پەیڕەوی دەنگدان و ژماردن و جیاكردنەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان – عێراق ژمارە (1) بۆ ساڵی 2023
بە پشتبەستن بەو دەسەڵاتەی بە ئەنجوومەنی كۆمسیاران دراوە لەماددەی(10/هەشتەم) لە یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارە(31) بۆ ساڵی 2019 و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان- عێراق ژمارە(1) بۆ ساڵی 1992ی هەمواركراو و یاسای هەمواری حەوتەم ژمارە(15)ی ساڵی 2023، بڕیاری دەرچواندنی ئەو ڕێنماییانەی خوارەمان دا:
پەیڕەوی دەنگدان و ژماردن و جیاكردنەوە
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان – عێراق
ژمارە (1) بۆ ساڵی 2023
ماددەی -1- مەبەست لەم دەستەواژانە خوارەوە، واتاكانی بەرامبەریانە:
1. كۆمسیۆن: كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق.
2. دەنگدەر: هەركەسێك مافی دەنگدانی هەبێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان – عێراق.
3. پاڵێوراو: هەركەسێك كاندیدبوونەكەی بەفەرمی پەسەند كرابێت بۆ بوون بە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان – عێراق.
4. تۆماری سەرەتایی دەنگدەران: ئەو تۆمارەی ناو و داتای دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان- عێراق لەخۆ دەگرێت، كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە ئامادە و بڵاودەكرێتەوە بۆ پێداچوونەوە و پێشكەشكردنی تانە لەبارەیەوە.
5. تۆماری كۆتایی دەنگدەران: تۆماری ناو و داتای دەنگدەرانە كە شیاوی تانەلێدان نییە و پاش كۆتاییهاتنی ماوەی پەڵپگرتن بڵاودەكرێتەوە.
6. لیستی كراوە: لیستێكە ناو و ژمارەی پارت و پاڵێوراوی ڕاگەیێندراو لەخۆ دەگرێت، لەو ڕێگەیەوە مافی هەڵبژاردن بە دەنگدەر دەدرێت بۆ هەڵبژاردنی كەس و لایەنی دڵخوازی خۆی بەبێ ئەوەی پابەند بێت بە ریزبەندی پاڵێوراو لەناو لیستەكەدا.
7. لیستی تاكەكەسی: ئەو لیستەیە كە لە یەك پاڵێوراو پێكهاتووە، بەوپێیە تەنها یەك كەس دەتوانێت لەناو لیستەكەدا خۆی كاندید بكات بۆ هەڵبژاردن، بەمەرجێك لەلایەن كۆمسیۆنەوە تۆمار كرابێت.
8. بازنەی هەڵبژاردن: بەپێی حوكمەكانی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە(1) بۆ ساڵی 1992ی هەمواركراو، هەرێمی كوردستان – عێراق یەك بازنە( ناوچە)ی هەڵبژاردنە.
9. بنكەی هەڵبژاردن: ئەو شوێنەیە كە كۆمسیۆن دیاریدەكات لە چوارچێوەی بازنەی هەڵبژاردندا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن تیایدا و لە ژمارەیەك وێستگە پێكدێت.
10. وێستگەی هەڵبژاردن: ئەو شوێنەیە كە كۆمسیۆن دیاریدەكات لە چوارچێوەی بنكەی هەڵبژاردندا بۆ دەنگدانی دەنگدەران و ژمارەیەك دەنگدەر لەخۆدەگرێت كە كۆمسیۆن دەستنیشانیان دەكات.
11. دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت: هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و پاسەوانی سنوور( پێشمەرگە) و سوپا و كارمەندانی نەخۆشخانە و زیندانەكان و نەخۆش و زیندانییەكان.
12. دەنگدەرانی دەرەوە: هاونیشتمانییانی هەرێمی كوردستان كە لە دەرەوە نیشتەجێن.
13. تۆماری بایۆمەتری: تۆماركردن و كۆكردنەوەی داتای دەنگدەران بەشێوەیەی ئەلیكترۆنی لەڕێگەی بەكارهێنانی فۆڕمی تۆماركردنی بایۆمەتری و زیادكردنی داتای گرنگ بەمەبەستی پێكهێنانی بنكەیەكی داتای ورد و نوێكراوە بۆ تۆماری دەنگدەران.
14. ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی: ئامێرێكە لەناو وێستگەی دەنگدان، بەكاردێت بۆ خوێندنەوەی داتاكانی كارتی بایۆمەتری ئەو دەنگدەرەی كە ناوەكەی لەناو دەنگدەرانی ویستگەكەدا هەیە و هاوتاكردنیان لەگەڵ داتاكانی تۆماری ئەلیكترۆنی، هەروەها خوێندنەوە و هاوتاكردنی پەنجەمۆری دەنگدەر.
