کۆمسیۆن: ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن بەباشی بەڕێوەدەچن
جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان باش بەڕێوە دەچن و ئێستا دوو لە ئامادەکارییەکانمان بەردەوامن ئەوانیش پرۆسەی بایۆمەتری و کردنەوەی خولە بۆ کارمەندانمان لەسەر بەکارهێنانی ئامێرەکانی دەنگدان.
جێگری بەڕێوبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆتان شێرکۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پرۆسەی بایۆمەتری و دابەشکردنی کارتی دەنگدان بەردەوامە و بنکەکانیشمان کراوەن تەنانەت ڕۆژانی شەممە و هەینیش دەواممان هەیە تا وەکو بڕیاری ڕاگرتنی دێت، تا ئێستا ڕێژەیەکی باش تۆمارکراوە و لە قۆناغی تۆمار و گواستنەوە و ڕاستکردنەوە زیاتر لە 50 هەزار کەسمان تۆمار کردووە.
بۆتان شێرکۆ گوتیشی: ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردن بە قۆناغە، جارێ بایۆمەترییە، دواتر قۆناغی دیکەی بەدوادادێت و خول بۆ کارمەندانی خۆمان لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێرەکان کراوەتەوە و بەردەوامین لە کردنەوەی ئەو خولانە، ئەوەیان بۆ کارمەندانی بنکەکانی تۆمارە، بۆ ئەوەی بزانن چۆن بەکاری دێنن و چۆن دەنگدان کۆتایی پێدێنن.
بۆتان شێرکۆ باسی لەوەشکرد: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان باش خۆمان ئامادەکردووە، لە هەولێر بنکەی دەنگدان بۆ ئاوارەکان دەکرێتەوە و دەنگی خۆیان دەدەن، بۆیە بەردەوام کار دەکەین و ئامادەکاری خۆمان دەکەین، کارەکانیش بەباشی و بێ گرفت بەڕێوە دەچن.