگرێت.
13. ئەگەر كۆمسیۆن ناوی تاكەكەسیی لەناو لیستەكانی پاڵاوتندا ڕەتكردەوە بەهۆی ناشایستەیییان، ناوە ناشایستەكان لە لیستی پاڵێوراواندا دەسڕێتەوە و هاوپەیمانی یان حزب ئاگادار دەكرێتەوە بۆ گۆڕینیان. ئەگەر لە ماوەی یاساییدا لیستەكە هەموار نەكرێتەوە، ئەوا باقی لیستەكە بە شیاو دادەنرێت ئەگەر مەرجی یاسایی تێدا بێت.
14. ئەگەر ژمارەی پاڵێوراوان لە دووئەوەندی ژمارەی كورسیی تەرخانكراو بۆ بازنە (ناوچە)ی هەڵبژاردن زیاتر بوو، كۆمسیۆن مافی لابردنی ڕیزبەندیی كۆتایی لیستەكەی هەیە، بەمەرجێك لیستی كۆتایی مەرجەكانی پێشكەشكردنی تێدا بێت.
15. هەر پاڵێوراوێك لەناو لیستی پێكهاتەكاندا، ژمارەی تیرۆپشكی تایبەت بەخۆی بەدەست دێنێت، لەگەڵ دەركەوتنی ناوی چواریی خۆی نەك ناوی لیست لەسەر پسووڵەی دەنگدان، هەروەها ڕەنگە لۆگۆی لیست لەسەر پسووڵەی دەنگدان بۆ هەر پاڵێوراوێك دەربكەوێت.
16. كۆمسیۆن، سكاڵای تایبەت بە قۆناغی تۆماركردنی پاڵێوراوان، بەپێی ئەو ڕێكارانەی پیادە دەكرێن و لەڕێگەی نووسینگەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكانی هەرێمدا، وەردەگرێت.
17. ئاگاداركردنەوەكانی تایبەت بە پاڵیوراوان لە ڕێگەی ئیمەیلی فەرمی (پۆستی ئەلیكترۆنی) یان پەیوەندیكردن بە ژمارەی مۆبایلەكان یان كورتەنامە (SMS)ی تایبەت بە پاڵێوراوانی هاوپەیمانی یان حزب یان پێكهاتە یان پاڵێوراوی تاك، بە ئاگاداركردنەوەی فەرمی دادەنرێن.
18- ڕێگە بە پاڵێوراو نادرێت لە زیاتر لە لیستێك یان بازنەیەك (ناوچەیەك)ی هەڵبژاردندا خۆی كاندید بكات. بەپێچەوانەی ئەمە، كۆمسیۆن بۆی هەیە ناوی لە هەردوو لیستەكە بسڕێتەوە و بەپێی حوكمەكانی یاسا، ڕێكاری یاسایی بەرامبەری بگرێتەبەر.
19. سەبارەت بە (هاوپەیمانێتییەكان و حزبە سیاسییەكان)، پێویستە ژمارەی پاڵێوراوان لەناو لیستدا زیاتر نەبێت لە دووئەوەندەی ژمارەی كورسیی تەرخانكراو بۆ بازنە (ناوچە)ی هەڵبژاردن و لە دوو پاڵێوراویش كەمتر نەبێت.
20- هاوپەیمانێتییەكان و حزبە سیاسییەكان (بەدەر لە پاڵێوراوی تاك و پێكهاتە) مافی ئەوەیان هەیە چەند كۆپییەك لە فۆڕمی ژمارە (13) بەكار بهێنن كە بگونجێت لەگەڵ ژمارەی ئەو پاڵێوراوانەی لەلایەن ئەوانەوە پێشكەش دەكرێن. پێویستە ئەو زانیارییانەی هاتوون بخرێنە ناو گشت كۆپییەك لەو فۆڕمانە.
