لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا پووتین 88٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە

لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا پووتین 88٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی رووسیا رایگەیاند، "لە ئەنجامی 24٪ـی دەنگە جیاکراوەکاندا، ڤلادیمیر پووتین 87.97٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە." سەرۆکی ئۆکرایناش دەڵێت، "ئەو هەموو شتێک دەکات تەنیا بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە."
رۆژی 17-03-2024، دوایین رۆژی هەڵبژاردنی سێ رۆژەی سەرۆکایەتیی رووسیا بوو. دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی رووسیا دەستی بە جیاکردنەوەی دەنگەکان کرد.
ئێلا پامفیلۆڤا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی رووسیا گوتی، "لە 24.4٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و ڤلادیمیر پووتین لە ٪87.97ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە."
جگە لە پووتین، دوو بەربژێری دیکە لە هەڵبژاردن بەشداربوون. یەکێکیان لە حیزبی کۆمیۆنیست و ئەوی دیکەشیان لە حیزبی لیبراڵ؛ بەڵام راپرسییەکان زووتر ئاشکرایان کردبوو کە چانسی پووتین بۆ بوونەوە بە سەرۆکی رووسیا 80٪ زیاترە و تاوەکو 2030 لە کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا – کرێملین دەمێنێتەوە.
دوای راگەیێندراوەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی رووسیا، ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "پووتین دەیەوێت تا هەتایە لەسەر حوکم بێت، ئەو هەموو خراپەکارییەک دەکات تەنیا بۆ ئەوەی لە دەسەڵات بـمێنێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا لەوبارەوە لە راگەێیندراوێکدا گوتی، "هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا یاسایی، ئازاد و دادپەروەرانە نییە. ئەوان لە هەرێمەکانی داگیرکراوی ئۆکراینادا هەڵبژاردنیان کرد کە ئەمەش پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
لە کۆی 143 ملیۆن دانیشتووی رووسیا، 114 ملیۆن کەسییان مافی دەنگدانییان هەبوو. هەروەها دانیشتووانی بەشێک لە هەرێمەکانی زاپۆریژیا، خێرسۆن، دۆنێتسک و لوهانسکی ئۆکراینا کە رووسیا بەخۆیەوە لکاندوونی، مافی بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنەیان هەبوو.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا لە کاتێکدابوو، رووسیا و ئۆکراینا چوونەتە نێو سێیەم ساڵی جەنگەکەیان. لە 24ـی شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا دەستپێکرد و لەوکاتەوە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بەردەوامە.
تاوەکو ئێستا وڵاتانی رۆژئاوا بە سەدان ملیار دۆلار یارمەتیی مرۆیی، سەربازی و دارایی ئۆکراینایان داوە و رووسیا بەوە تۆمەتبار دەکەن، "بە ناڕەوایی ئۆکراینای داگیرکردووە."
سه‌رچاوه‌: ڕووداو