تەمەنى کۆمسیۆن درێژکرایەوە و بەغدا پەیوەست کرا خەرجى هەڵبژادنى پەرلەمانى کوردستان لە ئەستۆ بگرێت
پەرلەمانى عێراق هەمواری یاساى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراقى پەسند کرد، بەمەش تەمەنی کۆمیسیۆنەکە شەش مانگ درێژ دەکرێتەوە، بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و پەرلەمانى کوردستان بەڕێوە ببات، جێگرى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکان دەڵێت: "بڕگەیەک پەسند کرا کە بەغدا ناچار دەکات خەرجى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە ئەستۆ بگرێت."
کوردۆ عومەر، جێگرى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بە زۆرینەى دەنگى پەرلەمانتاران بڕگەیەکى هەموارى یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان پەسند کرا بۆ ئەوەى تەمەنى کارکردنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمسیۆنەکە درێژ بکرێتەوە تاوەکو ئەو کاتەى ئەنجامى هەردوو هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق و پەرلەمانى کوردستان پەسند دەکات.
کۆردۆ عومەر گوتی، "لەو بڕگەیەدا خاڵێکى دیکە پەسند کراوە بەوەى حکومەتى فیدراڵى پابەند بکرێت بە گرتنە ئەستۆى خەرجى هەردوو هەڵبژاردنەکە."
هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 25ـى شوباتى 2024 دەکرێت و هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراقیش لە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023 دەکرێت. کە دواى دەنگدان، وەرگرتنى تانە و پەسندکردن و راگەیاندنى ئەنجام لە دەسەڵاتى ئەو ئەنجوومەنە دەبێت.
هەموارەکە لە دوو بڕگە پێکهاتبوو کە دووەمیان تایبەت بوو بە دامەزراندنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆن لەلایەن فەرمانگەکانى دەوڵەتەوە لەدواى کۆتایی هاتنى وادەکەیان.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو بڕگەیەى هەموارەکە دەنگى نەهێنا و رەتکرایەوە."
بەگوێرەى یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجوومەنى کۆمسیاران لە نۆ ئەندام پێکدێن و ماوەى کارکردنیان بۆ چوار ساڵە و وادەى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمسیاران لە 7ـى کانوونى دووەمى 2024، کۆتایی دەهات.
بەناوی گەل
سەرۆكایەتی كۆمار
لەسەر بنەمای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاری لەسەر داوە و سەرۆككۆمار پەسەندی كردووە، بە پشتبەستن بە حوكمەكانی بەندی (یەكەم) لە ماددەی (61) و بەندی (سێیەم) لە ماددەی (73)ی دەستور.
ئەم یاسایەی خوارەوە دەرچووێنرا:
یاسای ژمارە ( ) بۆ ساڵی 2023
یاسای هەمواری یەكەم بۆ یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارە (31) بۆ ساڵی 2019
ماددەی (1) : بەندی یەكەم لە ماددەی (7) هەڵدەوەشێتەوە و ئەمەی خوارەوە جێگەی دەگرێتەوە:-
شەشەم: ویلایەتی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بۆ خولی ئێستا (54) مانگ دەبێت لە بەرواری دەرچوونی فەرمانی كۆماری، یاخود تا كاتی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا ڕێكنەخراوەكان لە هەرێمدا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان/عێراق بۆ خولی شەشەم. لەسەر بنەمای پێشنیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، شیاوی درێژكردنەوەیە. بە بێ ڕەزامەندی زۆرینەی ڕەهای ئەنجومەنی نوێنەران، درێژكردنەوە جێبەجێ ناكرێت.
پێشنیاری لیژنە
ماددەی (1) : بەندی یەكەم لە ماددەی (7) هەڵدەوەشێتەوە وئەمەی خوارەوە جێگەی دەگرێتەوە:-
یەكەم: ماوەی ویلایەتی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بۆ خولی ئێستا (54) پەنجا و چوار مانگ دەبێت و لە بەرواری 7/1/2020 دەست پێدەكات. لەو ماوەیەدا، لەسەر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پێویستە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ڕێكنەخراو لە هەرێمدا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان / عێراق بۆ خولی شەشەم ئەنجام بدات، حكومەتی فیدڕاڵی پابەند دەبێت بە دابینكردنی تەرخانكراوە دارایییە پێویستەكان بۆ دەستەبەركردنی پێداویستییەكانی ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێكراوە.
ماددەی (3) : ئەم یاسایە لە بەرواری بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەیەكی فەرمیدا، جێبەجێ دەكرێت.
پێشنیاری لیژنە:
ماددەی (3): ئەم یاسایە لە بەرواری پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە جێبەجێ دەكرێت و لە ڕۆژنامەیەكی فەرمی بڵاو دەكرێتەوە.
هۆیە پێویستەكان
بۆ پارێزگاریكردن لە بەردەوامبوونی كاری ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تا كاتی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا ڕێكنەخراوەكان لە هەرێمدا و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان/عێراق و چارەسەركردنی بارودۆخی یاسایی ئەندامانی ئێستا بەهۆی نزیكیی كوتاییهاتنی ویلایەتەكەیان.
ئەم یاسایە دەرچووێنرا.