کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەڵامی سەرۆکی هەرێم دەداتەوە
گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: گفتوگۆیان لەسەر نووسراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد: کۆمسیۆن بڕیاریداوە، کە ئیدارەی هەڵبژاردنەکان رابسپێرێت بۆ ئامادەکردنی خشتەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بەکوردستان24ی راگەیاند: ئەمرۆ لە سەرۆکایەتی دیوان، لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە، گفتوگۆ لەسەر نووسراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرا.
گوتیشی: دوای وردبوونەوە لە نێوان ئەندامانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ئەنجومەنی کۆمسیۆن بڕیاری دا، کە ئیدارەی هەڵبژاردنەکان رابسپێرێت بۆ ئامادەکردنی خشتەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە مەرسومی هەرێمی بۆ دەرچووە لە 25 شوباتی 2024 بەڕێوەبچێت، بۆ ئەمەش کۆمسیۆن دواتر ئاماژە بەکاتی پرۆسەکە دەکات.
رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا ڕۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکرد: دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە و بە ڕاوێژ لەگەڵ هەموو لایەنەکان، ڕێککەوتوون لەسەر دیاریکردنی ئەو ڕۆژە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەبارەی کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دڵشاد شەهاب، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: ئەوان دڵنیاییان وەرگرتووە لەوەی کە ماوەی کارکردنی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان درێژ دەکرێتەوە کە لە (7ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆتاییدێت، بەڵام بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تەواوکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانەوە تا پەسەندکردنی دانانی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە هەندێک لە ڕێکارەکان پێویستی بە 90 ڕۆژە.