سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردن بکرێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردن بکرێت

دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ی شوباتی 2024 وەکو ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، 03-08-2023، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 25-02-2024ی وەکو ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: "دڵنیاتان دەکەمەوە هەموو لایەنەکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو ڕۆژەدا یەکدەنگن."
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی کە ئایا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پابەند دەبێت بەو وادەیەی وەکو ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریکراوە؟ دڵشاد شەهاب گوتی، ئەو وادەیە بە ڕەزامەندیی هەموو لایەنەکانە دەستنیشان کراوە و پشتیوانی لێدەکات، یەکێتی جگە لەوە، پشتیوانی لە سەرجەم هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەکات بۆ پارێزگاریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان.
دڵشاد شەهاب ڕەتیکردەوە پارتی و یەکێتی هیچ پێشنیازێکیان بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردبێت لەبارەی دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و گوتی، بەڵام ئەوان کۆکن لەسەر ئەو ڕۆژەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریدەکرێت. گوتیشی، لایەنەکانی دیکەیش هیچ پێشنازێکیان نەکردووە.
07-01-2024، وادەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو دەبێت، دڵشاد شەهاب گوتی، مانگی 12 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بۆیە ئەگەر وادەکەی درێژ نەکرێتەوە، کۆمیسیۆن ناتوانێت کارەکانی ئەو هەڵبژاردنە تەواو بکات، پێدەچێت بە یاسا ماوەی کۆمیسیۆن درێژ بکرێتەوە بۆئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بکرێت.
لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، جارێ لەپێشینە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هیچ باسێکی نەکراوە و دیاریش نییە کەی بەڕێوەدەچێت.