15. ئامێری ژماردن و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی:ئامیرێكە لەناو وێستگەی دەنگدان بەكاردەهینرێت. بەشی سەرەوەی سكانەرە بۆ سكانكردنی پسولەی دەنگدان بەشێوەی ئەلیكترۆنی. پاش نیشانەكردنی پسولەی دەنگدان لەلایەن دەنگدەرەوە، هەڵدەستێت بە دانانی پسولەی دەنگدانەكەی لەناو دەرچەی تایبەتەوە كە لەسەر سكانەرەكە هەیە، تاوەكو بیخوێنیتەوە و ئەو دەنگەی تێیدا نیشانەكراوە ئەژمار بكات و بە خۆدكاری بیخاتە ناو سندۆقی دەنگدانەوە و ئەمباری بكات، دواتر داتای ئەنجامەكان بە ئەلیكترۆنی بنێرێت بۆ بنكەی بەڕێوەبردن و پۆلێنكردنی ئەنجامەكان لە ڕێگەی(V.SAT)ەوە و دەركردنی ڕاپۆرتی ئەنجامەكان لەسەر كاغەز.
ماددەی -2- مافی هەڵبژاردن
یەكەم: هەر دەنگدەرێك مافی دەنگدانی خۆی بۆ هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی ئازاد و ڕاستەوخۆ و نهێنی و تاكەكەسی پەیڕەو دەكات، دەنگدان بە وەكالەت ڕێگەپێدراو نییە.
دووەم: مەرجە دەنگدەر ئەمانەی هەبێت:
أ- ڕەگەزنامەی عێراقی بێت و هاونیشتمانی هەرێمی كوردستان – عێراق بێت.
ب- تەواو شیاو بێت.
ت- لەو ساڵەی كە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام دەدرێت، هەژدە ساڵی تەمەنی تەواو كردبێت.
ث- كارتی بایۆمەتری هەبێت لەگەڵ ناسنامەی باری شارستانی یاخود كارتی نیشتمانی.
سێیەم: 48 كاتژمێر پێش رۆژی دەنگدانی گشتی، دەنگدانی تایبەت بۆ ئەو كەسانەی لە بڕگەی ژمارە11 لە ماددەی ژمارە-1- دا باسكراون دەنگدان دەستپێدەكات لەو بنكانەی كە بۆیان تەرخان دەكرێن.
ماددەی -3- : میكانیزمی دەنگدان و ژماردن و جیاكردنەوە
یەكەم: پرۆسەی دەنگدان بەمشێوەیە بەڕێوەدەچێت:
1. پرۆسەی دەنگدان بە ئەلیكترۆنی بەڕێوەدەچێت بە بەكارهێنانی ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی كە تۆماری دەنگدەران لەسەر ئاستی ویستگە لەخۆ دەگرێت و هەڵدەستێت بە خوێندنەوەی كارتی بایۆمەتری دەنگدەر و هەر لەڕێگەی ئەوەوە پەنجەمۆرەكان هاوتا دەكرێن و QRی پسولەی دەنگدان دەخوێنرێتەوە. هەروەها داتاكانی كارت لەگەڵ داتاكانی ئامێرەكە هاوتا دەكرێن. پسولەی دەنگدان دەخرێتە ناو ئامێری ژماردن و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی بۆئەوەی بەشێوەیەكی خۆدكار خوێندنەوە و شیكردنەوە بۆ پسولەكە بكرێت .
2. هەردوو پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەت لە كاتژمێر حەوتی بەیانی دەستپێدەكەن و بەردەوام دەبن تا كاتژمێر شەشی ئێوارە لەو ڕۆژەی كە بەپێی یاسا بۆ دەنگدان بڕیاردراوە. ڕێگەنادرێت پێش یان پاش ئەو كاتەی دیاریكراوە لە بنكەی دەنگدان دەنگ بدرێت. ئامێرەكان لە كاتژمێر حەوتی بەیانی دەكرێنەوە و لە كاتژمێر شەشی ئێوارە بەشێوەی خۆدكار دادەخرێن.
3. ئامێری پشتڕاستكردنەوە بۆ گشت وێستگەیەكی دەنگدان دابیندەكرێت و تەنها داتای وێستگەكە لەخۆ دەگرێت.
4. دەنگدان بەپێی سیستەمی لیستی كراوە دەبێت. دەنگدەر مافی ئەوەی هەیە دەنگ بە لیست بدات لەڕێگەی نیشانەدانان لەسەر ئەو چوارگۆشەیەی كە ژمارەی لیستەكەی تێدا نووسراوە لەناو پسولەی دەنگدان، یاخود دەنگ بە لیست و كاندیدێكی ناو هەمان لیست بدات كە خۆی هەڵیدەبژێرێت لەڕیگەی نیشانەكردنی ئەو چوارگۆشەیەی لە بەرامبەر ژمارەی كاندیدەكە هەیە.
5. دەنگدەر بە نهێنی پسولەی دەنگدان نیشانە دەكات بە (پێنووسی مۆركردن)ی تایبەت كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە بۆ ئەو مەبەستە دابینكراوە.
