هێما سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردنی هیندستان

هێما سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردنی هیندستان

هەڵبژاردنی پەرلەمانی هیندستان کە بە درێژترین هەڵبژاردن لە جیهاندا ناسراوە، ڕۆژی هه‌ینی 19/4/2024 دەستیپێکرد و بڕیارە تا مانگی حوزەیران بەردەوام بێت.
دیاریکردنی چارەنووسی 543 کورسیی پەرلەمانی هیندستان کە بە "لۆک سابا" ناسراوە، ڕۆژی هەینی 19/4/2024 دەستیپێکردووە؛ هەڵبژاردنێک کە نزیکەی یەک ملیار دەنگدەر بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ یه‌ك مانگ تێیدا به‌شداری ده‌كه‌ن و تا ١ی حوزەیران به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌نگ به‌ لایەنی دڵخوازی خۆیان دەدەن.
هێما یان وێنه‌ و ئارمی پارت و کاندیدە سەربەخۆکان لە هەڵبژاردنەکانی هیندستاندا پەیامی بێدەنگیی كاریگه‌ریانه‌یه‌ لەم وڵاتەدا.
کتری، "گڵاس – په‌رداخ"، "نەعل"، گسك، "فیل"، "چەپکە گوڵ"، کتێب، "چاویلکە"، "پاسکیل" و هەزاران هێمای دیکە لەم ڕۆژانەدا لە ڕیکلامەکانی کاندید و حزبەکان لەسەر شەقام و کۆڵانەکانی شارە جیاوازەکانی هیندستان به‌رچاو ده‌كه‌وێت.
لە هیندستان، بەپێی یاسا، دەبێت هەموو پارت و کاندیدێک لە هەڵبژاردنی نیشتمانی و ویلایەت و ناوخۆییەکاندا هێمایەکی هەبێت.
مێژووی دانانی هێماکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سەرەتای سەربەخۆیی هیندستان، کە کەمتر لە سەدا ٢٠ی دانیشتوانی هیندستان خوێندەوار بوون و دەنگدەران دەبوو لەسەر بنەمای هێماکان کاندیدەکانیان هەڵبژێرن نەک ناو.
لە ئێستادا زیاتر لە سێ لەسەر چواری هیندییەکان بە خوێندەوار دادەنرێت، بەڵام لە کاتی به‌ڕێوه‌چوونی هەڵبژاردنەکان هێشتا وێنه‌ی ئه‌م هێما و نیشانانه‌ لە پێش هەموو شتێکەوە دێن.
لە یەکەم هەڵبژاردن كه‌ لە ساڵی ١٩٥١ەوە به‌ڕێوه‌چوو، لانیکەم ٥٣ پارت کێبڕکێ لەسەر نزیکەی چوار هەزار و ٥٠٠ کورسی ئەنجوومەنی نیشتمانی و ئەنجوومەنی ویلایەتەکان دەکرد، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان هێمای بۆ لایەنەکان دانا و هەر کاندیدێک دەیتوانی بەم هێمایە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات.
لە ساڵی ١٩٦٨ فه‌رمانی دیاریكردنی هێمای هەڵبژاردن بۆ هەموو پارتەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی و ویلایەتی و ناوخۆیی و هەروەها کاندیدە سەربەخۆکان، دەرکرا.
یەکەمین هێمای هەڵبژاردن لە هیندستان هی حزبی کۆنگره‌ بوو، حزبێك کە ڕۆڵێکی گەورەی لە خەباتی ئازادی و بزووتنەوەی سەربەخۆیی هیندستاندا هەبوو.
یەکەمین هێمای هەڵبژاردنی حزبی کۆنگره‌ "جووتێک گا" بوو. دوای هەڵوەشاندنەوەی، هێمای حزبەکە گۆڕدرا بۆ "گایەک کە شیری به‌ گوێره‌كه‌كه‌ی ده‌دا".
لە ساڵی ١٩٧٩ەوە "دەست" بووەتە هێمای حزبی کۆنگره‌.
حزبی دەسەڵاتداری (بی جێ پی) لە ساڵی ١٩٨٠ پێکهێنرا. ئەم پارتە "گوڵی نیلوفه‌ری شینی" وه‌ك هێمای هەڵبژاردنی خۆی دیاریكرد. دامەزرێنەران ئه‌م حزبه‌ ڕایانگەیاند کە تاریکی جێگەی خۆی دەداتەوە بە تیشکی خۆر و نیلوفەرەکە ده‌پشكوێت.
پارتی گشتیی گه‌ل، کە لە ساڵی ٢٠١١ لە دلهی پێکهێنرا، "گسك"ی وەک هێمای خۆی هەڵبژارد.
پارتی نەتەوەیی گەلی هیندستان "كتێب"ی وەک هێمای خۆی ده‌ستنیشان كرد. لە میانەی ئاهەنگی ده‌ستنیشانكردنی ئەم هێمایە ڕاگەیەندرا: کە تەنها خوێندەواری و پەروەردە دەتوانێت لاوازەکان بەهێز بکات.
مەبەست لەم هەڵبژاردنە ناڕەزایەتی دەربڕین بوو بەرامبەر بە گەندەڵی و نیشاندانی هیوای حزب بۆ پاککردنەوەی ئەو پیسی و گەندەڵییەی کە دزەی کردۆتە ناو حکومەت و پەرلەمانەوە.
هێما و نیشانەکان بە شێوەیەکی سادە و پوخت گوزارشت لە پێکهاتە و ئەرک و ئامانجە سیاسییەکانی حزب و تاکەکان دەکەن.
هێماکان پێویستە ئاشنا بن و بە ئاسانی بناسرێنەوە و هیچ پەیوەندییەکی ئایینی و سۆزدارییان بە بیروباوەڕی خەڵکەوە، وەک (مانگا، پەرستگا، ئاڵای نیشتمانی، ئامێری ڕستن و.. هتد) نەبێت.
هێماکانی هەڵبژاردنی هیندستان پەیامێكی بێده‌نگه‌ و ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە کاتی هەڵبژاردنه‌كاندا.
ئەم دیمەنانە پەیوەندی بینراوی مرۆڤ پێش داهێنانی ئەلفوبێمان بیردەخەنەوە.