کوردستان24 ئاماری تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە

کوردستان24 ئاماری تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 کەسە و ئاماری نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیشی ئاشکرا کرد.
رۆژی پێنجشەممە (17ـی ئابی 2023) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 کەسە و تا 16ـی ئەم مانگەش 147 هەزار و 983 دەنگدەریش زانیارییەکانی خۆیان لە تۆماری دەنگدەران نوێ کردووەتەوە.
جومانە غەلای لەبارەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران ڕایگەیاند تاوەکو 16ـی ئەم مانگە لە هەولێر 60 هەزار و 258 کەس و لە دهۆک 27 هەزار و 898 کەس و لە سلێمانی 59 هەزار و 827 کەس زانیارییەکانیان لە تۆماری دەنگدەران نوێ کردووەتەوە.
هاوکات جومانە غەلای ڕاشیگەیاند، 22 هەزار و 971 دەنگدەری نوێ هەن کە لە هەولێر هەشت هەزار و 877 کەس، لە دهۆک پێنج هەزار 507 کەس و لە سلێمانی هەشت هەزار و 587 کەس و لەدایکبووی ساڵی 2005ـن و یەکەمینجارە بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان دەکەن.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی کارتی دەنگدانی بایۆمەتری ڕایگەیاند، لە هەولێر 93 هەزار و 944 کارت، لە دهۆک 98 هەزار و 111 کارت، لە سلێمانی 108 هەزار و 637 کارتی بایۆمەتری بەسەر دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان دابەشکراون.
هاوکات گوتەبێژی کۆمیسیۆن لەبارەی دەنگدانی تایبەتیش ئاشکرایکرد، کە تەنیا لە نووسینگەی دهۆک دوو کەس خۆیان تۆمارکردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی یەکشەممە (13ـی ئابی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی تا (12ـی ئەیلوولی 2023) درێژکردەوە.
رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، ڕۆژی (25ـی شوباتی 2024) دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.
رۆژی (9ـی ئابی 2023) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی ئیدارەی هەڵبژاردنەکان بۆ ئامادەکردنی خشتەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەو وادەیەی لە مەرسوومی هەرێمیدا دیاریکراوە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت کە لە ساڵی 2013 هەموارکراوەتەوە و پەرلەمانی کوردستان لە سەد کورسی گشتی و 11 کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیانەکان پێکهاتووە.
شێوازی هەڵبژاردن بەپێی ئەو یاسایە بە دەنگدانی نهێنی ڕاستەوخۆ بەپێی سیستمی لیستی کراوەی سنووردار ئەنجام دەدرێت و هەر لیستێکی هەڵبژاردنیش نابێت ڕێژەی ئافرەتان لە کاندیدەکان لە 30% کەمتربێت و تەمەنی ڕێگەپێدراویش بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان 25 ساڵە.