بۆ هەڵبژاردنی عێراق نزیکەی 40 هەزار دەنگدەری نوێ لە هەولێر مافی دەنگدانیان دەبێت
بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: لە هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک کەس خۆیان بۆ دەنگدانی پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە.
مەڕوان محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند: "پرۆسەی نوێکردنەوەی دەرهێنانی بایۆمەتری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی عێراق بەردەوامە و ئەو کەسانەی مافی بەشداریکردن لە دەنگداندا هەیە، نزیکەی ملیۆنێک و 406 هەزار و 256 کەسە."
بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: ئەوانەی لە دایکبووی 2007ن و یەکەمجارە دەنگ دەدەن نزیکەی 39 هەزار و 984 کەس دەتوانن دەنگ بدەن.
سەبارەت بە دەنگدەرانی هەولێر ئەوانەی خۆیان بۆ دەنگدانی پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە، مەروان محەممەد ڕایگەیاند: "ئەوانەی لە هەولێر خۆیان بۆ دەنگدانی پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە ملیۆنێک و 21 هەزار و 888 کەسە کە دەکاتە سەدا 72 و ئەوانەی کە خۆیان تۆمار نەکردووە 384 هەزار کەسن کە دەکاتە سەدا 27.4 کەس."
ههروهها حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن بە میدیای ناوخۆی ڕاگەیاند: "ئامێری خێراکردنی پرۆسەی ئەنجامەکان چەندین تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد لەخۆ دەگرێت، بە چەند هەنگاوێک کاردەکات کە وای لێدەکات مۆری پشتی کاغەزەکە بناسێتەوە و جیاوازی بکات لە نێوان کاغەزە پوچەڵ و مۆرنەکراوەکان. بەپێی میکانیزمێک بەرنامەڕێژی کراوە، ئەنجامەکان ڕاستەوخۆ لەسەر شاشەی ئامێرەکە نیشان دەدات."
ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆمیسیۆن سوورە لەسەر بەکارهێنانی هەموو ئەو پێشکەوتنانەی کە لە جیهانی تەکنەلۆژیادا هەیە، لە هەمووی گرنگتر خاڵە بەهێزەکانی پرۆسەکەیە لەسەر کاغەزی دەنگدان کە جگە لە ئامێرەکە کەس ناتوانێت ناوەڕۆکی فۆڕمی دەنگدانەکە بزانێت.
باسی لەوەش کرد: "هەموو ئەم ڕێوشوێنانەش بە ئامانجی نەهێشتنی ساختەکارییە، کە بە شەفافیەتێکی زۆرەوە کاردەکات."
سهرچاوه: K24