لەم ھەفتەیە دەست بەتۆمارکردنی ھاوپەیمانی بۆ پەرلەمانی عێراق دەکرێت
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، لەم ھەفتەیە دەست بەتۆمارکردنی ھاوپەیمانی بۆ پەرلەمانی عێراق دەکرێت و ئامادەکاریەکانیش بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەست پێدەکات.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران ڕۆژی ١٥ی نیسان تاوەکو ٤ی ئایاری بۆ تۆمارکردنی ھاوپەیمانی سیاسی بۆ ئەو ھێزە سیاسییانەی دەیانەوێت بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن، کە بڕیارە لە١١/١١/٢٠٢٥دا بەڕێوە بچێت، بۆیە ئەو ھێزانەی دەیانەوێت بەھاوپەیمانی بەشداری بکەن دەتوانن لەو وادەیە خۆیان تۆمار بکەن.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی، ھەر ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا بەمەبەستی دانانی خشتەی کار بۆ ئامادەکاری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی بتوانن ئەوپڕۆسەیە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو ئەنجام بدەن.
جومانە غەلای گوتیشی، لەو کۆبوونەوەیە باسی ڕێکارە تەکنیکیەکان و تۆمارکردنی دەنگدەران و وادەی دابەشکردنی کارتی دەنگدان و سیانەکردنی ئامێرەکان و ھەر کێشەیەک ھەبێت چارەسەر بکرێت، بۆیە ئامادەکارییەکان دەستی پێکردووە وبەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لە وادەی دیاریکراودا ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
سهرچاوه: https://www.kdp.info/a/d.aspx?l=13&a=147443