21. پێویستە هاوپەیمانێتییەكان و حزبە سیاسییەكان، دەستەبەری ڕێژەی نوێنەرایەتی ئافرەتان بكەن كە لە 30%ی لیستی پاڵێوراوان كەمتر نەبێت، ( ئەگەر ژمارەی پاڵێوراوان لە لیستدا بیست پاڵێوراو بوون، ئەوا پێویستە ژمارەی پاڵێوراوانی ئافرەت بەلانی كەم شەش ئافرەت بن. ئەگەر ژمارەی پاڵێوراوان (17) كەس بوون، پێویستە ژمارەی ئافرەتان بەلانی كەم پێنج ئافرەت بن، ئەمەش بەرزترین ئاستی 30%ە. سەبارەت بە باقی ژمارە تاكەكان، بەمشێوەیە دەبێت.
22. لیستە تاكەكەسییەكان و لیستەكانی پێكهاتەكان بەدەر دەكرێن (استثنی) لە بڕگەی (21).
23. بەدرێژایی ماوەی دیاریكراو لەلایەن كۆمسیۆنەوە بۆ پێشكەشكردنی لیستی پاڵێوراوان، هاوپەیمانێتییەكان و حزبە سیاسییەكان بۆیان هەیە لیستی پاڵێوراوان هەموار بكەنەوە یان بیگۆڕن یان بیكێشنەوە، ناكرێت پاش كۆتاییهاتنی ئەو ماوەیە، ئەو كارە ئەنجام بدەن، مەگەر كۆمسیۆن ئەو داوایە بكات بەمەبەستی ئەوەی لیستەكە تەواو بكات، ئەمەش پێش كۆتاییهاتنی ماوەی زیادكراو كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە دەبەخشرێت و دیاریكراوە بۆ گۆڕانكارییەكان، بەمەبەستی پەسەندكردنیان.
24. لە كاتی پێشكەشكردندا، هاوپەیمانی پابەندە بە ئاشكراكردنی ئەو لایەنەی پاڵێوراوەكەی لەناو لیستی پاڵێوراواندا داناوە بۆ هەر حزبێكی پێكهێنەری هاوپەیمانێتییەكە.
25. پاڵێوراوی پێكهاتە پابەندە بە ئاشكراكردنی جۆری كورسی لە لیستی پاڵاوتندا.
دووەم: ڕێكارەكانی پێشكەشكردن لەم ڕێگایانەوە دەبێت:
1- فۆڕمی نوێنەری ڕێپێدراو ژمارە (11):- نمونەیەكە، لەلایەن كۆمسیۆنەوە ئامادەكراوە بۆ داواكاریی پەسەندكردنی نوێنەری ڕێپێدراوی هاوپەیمانی یان حزبی سیاسی یان پاڵێوراوی تاك، ئەم بڕگانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
أ. ( ناوی سەرۆكی هاوپەیمانی یان حزبی سیاسی یان پاڵێوراوی تاك - ناوی هاوپەیمانی یان حزبی سیاسی یان پاڵێوراوی تاك - ناوی چواریی ڕێپێدراو – نووسینگەی هەڵبژاردن – ژمارەی دەنگدەر (رقم الناخب) (ئەگەر هەبوو) – ناوی چواریی و ناسناوی رێپێدراو – شوێن و بەرواری لەدایكبوون – ژمارە و بەرواری كارتی نیشتمانی یان ناسنامەی باری شارستانی – ناونیشانی نیشتەجێبوون – مۆبایل و ئیمەیلی رێپێدراو).
ب. دەسەڵاتە دراوەكان بە نوێنەری ڕێپێدرا و كە لە فۆڕمی ڕێپێداندا هاتوون، كە لەلایەن سەرۆكی هاوپەیمانی یان حزبی سیاسی یان پاڵێوراوی تاك واژۆ كراوە.
ج. ( ناوی ڕێپێدراو و بەروار و واژۆ - ناوی سەرۆكی هاوپەیمانی یان حزبی سیاسی یان پاڵێوراوی تاك و بەروار و واژۆ).
