کۆمسیۆن دەرگای بنکەکانی بەڕووی هاووڵاتییاندا کردەوە
بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک ڕایگهیاند: دەرگای بنکەکانمان بەڕووی ھاووڵاتییان کراوەتەوە بۆ ئەوەی بێن ناویان تۆمار بکەن، یاخود ئەوانەی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە دووبارە ھەوڵبدەن، بۆیە دەرفەتێکی باشە و داواکارین ھاووڵاتییان لەدەست خۆیان نەدەن.
خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە ٢١ی ئەم مانگەوە دەرگای بنکەکانمان بەڕووی ھاووڵاتییاندا کردۆتەوە بۆ ئەوەی ئەوانەی تا ئێستا ناویان تۆمار نەکردووە یاخود لەدایکبووی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ن بێن ناویان تۆمار بکەن، لەگەڵ ئەوانەیش کە پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە.
ڕۆژانە خەڵک سەردانمان دەکەن ناویان تۆمار دەکەن، دابەشکردنی کارتیش بەردەوامە، بۆیە داوا لە خەڵک دەکەین ئەمە دەرفەتێکی باشە و بێن ناویان تۆمار بکەن و ئەو دەرفەتە لەدەست خۆیان نەدەن.
خالید عەباس گوتیشی: لە سنووری پارێزگای دھۆک ٧٧ھەزار کەس ھەیە پەنجەمۆری ناخوێندرێتەوە، تا ئێستا ھەزار کەس لەوانە ھاتوون و ٤٠٠ کەسیان پەنجەمۆریان خوێندراوەتەوە، بۆیە داوا لە خەڵکی خۆمان دەکەین بێن ناویان تۆمار بکەن، چونکە بنکەکانی ئێمە جگە لە ڕۆژانی ھەینی و شەممە ھەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی تاوەکو ٣:٠٠ی ئێوارە کراوەن و دەتوانن بێن و ناویان تۆمار بکەن.
عەباس ڕوونیکردەوە: ئێمە ھەموو ھەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ چارەکردنی گرفتی ئەوانەی ئەوانی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، جاری وا ھەیە ٢٠ خولەک بەکەسێکەوە سەرقاڵ دەبین تاوەکو مۆری پەنجەی دەخوێندرێتەوە.
سهرچاوه: https://www.kdp.info/a/d.aspx?l=13&a=142690