پرسی كۆتای پێكهاتەكان و سەرنجێك - د. ڕزگار عبدال محمود
پرسی كۆتا، یەكێكە لەو پرسانەی، بۆتە جێگەی مشتومڕی هێزە سیاسییەكان و یەكێكە لەو بابەتانەی، كە لەبەردەم دادگای باڵای ئیتحادی عێراقی تانەی لێدراوە، لایەنی داواكار لەم پرسەدا داوادەكات، كە كورسیی كۆتاكانی مەسیحی و توركمانەكان، لە نێوان شارەكان دابەش بكرێت. ئاشكرایە، كە عێراق وڵاتێكە، ژمارەیەك پێكهاتەی لەخۆ گرتووە، هەرێمی كوردستانیش لە چەند پێكهاتەیەك پێكهاتووە. واتە پرسی كۆتا، تایبەت نییە بە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە عێراقیش هەمان پرس هەیە، بۆ مسۆگەركردنی نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كۆتا بۆ پێكهاتەكان تەرخان كراوە.
ئەوەی لێرە مەبەستمانە بیخەینە ڕوو ئەوەیە، كە یاسای ژمارە(4)ی سالی 2023ی یاسای هەمواركردنی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاكان ژمارە (12)ی سالی 2018 چۆن پرسی كۆتای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕیكخستووە و دواتر لەگەڵ دۆخی كۆتای پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان بەراوردی بكەین.
لە مادەی (9)ی یاسای ناوبراو، كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران بە 329 كورسی دیاری دەكات، (9) لەم كورسیانەی بۆ كۆتای پێكهاتەكان تەرخان كردووە، (5) كورسییان بۆ پێكهاتەی مەسیحییەكان بۆ پارێزگاكانی بەغداد و نەینەوا و كەركووك و دهۆك و هەولێرە. یەك كورسیش بۆ ئیزیدییەكان لە پارێزگای نەینەوا، یەكێك بۆ سابیئهی مەندائی لە پارێزگای بەغداد و یەك كورسیش بۆ شەبەك لە پارێزگای نەینەوا و یەكێكی دیكە بۆ كوردە فەیلییەكانە لە پارێزگای واست.
بەڵام ئەوەی مەبەستمە لهم پرسهدا سەرنجی خوێنەری بۆ ڕابكێشم ئەوەیە، یاسادانەری عێراق بەمە نەوەستاوە، كە كورسییەكەی بۆ پێكهاتەكە لە پاریزگاكەدا دیاری بكات و بەجێی بێلێ، بەڵكو هاتووە بازنەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی كۆتاكانی دیاریكردووە، بۆ هەر كۆتایەك شێوەیەكی جیاوازی بازنەی هەڵبژاردنەكانی دیاریكردووە، بۆ نموونە: "ڕاستە سێ كورسی بۆ كۆتای مەسیحییەكان لە پارێزگاكانی بەغداد و نەینەوا و كەركووك تەرخانكراون، بەڵام بۆ دیاریكردنی بازنەی ئەوانەی دەنگ بۆ ئەم كورسییانە دەدەن"، یاسای ناوبراو، عێراقی كردۆتە یەك بازنەی هەڵبژاردن (بەدەر لە هەرێمی كوردستان)، واتە: "ڕاستە كۆتاكان بۆ پارێزگایەك تەرخانكراون، بەڵام هەڵبژاردنی نوێنەری ئەم كۆتایە لە بازنەیەكی فراواندا ئەنجام دەدرێت".
هەروەها سەبارەت بەو دوو كورسییەی كۆتای پێكهاتەی مەسیحی، كە بۆ هەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێر تەرخان كراوە، بازنەی هەڵبژاردنی ئەم دوو كورسییە هەموو هەرێمی كوردستانە بە سنوورە كارگێڕییەكەی.
واتە هەر كەسێك لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا بێت، دەتوانێ بۆ هەڵبژاردنی ئەم دوو نوێنەرەی كۆتا دەنگ بدات. ئەم بڕگەیەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گەواهیدەری ئەوەیە كە یاسادانەری عێراقی، لەسەر بناغەی زانیاری تەواو دڵنیابووە مەسیحییەكان لەو پارێزگایانە دەژین كە لە یاساكەدا دیاریكراون، بۆیە كۆتای بۆ ئەو پاریزگایانە دیاریكردووە. مەبەستیش لە فراوانكردنی بازنەی هەڵبژاردن، بۆ كۆتای مەسیحییەكان (یا هەموو سنووری ئیداری هەرێمی كوردستان یا هەموو عێراق)، بۆ ئەوەیە ئەو ژمارە كەمەی كە لە پارێزگاكانی دیكەدا، ئەگەر هەبن، بتوانن لە هەڵبژاردنی نوێنەری پێكهاتەكەیان بەشداربن.
پێموایە، دەكرێ پرسی كۆتای پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان، بەهەمان شێوەی پرسی كۆتای مەسیحی لە عێراق چارەسەر بكرێ. واتە بۆ هەڵبژاردنی كورسی كۆتاكان لە پەرلەمانی كوردستان، كورسی كۆتای مەسیحی و توركمانەكان بۆ پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر تەرخان بكرێ. بەڵام بازنەی هەڵبژاردنی ئەم كورسییانە بریتی بێت لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
سەبارەت بەو بەشەی، ئەو داوایایەی لەبەردەم دادگای باڵای ئیتحادی عێراقیش بەرزكراوەتەوە، كە تایبەتە بەكۆتا، ئەگەر پێچەوانەی ئەم بۆچوونە بڕیار بدات، ئەوا پرسیار و گومان دەخاتە سەر بڕیارەكەی. چونكە ئەوكات، بڕیارەكەی پێچەوانەی بۆچوونی یاسادانەری عێراقی دەبێت و دەبێتە پێشینەیەك بۆ تانەدان لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە 4 ی سالی 2023. بۆیە دەبێ دادگای ناوبراو، بە یەك تێڕوانین، سەیری پرسی كۆتاكان بكات، ئەو بەڵگانەی پشتی پێ دەبەستی، لە حوكمەكەی دەبنە پێوەر، بۆ چۆنیەتی رەفتاركردن لەگەڵ كۆتای پێكهاتەكان لە سەرجەمی عێراقدا، بە هەرێمی كوردستان تایبەت نابێـت.