کۆمیسیۆن: هەفتەی داهاتوو خشتەی کارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رادەگەیێنین

کۆمیسیۆن: هەفتەی داهاتوو خشتەی کارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رادەگەیێنین

سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو خشتەی کاری تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاودەکەنەوە، کە وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و بەربژێرەکانیشی تێدایە، دەشڵێت: "ئەگەری هەیە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیش درێژ بکرێتەوە."
رۆژی دووشەممە، 7-08-2023 عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لەبارەی ئامادەکارییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمیسیۆن پێش دەرچوونی مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئامادەکارییەکانی دەستپێکردبوو، بەڵام دوای مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کارەکانمان چڕدەبێتەوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو خشتەی کارەکانمان بۆ دەستپێکردنی هەنگاوە کردەییەکان رابگەیێنین."
عیماد جەمیل گوتی: "کردنەوەی دەرگای تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان و تۆمارکردنی بەربژێرەکان و رەفتارەکانی هەڵبژاردن و بانگەشە و چەندین کاری دیکە لەنێو خشتەکانمان بەپێی کات و وادەکان و وردەکارییەکانییانەوە دیاریدەکرێن."
گوتیشی: لەماوەکانی داهاتوودا دەست بە ئامادەکردنی بنکەکانی دەنگدان و ئامادەکردنی پێداویستی و کەرەستەکانی دەنگدان و رێکخستنی کۆگاکان و چەندین کاری دیکە بۆ بەڕێوەچوونی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، باسی لەوەشکرد کە ماوەی چەند رۆژێک دەبێت هەنگاوەکانیان بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و بایۆمەتری دەستپێکردووە و بەردەوام دەبێت و گوتی: "نزیکەی 80 هەزار کەس لەو ماوەیەدا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە کە ئەوە ژمارەیەکی زۆر باشە و چاوەڕوانین زیاتریش ببێت."
26ى تەممووز، شاندێکی باڵای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەرنامەی زنجیرەیەک سەردانیان بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە، 03-08-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی 09-10-2022 پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی 2023 درێژکردەوە، رۆژی 30-05-2023 دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەر شتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لەڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە."