20ی ئەم مانگە دواین وادەی خۆ تۆمارکردنە بۆ ئەوانەی لەساڵی 2006 لەدایک بوون
بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دهۆک گوتی: پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانەی لە 2006 لە دایک بوونە بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش نزیکەی هەزار کەس خۆیان تۆمار کردووە و پرۆسەکەش تا 20ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دهۆک، خالد عەباس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانەی لە دایکبووی ساڵی 2006ـن بەردەوامە، دەتوانن بێن ناویان تۆمار بکەن بۆ بەشداریکردن لەپرۆسەی دەنگدان، ماوەی 10 ڕۆژیان بۆ دیاری کراوە و تا 20ی ئەم مانگە پرۆسەی خۆتۆمارکردن بەردەوام دەبێت و هیچ باسێکیش نییە ماوەکەی درێژ بکرێتەوە، چونکە بۆ ئەو پڕۆژەیە کۆمسیۆن 10 ڕۆژی دیار کردبوو.
خالد عەباس گوتیشی: ئەوانەی دەتوانن بێن خۆیان تۆمار بکەن پێویستە لەدایکبووی مانگی یەک تاوەکو 25/2/2006 بن، لەدایکبوانی دوای ئەو ڕێکەوتە ناتوانن دەنگ بدەن، تا ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی هەزار کەس لەو تەمەنە خۆیان تۆمار کردووە و پرۆسەکەش بەردەوامە.
عەباس باسی لەوەشکرد: داواکارین ئەوانەی لەو ڕێکەوتەی ئاماژەمان پێکرد لەدایک بوونە بێن خۆیان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی لەپرۆسەی دەنگدان بێبەش نەبن، چونکە بنکەکانی ئێمە بەردەوام کراوەن و خەڵک دەتوانێ ڕۆژانە سەردانمان بکەن، بۆ ئەوەی خۆیان تۆمار بکەن.