کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی پێشکێشکردنی ناوی بەربژێرانی درێژکردەوە

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی پێشکێشکردنی ناوی بەربژێرانی درێژکردەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێرانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە ئەمڕۆ دوا وادە بوو، بۆ ماوەی دوو ڕۆژی دیکە درێژکردەوە. هەروەها بڕیاری دا ژمارە 56 لە زنجیرەی لیستی ناوی بەربژێران هەڵبگیرێت.
رۆژی یەکشەممە 20-08-2023 عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى ڕۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی ڕووداوى ڕاگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دا وادەی پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بۆ دوو ڕۆژی دیکە درێژبکرێتەوە، واتە دوا وادە بۆ پێشکێشکردنی لیستەکان ڕۆژی سێشەممە، 22ی ئاب دەبێت و تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمی دەتوانرێت لیستی ناوەکان پێشکێش بکرێت."
بە گوتەی عیماد جەمیل، ئەو ڕێکارە نوێیە بۆ پێدانی دەرفەتی زیاترە بە لایەنەکان بۆ ئەوەی لیستی ناوەکان پێشکێش بکەن.
سەبارەت بە هەڵگرتن و لابردنی زنجیرەی 56 لە لیستی ناوە پێشکێشکراوەکان، عیماد جەمیل گوتی، "لە زنجیرەی ناوەکانی ئەو لیستانەی پێشکێش دەکرێن نابێت ژمارە 56ی تێدابێت و ئەمڕۆ بڕیار لەوبارەیەوە دراوە، چونکە ئەو ژمارەیە لە عێراقدا ئاماژەی خراپی هەیە."
لە عێراق 56 پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەوە نییە، بەڵکو ئەو ژمارەیە لەو وڵاتە ئاماژە و ناوبانگێکی خراپی هەیە و زۆرجار دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی، هۆکارەکەشی ئەوەیە مادەی 456ی یاسای سزادانی عێراق باسی تاوانەکانی فێڵ و تەڵەکەبازی دەکات، بەو پێیە ماوەی چەند ساڵێکە عێراقییەکان ژمارە 56 وەکو ئاماژەی خراپ دەدەنە پاڵ ئەو کەسانەی کە فێڵ و ساختەکاری و تەڵەکەبازی دەکەن و بەو ژمارەیە ناویان دەهێنن کە کورتکراوەی ژمارەی مادەکەی یاسای سزادانی عێراقە، زۆرجار بۆ بەشێک لە سیاسەتمەداران و حیزبە سیاسییەکانیش بەکاریدەهێنن.
رۆژی 15ى تەممووز، تۆمارکردنى ناوی بەربژێرانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دەستیپێکرد و لە 1ى ئەیلوول تیروپشکى ژمارەى بەربژێر و هاوپەیمانێتییەکان دەکرێت.
ژمارەى ئەو هاوپەیمانێتیانەى کە لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژادنەکان تۆمارکراون گەیشتووەتە 52 هاوپەیمانى کە 32یان نوێن.
لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 و بۆ یەکەمجار لەدواى 10 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت، یەکەمجاریشە لە دواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک بکرێت.