کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ئێران: 35 هەزار و 613 کەس خۆیان بۆ بەربژێری پەرلەمانتاری تۆمارکردووە

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ئێران: 35 هەزار و 613 کەس خۆیان بۆ بەربژێری پەرلەمانتاری تۆمارکردووە

موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند: تاوەکو ئێوارەی رۆژی شەممە، 35 هەزار و 613 کەس بۆ بەربژێری پەرلەمان، ناویان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنی خولی دوازدەیەمینی پەرلەمانی ئێران.
بەگوێرەی گوتەکانی موحسین ئیسلامیی، 37٪ـی ئەوانەی خۆیان بەربژێرکردووە، تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 40 ساڵە، 36٪ـیان 50 بۆ 60 ساڵ و 5٪ـیشیان تەمەنیان لەنێوان 60-75 ساڵدایە.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران لەبارەی بڕوانامەی بەربژێرەکانەوە، ئاشکرایکرد؛ 71٪ـیان ماستەریان هەیە، 15٪ـیان کتۆرا و 11٪ خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسن، هەروەها 03٪ـیان بڕوانامەکەیان لەخوار بەکالۆریۆسە.
بەگوێرەی گوتەکانی موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران، لەو 35 هەزار و 613 کەسەی خۆیان تۆمارکردووە، 400 کەسیان ئەزموونی پەرلەمانتارییان هەیە و، لە خولەکانی 9، 10 یان 11 ئەندام بوون. بەگشتیش 227 کەس لەوانە لەم خولەی پەرلەماندا، ئەندامن.
وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە رۆژی 7ـی ئاب تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکانی دەستپێکرد و، کاژێر 18:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دوا وادەی ناو تۆمارکردنە بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، کە رۆژی 1ـی ئاداری 2024 بەڕێوەدەچێت.
مەرجەکانی بەربژێربوون
ئەو کەسانەی لە ئێران خۆیان بۆ پەرلەمان بەربژێر دەکەن، دەبێت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و شوورای چاودێرییەوە پەسند بکرێن و حەوت مەرج دیاریکراوە بۆ بەربژێربوونی پەرلەمانی ئێران کە بریتین لە:
- بەربژێر لەڕووی بینایی، بیستن و قسەکردنەوە تەندروست بێت.
- دۆسیەی لە دادگە نەبێت و پێشتر سزای یاسایی نەدرابێت.
- ناو و ناوبانگی لەو شوێنەی خۆی لێی بەربژێر کردووە، خراپ نەبێت.
- لانیکەم تەمەنی 30 ساڵ بێت.
- لانیکەم بڕوانامەی دیپلۆمی هەبێت و "کەسانێکیش کە زیاتر لە پێنج ساڵ پێشینەی کارکردنیان هەبووبێت کە هاوشانی پلەی دیپلۆم بێت، بەپێی رێنمایی دەتوانن خۆیان بەربژێر بکەن".
- بڕوا و پابەندبوونی کرداریی بە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستوور هەبێت.
- بڕوا و پابەندبوونی کرداریی بە ئیسلام و ویلایەتی فەقهی هەبێت.
سه‌رچاوه‌: ڕووداو