كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان: ناتوانین لە وادەی دیاریكراودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەین
ڕۆژی چوارشەممە، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاند كە ناتوانن لە وادەی دیاریكراودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدەن. هەروەها ڕایگەیاند كە نووسراوێكی فەرمییان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كردووە. لە ناوەڕۆكی نووسراوەكەدا، هۆكارەكانی نەتوانینیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا دەشتنیشان كردووە.
یەكێك لە هۆكارەكان یاساییە و پەیوەندی بە شێوازی یەك بازنەیی یاخۆد فرەبازنەیی هەڵبژاردنەوە هەیە كە تاكو ئێستا دادگای فیدڕاڵی یەكلایی نەكردووتەوە. هۆكارێكی دیكە داراییە، پەیوەستە بە دواكەوتنی ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن تەرخان كراوە. هۆكاری سێیەمیان تەكنیكییە (كەمی ماوەی نێوان وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارێزگا ڕێكنەخراوەكان لە هەرێمدا).