سیسته‌می بازنه‌یی

بنەما هزرییەکانی کاری پارتایەتی:

پارتی لەسەر ئەم بنەما هزرییانەی خوارەوە خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی و دیموکراسیی خۆی بەڕێوە دەبات.

یەکەم: وەکو حزبێکی دیموکراتی جەماوەریی پێشکەوتنخواز، نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد و گەلی هەرێمی کوردستان لە عێڕاق دەکات، پشتبەستن بە ڕێبازی بارزانیی نەمر، بڕوابوون بە مافی چارەنووس، لە پێناوی مافە ڕەواکانیان تێدەکۆشێت.

دووەم: پارتی باوەڕی بە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات هەیە و گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەکانە. بە گوێرەی بنەما دیموکراسییەکان کە خۆیان لە کێبڕکێی ئاشتیانەی سیاسی و هەڵبژاردنی ئازاد و دەوریی دەبینێتەوە، دەسەڵاتەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن.

سێیەم: لە گۆڕەپانی سیاسیی عێڕاقدا وەکو پارتێکی دیموکراتیخواز کار بۆ چەسپاندنی سیستەمی دیموکراسی فیدڕاڵی دەکات. لەسەر بنەماکانی هاوبەشێتیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و بەشداریی کارا بۆ بەدیهێنانی مافە ڕواکانی گەلی کورد و کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێڕاقی فیدڕاڵدا.

چوارەم: پارتی باوەڕی بە فرەپێکهاتەیی لە هەرێمی کوردستان هەیە و دان بە مافی پێکهاتەکاندا دەنێت، خەبات دەکات بۆ هێنانەکایەی کۆمەڵگایەک، لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و یەکسانی و ڕێزگرتنی مافی هەمووان، بێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز و ئایین و مەزهەب و جیاوازییە کولتوورییەکان.

پێنجەم: پارتی باوەڕیی بە ڕەوایەتیی دۆزی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە هەیە و تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی لە ژێر ڕۆشنایی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بنەما چەسپاوەکانی مافی گەلان لە چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، هەمووان پێکەوە لە ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا بژین و زەمینەی ژیانێکی شایستە و ڕێزلێگیراو بۆ هەموو لایەک فەراهەم بکرێت.