دادگای فیدراڵیی عێراق؛ دانیشتنی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ 4ی شوباتی 2024 دواخست
بڕیاربوو دادگای فیدراڵی لە دانیشتنی ئەمڕۆ یەكشەممە، بەرواری 21ی كانوونی دووەمی 2024دا بڕیار لەبارەی ئەو سکاڵایانە بدات کە لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون. ئەمە هەشتەمین جارە دادگای فیدراڵی بڕیاردان لەسەر سکاڵاکانی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخات.
سکاڵاکە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەکبازنەیی و فرەبازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.
ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە:
ماددەی یەکەم (1): پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (111) سەد و یازدە ئەندام پێکدێت.
ماددەی نۆیەم (9): هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و بەسەر چەند بنكەیەكی دەنگداندا دابەش دەکرێت.
ماددەی پازدەم (15): بۆ هەرێمی کوردستان؛ خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی بنكەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ڕیزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ بەدیهێنانی مەبەستی پێویست دیاری بکات.
ماددەی بیست و دووەم (22):
1- هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا 30 کەمتر نەبێت، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن.
2- لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (15) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە ماددەی 21ـدا داواکراون.
ماددەی سی و شەشەم (36):
1- پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخاندەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
2- پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
3- یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و كاندیدهكانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.
سەرچاوە:
https://www.kurdistan24.net/ckb/story/250494