هەفتەی داهاتوو خشتەی کاری کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنرێت

هەفتەی داهاتوو خشتەی کاری کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنرێت

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، خشتەی کار بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنێت و دەرگای تۆمارکردنی ناوی پارت و ھاوپەیمانێتییەکانیش ھەر لەو مانگەدا دەکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥ی شوباتی ساڵی داھاتووی وەک وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە. جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێ: ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەباشی بەڕێوەدەچن. ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت کە لە ساڵی ٢٠١٣ ھەموارکراوەتەوە و پەرلەمانی کوردستان لە سەد کورسی گشتی و یازدە کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەکانی تورکمان و کریستیانەکان پێکھاتووە. شێوازی ھەڵبژاردن بەپێی ئەو یاسایە بە دەنگدانی نھێنی ڕاستەوخۆ بەپێی سیستمی لیستی کراوەی سنووردار دەکرێت و ھەر لیستێکی ھەڵبژاردنیش نابێت ڕێژەی ئافرەتان لە کاندیدەکان لە ٣٠% کەمتربێت و تەمەنی ڕێگەپێدراویش بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ٢٥ ساڵە. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: بڕیار بوو ئەمڕۆ ٣ی ئەیلوول خشتەی کاری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕابگەیەنرێت، بەڵام بەھۆی چلەی ئیمام حوسێن، بۆ دەی ئەم مانگە دوا خرا. سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتیشی: قۆناغی کۆتایی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە دوو سەد ھەزار نوێکردنەوە و دواتر وردبینی دەکرێت، ھەر لەم مانگەدا کۆمیسیۆن دەرگای تۆمارکردنی ناوی پارت و ھاوپەیمانێتیەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکاتەوە. د. ھەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتی: حزبەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ دوو بەش پۆلێن دەکرێن، بەشێکیان ئەوانەن کە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لەلای ئێمەوە تۆمارکراون، بەشەکەی دیکەیان ئەوانەن کە لەلای ئێمە تۆمارنین. ئەوانەی لەلای ئێمە تۆمارکراون و وادەی بەستنی کۆنگرەیان بەسەرچووە، دەبێت ھەموویان کۆنگرە بکەن، چونکە بەپێی بڕیارە کارپێکراوەکانی ئێمە، نابێت ھیچ حزبێک کە لەلامان تۆمارکرابێت، کۆنگرەی نەبەستبێت یان بەسەرچووبێت. بۆتان شێرکۆ، جێگری بەڕێوبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتی: پرۆسەی بایۆمەتری و دابەشکردنی کارتی دەنگدان بەردەوامە و بنکەکانیشمان کراوەن تەنانەت ڕۆژانی شەممە و ھەینیش دەواممان ھەیە تا وەکو بڕیاری ڕاگرتنی دێت، تا ئێستە ڕێژەیەکی باش تۆمارکراوە و لە قۆناغی تۆمار و گواستنەوە و ڕاستکردنەوە زیاتر لە پەنجا ھەزار کەسمان تۆمار کردووە. بۆتان شێرکۆ، گوتیشی: ئامادەکاریەکانی ھەڵبژاردن بە قۆناغە، جارێ بایۆمەترییە، دواتر قۆناغی دیکەی بەدوادادێت و خول بۆ کارمەندانی خۆمان لەسەر چۆنیەتی بەکارھێنانی ئامێرەکان کراوەتەوە و بەردەوامین لە کردنەوەی ئەو خولانە، ئەوەیان بۆ کارمەندانی بنکەکانی تۆمارە، بۆ ئەوەی بزانن چۆن بەکاری دێنن و چۆن دەنگدان کۆتایی پێدێنن. وەکو یەکەم لایەنی سیاسیی، پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ ئه‌نجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیشاندا و بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ١٠٠ کاندیدی دەبێت و ٣٠%ی ئەو ژمارەیەش ئافرەت دەبن.