د. جۆری كورسی (گشتی، مەسیحی، توركمان).
2- فۆڕمی بەڵێننامەی كەسی ژمارە (12):-
دانپێدانانێكە لەلایەن پاڵێوراوەوە لەبارەی فەراهەمبوونی مەرجەكانی خۆپاڵاوتن تێیدا، وێنەیەكی كەسیی خۆی پێیەوە دەلكێنێ ( وێنەیەكی نوێ كە پشتەوەی سپی بێت) و بەپێی ئەو نمونەیە بێت كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە ئامادە كراوە، ئەم بەڵێننامەیە ئەو زانیارییانە لەخۆ دەگرێت:
أ. ]ژمارەی دەنگدەر – ناوی چواریی و ناسناو – ناوی سیانیی دایك و ناسناوی – شوێن و بەرواری لەدایكبوون – شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی – مۆبایل و ئیمەیلی پاڵێوراو – بڕوانامەی خوێندن یان پشتگیریی خوێندنەوە و نووسین – ژمارەی بەڵگەنامەی دەرچوون و بەرواری دەرچوون و ئەو لایەنەی دەری كردووە (ئەگەر هەبێت) – ژمارە و بەرواری ڕەگەزنامەی عێراقی و ناسنامەی باری شارستانی یان كارتی نیشتمانی– جۆری كورسی (گشتی، مەسیحی، توركمان) – ناوی هاوپەیمانی یان حزبی سیاسی – ڕیزبەندیی پاڵێوراو لەناو لیستی پاڵێوراواندا – لایەنی پاڵاوتن (ئەگەر پاڵێوراو لەناو هاوپەیمانی سیاسیدا بوو) – بازنە (ناوچە)ی هەڵبژاردن كە لێیەوە خۆی پاڵاوتووە – ناوی پاڵێوراو و واژۆ و بەروا[.
ب. تێچووی بەشداریكردن و دڵنیابوونەوە لە شیاوی پاڵێوراو.
ج. پاڵێوراو بەڵێننامە دەدات لەبارەی فەراهەمبوونی گشت مەرجەكان تێیدا و پابەندبوونی بە ڕێساكانی ڕەفتار كە واژۆی لەسەر كردووە، هەروەها خۆی لەناو هیچ لیستێك یان بازنەیەكی دیكەی هەڵبژاردن نەپاڵێوێت.
د. پاڵێوراو بەڵێننامە بدات لەبارەی پابەندبوونی بە ڕێساكان و بنەماكانی بانگەشەی هەڵبژاردن كە لە یاسای هەڵبژاردندا هاتوون.
ھ. واژۆی سەرۆكی هاوپەیمانی یان حزب یان نوێنەری رێپێدراو، مۆری حزب و ناو و واژۆی پاڵێوراو.
و. سەرۆكی هاوپەیمانی یان نوێنەری ڕێپێدراو یان پاڵێوراوی پێكهاتە یان پاڵێوراوی تاك بەڵێن دەدات لەبارەی درۆستیی واژۆیەكەی و پەنجەمۆری پەنجەی گەورەی پاڵێوراو. بەپێچەوانەوە، بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵدەگرێت.
3- فۆرمی ژمارە (13): لیستی پاڵێوراوان:-
نمونەیەكە، لەلایەن كۆمسیۆنەوە ئامادەكراوە بۆ داوای پەسەندكردنی پاڵێوراوان، ئەم بڕگانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
أ. ناوی هاوپەیمانی و ناوی سەرۆكی هاوپەیمانی یان حزبی سیاسی و ئامرازەكانی پەیوەندیپێكردن.
ب. جۆری كورسی (گشتی، مەسیحی، توركمان).
ج. بڕەپارەی تێچووی لێكۆڵینەوە لە شیاویی پاڵاوتن و تێچووی بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا.
