نووری مالیکی هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕاگەیاند
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕایگەیاند، لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەن پێش کۆتاییهاتنی ساڵی 2024 و ئاماژەی بەوەش کرد لەگەڵ فرە بازنەیین، بەڵام نەک بەو شێوەیەی ئێستا هەیە.
لە چوارچێوەی کارنامەی سەرۆکوەزیران، محەممەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکێکە لە خاڵەکانە و جەختیش لەوە کراوەتەوە دوای شەش مانگ لە پێکهێنانی حکومەت دەبێت ئەنجامی بدات.
لێدوانێكی فەرمیدا نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند: پێویستمان بە هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە، پێویستیش بەوە ناکات پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکەین، بەڵکو پەرلەمان دەتوانێت لە کارەکانی بەردەوام بێت تاوەکو شەوی پێش هەڵبژاردن. کاتێک کە هەڵبژاردن کرا، ئەوا ڕاستەوخۆ پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە، هەر بۆیەش من پاڵپشتیی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەم.
بەگوتەی نووری مالیکی، تاوەکو ئێستا کۆدەنگییەک نییە لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام ڕەتیش نەکراوەتەوە و هەندێک لایەن هەن ڕازین بەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، تەنیا ئەوەیە بەفەرمی هەڵوێستی خۆیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام ئەوان وەکو دەوڵەتی یاسا داوا دەکەن هەڵبژاردنی پێشوەختە پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ بکرێت. بەو پێیەی بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کارنامەی حکومەتدا هاتووە و ئەوانیش پێوەی پابەندن.
لەبارەی فرە بازنەیی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا دەڵێت: ئێمە لەگەڵ فرە بازنەیین، بەڵام نەک بەو شێوەیەی بڕیاری لەسەر دراوە. هاوکات دەمانەوێت بە یاسا ڕێگری بکرێت لە هەر کەسێک کە پۆستێکی حکومی هەبێت، پێویستە ئەو کەسەی خۆی بەربژێر دەکات پێشوەختە دەست لەکار بکێشێتەوە، بۆ ئەوەی نەتوانێت پۆستەکەی لە بەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێت".
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە کە سەرجەم حیزبە شیعەکان لە خۆ دەگرێت کە پێکهێنەری حکومەتی سوودانیە جگە لە ڕەوتی نیشتمانی شیعە بە سەرکردایەتی موقتەدا سەدر.
سهرچاوه: https://www.ava.news/news/7583