سوودانى: گرنگە هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان لە سایەى سازانى سیاسى بکرێت

سوودانى: گرنگە هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان لە سایەى سازانى سیاسى بکرێت

سەرۆکوەزیرانى عێراق جەختى لە گرنگیی ئه‌نجامدانی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان "لە سایەى سازانى سیاسى" کردەوە. بە گرنگیشی دەزانێت سەرجەم پێکهاتەکان بەشداری لە هەڵبژاردنەکە بکەن.
ئەو گوتانەى محەممەد شیاع سوودانى لە کاتى کۆبوونەوەى بوو لەگەڵ عومەر ئەحمەد، سەرۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق.
بەگوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانى عێراق، محەممەد شیاع سوودانى، کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 30-04-2024) پێشوازیی لە سەرۆکی کۆمیسیۆن کردووە، گوتوویەتى "گرنگە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە سایەى سازانى سیاسى بکرێت و سەرجەم پێکهاتەکانى کۆمەڵگەی عێراق و هەرێمى کوردستان بەشدار بن."
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات رۆژی شەممە 27-04-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و لە ماوەی سێ رۆژدا چەندین کۆبوونەوەی هەبوو، لەوانەش کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. تەوەرێکی سەرەکی بەشێک لە کۆبوونەوەکانیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 30-04-2024 بە رووداوی گوت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، گرنگە بە گوێرەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو پارت و لایەنەکان بۆ هەڵبژاردن هەبێت.
دڵشاد شەهاب گوتی، حکومەتی عێراق لە گرنگی بەشداریکردنی هەموو لایەنەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەگات و کۆمیسیۆنیش لایەنێکی گرنگی ئەم پڕۆسەیە.
رۆژی 10ـی حوزەیران دیاری کراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، تاوەکو ئێستا پارتى دیموکراتى کوردستان بڕیاریداوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا نەکات.
سه‌رچاوه‌: https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/3004202413