د. ژمارە و بەرواری مۆڵەتی هاوپەیمانی یان حزبی سیاسی كە لە فەرمانگەی كاروباری حزب و ڕێكخستنە سیاسییەكان تۆماركراوە، هەروەها لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە.
ھ . ناوی چواریی پاڵێوراو و لایەنی پاڵاوتن.
و. ڕەگەزی پاڵێوراو.
ز. پەنجەمۆری پەنجەی گەورەی چەپی سەرۆكی هاوپەیمانی یان حزبی سیاسی یان نوێنەری ڕێپێدراو.
ح. پێویستە فۆڕمی ژمارە (13) پاش پڕكردنەوەی گشت زانیارییەكانی ناوی، بە چاپكراوی پێشكەش بكرێت. پێویستە هیچ داخورانێك یان سڕینەوەیەك لە فۆڕمەكەدا نەبێت و لە ماوەی دیاریكراو لەلایەن كۆمسیۆنەوە، پێشكەش بكرێت.
4- فۆرمی ژمارە (14):- نمونەیەكە، لەلایەن كۆمسیۆنەوە ئامادەكراوە، پاڵێوراو بەڵێن دەدات كە پابەندی رێساكانی ڕەفتار بێت و سەرپێچی بەندەكانی نەكات. ئەمانە لەخۆ دەگرێت:
أ. ناوی چواریی پاڵێوراو و بەروار و واژۆی.
ب. پەنجەمۆری پەنجە گەورەی چەپی پاڵێوراو.
5- فۆڕمی ژمارە (15) دڵنیابوون لە (خوێندنەوە و نووسین) بە دەستخەتی پاڵێوراو پڕ دەكرێتەوە و ئەمانە لەخۆ دەگرێت:
ناوی پاڵێوراو و واژۆی پاڵێوراو و بەروار، هەروەها پڕكردنەوەی خانەی تایبەت بە خوێندنەوە و نووسین.
6- فۆڕمی ژمارە (16):-
پسووڵەی وەرگرتنی بەرایییەكانی پاڵێوراوان بۆ لیستە تاكەكەسییەكان (پاڵێوراوانی تاك)، ئەمانە لەخۆ دەگرێت:-
أ. كات و بەرواری پێشكەشكردن و ناوی پاڕێزگا.
ب. ناوی تەواوی پاڵێوراوی تاك، وەك ئەوەی خۆی دەیەوێت لەسەر پسووڵەی دەنگدان دەر بكەوێت.
ج. فۆڕمی بەڵێننامەی كەسی بۆ پاڵێوراو.
د. ڕێساكانی ڕەفتار و كۆپییەكی ئەلیكترۆنی و كاغەزیی لە دروشم (ئەگەر هەبوو).
ھ. بڕی تێچووی لێكوڵینەوە و تێچووی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن.
و. بەڵێننامەی كەسیی پاڵێوراوی تاك و بەڵگەنامەی خوێندن ئەگەر هەبوو، لەگەڵ بەڵگەنامەكانی سەلماندن.
ز. ناوی پاڵێوراوی تاك یان نوێنەری ڕێپێدراو و واژۆیەكەی، ناو و واژۆی فەرمانبەری تایبەتمەند و بەروار (لەلایەن ئەو فەرمانبەرەوە پڕدەكرێتەوە كە كۆپیی فۆڕمەكەی ڕێكخستووە).
ح. كۆپییەك لە ڕێساكانی ڕەفتار.
