كۆمسیۆن دوایین وادەی بۆ پێشكەشكردنی لیستی كاندیدان دیاری كرد

كۆمسیۆن دوایین وادەی بۆ پێشكەشكردنی لیستی كاندیدان دیاری كرد

کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دوایین مۆڵه‌ت بۆ لایەنە سیاسییەكان، هاوپەیمانەكان، كاندیدانی تاك و پێكهاتەكان بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدان دیاری ده‌كات.
كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاری دا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی ته‌مموزی 2024، دوایین وادەی پێشکەشکردنی لیستی کاندیدانی لایەنە سیاسییەکان و ھاوپەیمانی و کاندیدانی تاک و پێکھاتەکان بێت.
ئەمڕۆ تاكو كۆتایی كاتی ده‌وامی فه‌رمی، ده‌بێ لایەنە سیاسییەکان لیستەکانیان پێشکەشی کۆمسیۆن بکەن.
هەر بەپێی بڕیاری کۆمسیۆن کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ کۆتاییھاتنی کاتی دەوامی فەرمی، دەرگای پێشکەشکردنی لیستی کاندیدان دادەخرێت، ئه‌وه‌ش دیاری نه‌كراوه‌ كه‌ ئایا بۆ جارێکی دیکە درێژ دەکرێتەوە یان نا؟ لایەنە سیاسییەکان و ھاوپەیمان و لیستەکان دەتوانن بۆ ھەر کورسییەکی پەرلەمان دوو کەس کاندید بکەن، کە دەبێت لە 30%ی لیستەکەش ئافرەت بن.
لیسته‌كان به‌ شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی پێشكه‌ش به‌ كۆمسیۆن ده‌كرێن و دواتریش به‌ نووسراو و له‌سه‌ر كاغه‌ز پێشكه‌شی كۆمسیۆنی ده‌كه‌ن.
مەروان محەممەد، بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18-07-2024، دوو هاوپەیمانی، 11 پارتی سیاسی و 28 کاندیدی سەربەخۆ لیستی ناوەکانیان پێشکێش کردووە.
بە گوتەی مەروان محەممەد، 12 کاندید لە کۆتای تورکمان و لە کۆتای کریستییانیش شەش کاندید لیستی ناوەکانیان پێشکەشی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە.
ڕۆژی 20-05-2024، دەستەى دادوەریی هەڵبژاردنی سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆی 100 کورسی، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستانی بۆ کۆتاى پێکهاتەکان تەرخان کرد و ژمارەی کورسییە گشتییەکانیشی کەم کردەوە، بەم شێوەیە: سلێمانی 36 کورسی، هەولێر 32 کورسی و دهۆکیش 24 کورسی.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت. سەرچاوەیەکی کۆمیسیۆن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سەدا 80ـی ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردنەکە تەواو کردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکارن لەگەڵمان".
بە گوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کارتی بایۆمەتریی دەنگدان کە تایبەتە بە دەنگدەرانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان؛ تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە، 04-07-2024، لە کۆی 818 هەزار و 979 کارت لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی؛ 438 هەزار و 533ـیان وەرگیراونەتەوە کە دەکاتە نزیکە سەدا 53.5 و 380 هەزار و 464ـیشیان وەرنەگیراونەتەوە کە دەکاتە نزیکەی سەدا 46.5.