بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی: زۆرترین ڕێژەی بەشداری لە سنووری هەولێرە
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی ڕایگەیاند، ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە دەنگدانی گشتیی پەرلەمانی عێراق زۆر باشە و زۆرترین ڕێژەش لە سنووری هەولێرە. دووپاتیشی کردەوە، ئەمجارە دەنگی هیچ دەنگدەرێک نافەوتێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، د. جەعفەر ئیمێنکی، ئهندامی كۆمیتهی ناوهندی و بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتیمان، لە بنکەیەکی دەنگدانی شاری هەولێر دەنگی دا و دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتیی پەرلەمانی عێراق و ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران کرد.
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، لە بەیانییەوە چاودێریی نزیکەی 14 هەزار وێستگەی دەنگدان دەکەن و بۆیان دەرکەوتووە، تا ئێستا رێژەی بەشداریی دەنگدەران "زۆر باشە". وەک بهڕێزیان گوتی، زۆرترین ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی گشتی لە سنووری پارێزگای هەولێرە، سلێمانی لە پلەی دووەم و دهۆکیش لە پلەی سێیەم دێت.
بە گوتەی ئیمێنکی لەسەر داوای پارتی "کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر چارەسەر کراوە و ئەمجارە دەنگی هیچ دەنگدەرێک نافەوتێت، چونکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کێشە تەکنییەکانی هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی چارەسەر کردووە." دووپاتیشی کردەوە "بە شێوەیەکی بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق."
سهرچاوه: KDP.info