دەرگای تۆماركردنی قەوارەكان بۆ هەڵبژاردن كرایەوە

دەرگای تۆماركردنی قەوارەكان بۆ هەڵبژاردن كرایەوە

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەرگای تۆماركردنی هاوپەیمانی‌و پارتە سیاسییەكانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كردەوە.
تۆماری قەوارە سیاسییەكان لە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو واتە رۆژی 1ی تەمووزەوە دەستپێدەكات‌ و تاوەكو رۆژی 30 تەمووز بەردەوام دەبێت.
مانگی ئازاری رابردوو، پەرلەمانی عێراق دەنگیدا لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە رۆژی 6/11ی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.
لەسەر داوای خۆپیشاندەرانی تشرینی 2019، پەرلەمانی عێراق بە بڕیارێك ئەنجومەنی پارێزگانی هەڵوەشاندەوە، خۆپیشاندەران ئەوكات ئەندامانی ئەم ئەنجومەنەیان تۆمەتبار دەكرد بەوەی سامانی گشتی بەهەدەر دەدەن ‌و بوونەتە هۆی بڵاوبونەوەی گەندەڵی دارایی ‌و ئیداری.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە خۆشی تەمەنە یاساییەكەی زۆری نەماوە، دوێنێ داوای لە هاوڵاتیان كرد سەردانی بنكەكانی كۆمسیۆن بكەن بۆ نوێكردنەوەی زانیارییەكانیان ‌و وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدانی تایبەت بەخۆیان.
ژمارەی ئەوانەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان مافی دەنگدانیان هەیە دوای زیادكردنی لەدایكبووانی 2004‌ و 2005، دەگاتە (28 ملیۆن) دەنگدەر. (ئەم هەڵبژاردنە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە).
ئەمە لەكاتێكدایە ئەوانەی تۆماری بایۆمەترییان نوێكردۆتەوە ژمارەیان تەنیا (18 ملیۆن) كەسە، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت زیاتر لە (10 ملیۆن) دەنگدەر رەنگە بێبەش ببن لە مافی دەنگدان.
بەپێی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاكان ژمارە 12ی ساڵی 2018، كارتی بایۆمەتری بە بنەڕەت گیراوە لە پرۆسەی دەنگداندا.
ئامادەكاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەواتای ئەوە دێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا لە رۆژی 18/11ی ئەمساڵ بەڕێوەناچێت، چونكە كۆمسیۆن دەڵێ لە ڕووی تەكنیكییەوە ناتوانێت لەماوەی مانگێكدا دوو هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، كە ئێستا ئەركی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن لە كوردستانی كەوتوەتە ئەستۆ، دەیەوێت كۆمسیۆنەكەی عێراق قایل بكات بەوەی لەوادەی دیاریكراودا هەڵبژاردن بەڕێوەببات، ئەمەش بە بەهانەی ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەرێم بەڕێوەناچێت ‌و ئۆفێسەكانی كۆمسیۆنی عێراق لە كوردستان دەتوانن ئامادەكاری بۆ سازدانی هەڵبژاردنەكەی كوردستان بكەن.
پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كورستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو دوابكەوێت، خۆ ئەگەر نوێكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق توشی گرفت‌ و كێشمەكێش ببێت، پێشبینی دەكرێت هەڵبژاردنەكەی كوردستان زیاتریش دوابكەوێت.
بەهۆی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌ و راپرسی هەرێم گرفتی بۆ دروستبووە‌ و كوردستان جگە لە كۆمسیۆنەكەی عێراق هیچ دەرەچەیەكیتری لەبەردەمدا نەماوە.