سەرۆکی پەرلەمانی پاکستان ئەگەری دواکەوتنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند

سەرۆکی پەرلەمانی پاکستان ئەگەری دواکەوتنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند

لە یەکەمین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ كه‌ناڵێكی هه‌واڵێری عەرەبی، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی پاکستان باسی لە بارودۆخی ئێستای پاکستان لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکان و وەبەرهێنان لە وڵات و چەندین بابەتی گرنگی دیکەی پەیوەست بە عمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستانی کرد.
ڕەجا پەرویز ئەشرەف، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی پاکستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی هەواڵی ئەلمەیادین، پێشبینی کردووە، کە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی سێ بۆ چوار مانگ لە وادەی دیاریکراو كه‌ بڕیاربوو له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ ئه‌نجام بدرێت، دوا بخرێت.
پەروێز ئەشرەف هەڵبژاردنی پەرلەمانی پاکستانی بە پرسێکی زۆر گرنگ ناوبرد و گوتی: لەم دواییانەدا حکومەتی پاکستان سەرژمێری نیشتمانی ئەنجامدا و لەسەر بنەمای ئەوە بڕیاری دابەشکردنی ناوەندەکانی هەڵبژاردن درا و پێشبینیش دەکرێت ئەمە ماوەیەک کات بخایەنێت و لە ئەنجامدا، هەڵبژاردن دوادەکەوێت."
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی پاکستان هەروەها جەختی لە ڕۆڵی سوپای وڵات کردەوە لە پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنانەکان: حکوومەت و هەموو دامودەزگا نیشتمانییەکان بە سوپا و خەڵکی پاکستانیشەوە ئاگاداری ڕادەی کێشەکانی ئەو وڵاتەن. تەوەری ئومێدبەخش هاوسۆزی سوپایە لەگەڵ حکوومەت و گەل بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ بەهێزکردنی ئابووری پاکستان و بەتایبەتی کەرتی کشتوکاڵ.
لە درێژەی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا، پەروێز ئەشرەف سەبارەت بە لابردنی عمران خان لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئه‌و وڵاته‌، بە دەنگی پەرلەمانی پاکستان، گوتی: كابینه‌ی عمران خان دوای ئه‌وه‌ی به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ متمانه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانی له‌ده‌ستدا، تاكه‌ بژارده‌ش له‌به‌رده‌م عمران خان وازهێنان بوو له‌ ده‌سه‌ڵات.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی پاکستان دەشڵێت: دواتر عمران خان بڕیاریدا بێتە سەر شەقامەکان و بایکۆتی ئەنجوومەنی نیشتمانی بکات، بەڵام ئەندامانی پەرلەمان گرنگییان بە هەڵوێستی ئەو نەدا و ئەدای ئەنجوومەنی نیشتمانی باش بوو، چونکە یاساگه‌لێكی گرنگی په‌سه‌ند كرد.
هەروەها سەبارەت بە حوکمڕانی لە پاکستان جەختی لەوە کردەوە: ئەوە بەرپرسیارێتی ئەو نوێنەرانەیە کە خەڵک بە پشتبەستن بە دەقی دەستووری پاکستان هەڵیاندەبژێرن.
پەروێز ئەشرەف هەروەها لەبارەی ئەدای سوپای پاکستان گوتی: سوپا ڕووبەڕووی تیرۆر دەبێتەوە، هێزە چەکدارەکانی پاکستان ئازایانە لە دژی تیرۆر شەڕیان کردوه‌ و قوربانی زۆریان داوه‌، لەسەر بنەمای ئەمە، پێموایە هێزی سوپای وڵات زۆر گرنگە بۆ بەرگریكردن. خەڵکی پاکستان زۆر شانازی بە هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە و ڕۆڵی ئەوان لە بەرگریکردن لە پاکستان دەکەن.