سەرۆکی کاتی گابۆن: دەستوورێکی نوێ دادەڕێژین و هەڵبژاردن ئەنجام دەدەین

سەرۆکی کاتی گابۆن: دەستوورێکی نوێ دادەڕێژین و هەڵبژاردن ئەنجام دەدەین

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی میدیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ژەنەڕاڵ نیگما جەختی لەوە کردەوە کە "دوای نووسینی دەستوور، سیستەمی هەڵبژاردن دادەمەزرێنین و دەستبەجێ دوای تەواوکردنی ڕەشنووسی یاسای هەڵبژاردن، هەڵبژاردن ئەنجام دەدەین".
سەرۆکی ئینتقالی گابۆن هەروەها لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە: "سەرۆکی لەکارلادراو، عەلی بۆنگۆ، لە هەڵبژاردنە ساختەکراوەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بۆ ئه‌وه‌ی وڵات تووشی شه‌ڕ و خوێنڕشتن نه‌بێت، ئەنجامەکان هەڵوەشێنرانەوە".
لە درێژەی پێشهاتەکانی کیشوەری ئەفریقا و بەردەوامی کودەتا سەربازییەکان لە بەشێک لە وڵاتانی ئەم کیشوەرە، چوارشەممەی ڕابردوو کۆمەڵێک سەربازی سوپای گابۆن لە تەلەفزیۆنی نیشتمانی ئەم وڵاتە دەرکەوتن و ڕایانگەیاند کە ئەنجامە ڕاگەیەندراوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری گابۆن لەم وڵاتەدا نادروستن و هەموو دامەزراوە حکومییەکان هەڵدەوەشێنەوە.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی گابۆن کە مشتومڕێكی زۆری لەسەرە، ڕۆژی شەممە بە ڕێوشوێنی توندی ئەمنی بەڕێوەچوو و چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند؛ کە عەلی بۆنگۆی تەمەن ٦٤ ساڵی گابۆن بە ٦٤%ی دەنگەکان لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دەبێتە سەرۆکی گابۆن بۆ جاری سێیەم.
ئۆپۆزسیۆن بۆنگۆی بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا تۆمەتبار کرد. میشێل ستیڤن بوندا، له‌ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنه‌كانی گابۆن ڕایگەیاند: ئەلبێرت ئۆندۆ ئۆسا ڕکابەری سەرەکی بۆنگۆ بە ڕێژەی 30.77% لە پلەی دووەمدایە. كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بۆنگۆ تۆمەتەکانی ئۆندۆ ئۆسا سەبارەت بە "ناڕێکی لە هەڵبژاردنەکاندا" ڕەتکردەوە.
ئەم کودەتایە هەشتەمین کودەتایە كە له‌ ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی کیشوەری ئەفریقا و وڵاتانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی فەرەنسا لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا ئه‌نجام ده‌درێت. دوایین کودەتای سەربازی لە ئەفریقا پەیوەندی بە وڵاتی نیجەرەوە هەیە کە لە ٢٦ی تەمموزدا ڕوویدا
گابۆن وڵاتێکە لە ڕۆژئاوای ئه‌فریقیای ناوه‌ڕاست، کە دەکەوێتە تەنیشت کەنداوی گینیا و لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی زەریای ئەتڵەسی، هاوسنوورە لەگەڵ کۆماری کۆنگۆ و کامێرون و گینیای ئیستوایی.
گابۆن لە ساڵی ١٨٨٦ـەوە یەکێک بوو لە وڵاته‌ ئه‌فریقیاییه‌كانی ژێرده‌سته‌كانی، کە لە ١٧ی ئابی ١٩٦٠ سەربەخۆیی خۆی لە فەرەنسا بەدەستهێنا.