بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێت
ڕۆژی پێنجشەممە 11ی كانونی دووەم، ئەنجومەنی نوێەران بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەنجومەن كە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ئەنجام بدرێت ڕاگەیاند. لە ڕاگەیێنراوی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەراندا هاتووە كە لە دانیشتنەكەدا (كاتژمێر 3:00ی ئێوارە) هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی ئەنجومەن دەكرێت.
پوستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە پشكی عەرەبی سوننەیە. بۆ ئەم مەبەستە ناوی سێ كەسایەتی سوننە هاتووە بۆ جێگرتنەوەی محەمەد حەلبوسی (سەرۆكی دوورخراوەی ئەنجومەنی نوێنەران)، ئەوانیش بریتین لە شەعلان ئەلكرەیم بەربژێری حزبی تەقەدووم، سالم ئەلعیساوی بەربژێری هاوپەیمانیی سیادە و مەحموود ئەلمەشهەدانی بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم.
لە بەرواری 14/11/2023 دادگای باڵای فیدڕاڵی، لەسەر سكاڵایەكی پەرلەمانتار لەیس دلێمی و بەتومەتی ساختەكاری، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەرانی بۆ محەمەد حەلبوسی (سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران) دەركرد.