دووەم: پرۆسەی ژماردن و جیاكردنەوەی ئەلیكترونی بەپێی ئەمانە ئەنجام دەدرێت:
1. كۆمسیۆن پشت بە ئامێری ژماردن و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی دەبەستێت بۆ پرۆسەی ژماردن و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی.
2. گشت داتاكانی دەنگدان لەگەڵ (ژمارە نهێنییەكانی پسولەی دەنگدان/ QRی خوێندراوە) لە ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی دەگوازرێنەوە بۆ ئامێری ژماردن و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی بە بەكارهێنانی كێبڵی بەیەكبەستنەوەی نێوان هەردوو ئامێرەكە بەمەبەستی ئەنجامدانی پرۆسەی هاوتاكردنی پسولەكانی دەنگدانی ناو سندۆق لەگەڵ داتاكانی ئامێری پشتڕاستكردنەوە.
3. پاش تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان، پرۆسەی ژماردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان لەناو وێستگەی دەنگداندا بەشێوەیەی ئەلیكترۆنی و خۆدكار ئەنجام دەدرێت، لەڕێگەی ئامێری ژماردن و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی كە لەسەر سندۆق جێگیر كراوە.
4. گشت داتاكانی ئەنجامی دەنگدان لەناو ئەو یادگەیەدا دادەكرێن كە لەناو ئامێری ژماردن و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنیدا هەیە.
5. لەڕێگەی ناوەندی گواستنەوە(V.SAT)، ئەنجامەكانی دەنگدان، بە شێوازی ئەلیكترۆنی دەنێردرێن بۆ بنكەی بەڕێوەبردن و پۆلێنكردنی ئەنجامەكان.
6. لە ڕێگەی ئامێری ژماردن و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی، ڕاپۆرتێكی كاغەزیی ورد لەبارەی ئەنجامی وێستگەكە بڵاودەكرێتەوە كە دەنگە ڕاستە بەدەستهاتووەكانی هەر لیست و پاڵێوراوێك، هەروەها دەنگە پۆچەڵەكان لەخۆ دەگرێت. كۆپییەك لە ڕاپۆرتی ئەنجامەكان دەدرێت بە بریكاری پارتە سیاسییەكان و لیست و پاڵێوراوەكان.
ماددەی -5- : ناردن و وەرگرتنی ئەنجامەكانی دەنگدانی گشتی و تایبەت بۆ بنكەی بەڕێوەبردن و پۆلێنكردن، بەپێی ئەمانەی خوارەوە دەبێت:
أ- ڕاپۆرتی ئەو ئەنجامانەی كە لە ئامێری ژماردن و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنیی وێستگەی دەنگدان لە ڕۆژی دەنگداندا دەردەچێت،لەڕێگەی ناوەندی گوێزەرەوە(V.SAT) دەنێردرێت.
ب- یەكەم كۆپی لە فۆرمی یەكلاكردنەوەی كاغەزیی وێستگەی دەنگدان و كۆپییەك لە ڕاپۆرتی ئەنجامەكان كە لە ئامێری ژماردن و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنیی وێستگەی دەنگدان كە لەلایەن بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی وێستگەی دەنگدانەوە واژۆ كراوە و بە دەست پڕكراوەتەوە، دەخرێنە ناو كیسێكی پارێزراوە و دەنێردرێن بۆ بنكەی بەڕێوەبردن و پۆلێنكردنی ئەنجامەكان و بەپێی فۆڕمی وەرگرتن كە تایبەتە بەم كارە وەردەگیرێن.
ماددەی -6- : ئەنجامەكانی دەنگدانی گشتی و تایبەت بەپێی ئەمانەی خوارەوە ڕادەگەیێنرێن:
یەكەم: پاش تەواوبوونی پرۆسەی ژماردن و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی و چاپكردنی ڕاپۆرتی ئەنجامەكان بە بەكارهێنانی ئامێری ژماردن و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنیی وێستگەی دەنگدان، بەڕێوەبەری وێستگە هەڵدەستێت بە ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی دەنگدانی گشتی و تایبەت بۆ ئامادەبووانی ناو وێستگە، ئەمەش لە ڕێگەی پێشكەشكردنی كۆپییەكی كاغەزی لە ڕاپۆرتی ئەنجامەكان كە لە ئامێرەكەوە دەرچووە و دەدرێت بە بریكارانی پارتە سیاسییەكان و لیست و پاڵێوراوەكان. كۆپییەك لە ڕاپۆرتی ئەنجامەكان لەسەر دیواری وێستگە دەخرێتەڕوو.
ماددەی -7- :
ئەم ڕێنماییانە لە بەرواری ڕاستاندنی لەلایەن ئەنجوومەنی كۆمسیارانەوە لە 5/9/2023وە جێبەجێ دەكرێن.
ئەنجوومەنی كۆمسیاران
وەرگێڕانی: سەكوان ئەرگۆشی