نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگێکی دیکە درێژکرایەوە

نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگێکی دیکە درێژکرایەوە

وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگێکی دیکە درێژکرایەوە. لە سنووری پارێزگای دهۆک زۆرترین ژمارەی کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدەران دەرکراوە و لە سنووری هەولێریش سەدا 70ـی دەنگدەران خاوەن کارتی بایۆمەترین. ئەمە بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی ئابی 2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ بە نووسراوی فەرمی هەرسێ لقی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکی کۆمیسیۆنەکەیان لە درێژکردنەوەی وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ 12ـی ئەیلوولی داهاتوو ئاگادارکردووەتەوە.
مەبەست لە درێژکردنەوەی وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران وەکو ئەوەی جومانە غەلای باسی کرد، بۆ ئەوە بوو زۆرترین هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکەن و زۆرترین کارتی بایۆمەتری بۆ ئەو کەسانە بکرێت، کە مافی دەنگدانیان هەیە. گوتیشی، زۆرترین ئاسانکاری لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بۆ دەنگدەران کراوە، بۆ ئەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکە بکەن.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، درێژکردنەوەی وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران تەنها پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، چونکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان لە پێشە، بەڵام وادەکە دوێنێ شەممە لە پارێزگاکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کۆتایی هاتووە و درێژناکرێتەوە.
هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بڕیارە لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە سەرپەرشتیی بکرێت و بەڕێوەبچێت. رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25ـی شوباتی 2024، وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.