7- فۆڕمی ژمارە (17):
پسووڵەی وەرگرتنی لیستی پاڵێوراوان (هاوپەیمانی یان حزب):
نموونەیەكە، لەلایەن كۆمسیۆنەوە ئامادەكراوە وەك پسووڵەیەك بۆ وەرگرتنی لیستی پاڵێوراوان. پاش وەرگرتنی لیستی پاڵێوراوان، فۆڕمی ژمارە (13) و بەڵێننامە كەسییەكان و هاوپێچەكان، فەرمانبەری وەرگرتن هەڵدەستێت بە ڕێكخستنی دوو كۆپیی لەم فۆڕمە. پاش واژۆكردنی لەلایەن هەردوو لایەن (فەرمانبەری وەرگرتن و نوێنەری ڕێپێدراو)، یەكێكیان ڕادەستی سەرۆكی حزب یان نوێنەری ڕێپێدراو دەكات. فۆڕمەكە ئەم زانیارییانە لەخۆ دەگرێت:
أ. كات و بەرواری پێشكەشكردن.
ب. ناوی تەواوی هاوپەیمانی یان حزبی سیاسی.
ج. بەڵگەنامەكانی دەرچوون، ژمارەی كۆپییەكان (ئەگەر هەبوو).
د. بەڵێننامە كەسییەكانی تایبەت بە پاڵێوراوان، ژمارەی لاپەڕەكان.
ھ. چەكی تێچووی لێكۆڵینەوە و تێچووی بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا.
و. فۆڕمی ژمارە (13)، لیستی پاڵێوراوانی بازنە (ناوچە)ی هەڵبژاردن.
ز. ناوی ئەو پارێزگایەی كە هاوپەیمانی یان حزبی سیاسی لیستی پاڵێوراوانی تێدا پێشكەش كردووە.
ح. ناوی سەرۆكی هاوپەیمانی/ حزب یان نوێنەری ڕێپێدراو، لەگەڵ بەروار و واژۆیەكەی.
ط. ناوی فەرمانبەری وەرگرتن و واژۆیەكەی و بەروار (لەلایەن ئەو فەرمانبەرەوە پڕدەكرێتەوە كە كۆپیی فۆڕمەكەی ڕێكخستووە).
ي. كۆپییەك لە ڕێساكانی ڕەفتار.
تێبینی:- پێویستە ئەو بەڵگەنامە و سەلماندنانەی خوارەوە كە تایبەتن بە هەر پاڵێوراوێك، هاوپێچ بكرێن، بۆ دڵنیابوون لە مەرجەكانی پاڵاوتن:
• كۆپییەكی ڕەنگاوڕەنگ لە ناسنامەی باری شارستانی و ڕەگەزنامەی عێراقی یان (كۆپییەكی ڕەنگاوڕەنگ لە كارتی نیشتمانیی پاڵێوراو).
• كۆپییەكی ڕەنگاوڕەنگ لە كارتی بایۆمەتریی دریژخایەنی پاڵێوراو.
• بەڵگەنامەی ڕەسەنی دەرچوون یان پشتگیری دەرچوون كە ئاڕاستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرابێت و لەلایەن لایەنی دەرخەر مۆر كرابێت، یاخود نووسراوی هاوتاكردنی كۆتایی (ڕەسەن) بۆ بەڵگەنامەی خوێندن كە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا یان وەزارەتی پەروەردە دەرچوو بێت سەبارەت بە دەرچووانی زانكۆ و قۆتابخانە ناعێڕاقییەكان كە ئاڕاستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرابێت و هاوپێچ بكرێت لەگەڵ بەڵگەنامەی پێشكەشكراو (ئەگەر هەبێت).
• كۆپییەك لە ڕێساكانی ڕەفتار كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە ئامادە كرابێت و لەلایەن پاڵێوراوەوە واژۆ كرابێت، لەگەڵ پەنجەمۆری پەنجەگەورەی چەپی.
• پێویستە هاوپەیمانی و حزبی سیاسی و لیستە تاكەكەسییەكان (پاڵێوراوانی تاك) ئەم زانیارییانەی سەرەوەی گشت فۆڕمەكان بەشێوەیەكی وورد و ڕوون پڕ بكەنەوە و چاپی بكەن.
ئەم ڕێنمایییانە، لەلایەن ئەنجوومەنی كۆمسیارانەوە لە بەرواری 6/3/2024 پەسەند كراون.


 Download