سه‌رۆك بارزانی پیرۆزبایی له هەردوو ڕێكخراوی ‌یه‌كێتیی قوتابیان و لاوانی كوردستان ده‌كات

سه‌رۆك بارزانی پیرۆزبایی له هەردوو ڕێكخراوی ‌یه‌كێتیی قوتابیان و لاوانی كوردستان ده‌كات

به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستان و یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، سه‌رۆك بارزانی په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی ئه‌و دوو ڕێكخراوه‌ كرد.
ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانییه‌:
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی حەفتاودووەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ھەردوو سکرتاریەتی قوتابیان و لاوان و ھەموو قوتابی و لاوانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
قوتابیان و لاوانی کوردستان هەر لە ساتی‌ دامه‌زراندنی رێکخراوه‌که‌یانه‌وه‌ و لە قۆناغی شۆڕشی ئەیلوول هەتا ئێستا ڕۆڵی بەرچاویان لە خەباتی گەلەكەمان هەبووە. هەردوو ڕێكخراو قوتابخانەی پێگەیاندنی ڕۆڵەی هۆشیار و بوێر و سەركردەی بە توانا و شوێنگەی پەروەردەبوونی وزە و هەناسەی نوێ بوونە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان. لاوان و قوتابیان لە ڕێگەی خەبات و تێكۆشانی خۆیاندا شەهید و قوربانیان داوە.
لەو یادەدا ئەو چاوەڕوانییە لە قوتابیان و لاوانی ئازیز هەیە كە پابەندی بەها بەرزەكانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری بن و لەهەمانكاتیشدا بە چەكی زانست و داهێنان كار بۆ پێگەیاندنی گەنج و لاوی هۆشیار و بڕوابەخۆبوو بكەن. یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان هەمیشە جێگەی ئومێدن و دەبێ هەردەم لەئاست چاوەڕوانیی كۆمەڵگە و دۆزی ڕەوای گەلی كوردستاندا بن.
دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و بمێنن بە خێر و خۆشی
مه‌سعود بارزانی
18ـی شوباتی 2025