پێویستە تەمەنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، شەش مانگ درێژ بکرێتەوە
پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە و بڕیاردەری فڕاکسیۆنی پارتیش پێی وایە، پێویستە بۆ قۆناغی ئێستا و بڕیارە بۆ شەش مانگی تەمەنی کۆمسیۆن درێژ بکرێتەوە.
شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە سەرەتای ساڵی نوێ وادەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتایی دێت و ئاستەنگ بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دروست دەبێت، چونکە لە ڕۆژی ١٨ی مانگی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، پێویستە کۆمسیۆن ئەنجامەکانی پەسەند بکات، لەلایەکی دیکەوە بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش لە مانگی شوباتی ئایندەدا بەڕێوەبچێت، ھەر دیسان پێویستە کۆمسیۆن کارابێت لەبەر ئەوە ئێمە لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنین.
بڕیاردەری فڕاکسیۆنی پارتی گوتیشی: پڕۆژە یاسای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گەیشتووتە پەرلەمان و خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە، بڕیارە لە سەرەتای حەفتەی داھاتوو خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و چوار ڕۆژ دواتر دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساکە بدرێت و بۆ ماوەی شەش مانگ تەمەنی کۆمسیۆن درێژ بکرێتەوە.
شوان کەلاری ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئەگەر تەمەنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن درێژ نەکرێتەوە مەترسی لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دروست دەبێت، لەوانەیە پرۆسەکە هەر بەڕێوەنەچێت بەبێ کۆمسیۆن بۆ ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان، پێویستە تەمەنی کۆمسیۆن درێژ بکرێتەوە تا بتوانێت سەرپەرشتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات.