سه‌رۆككۆماری زیمبابوێ بۆ جاری دووه‌م سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا
ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ڵبژاردنی زیمبابوێ ڕایانگه‌یاند: ئێمێرسۆن منانگاگوا، سه‌رۆككۆماری ئه‌و وڵاته به سه‌ركه‌وتن له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م دواییه، توانی بچێته خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی.
به‌پێی ڕاپۆرتی تۆڕی هه‌واڵنێری فڕانس 24، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ڵبژاردنی زیمبابوێ ڕایانگه‌یاند: ئێمێرسۆن منانگاگوا، سه‌رۆككۆماری زیمبابوێ توانی بگاته خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و وڵاته، بەڵام لە هەمان کاتدا نەیارانی ئه‌و ئەنجامەکانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه، چاودێرانی نێودەوڵەتیش ڕایانگەیاند: ئەم هەڵبژاردنە نەیتوانیوه ستانداردە دیموکراسییەکان بەدیبهێنێت.
به‌پێی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی كه له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی زیمبابوێ بڵاوكراوه‌ته‌وه، منانگاگوای ته‌مه‌ن 80 ساڵه 52.6 له سه‌دی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی به‌ده‌ستهێناوه، له حاڵێكدا كه ڕكابه‌ری سه‌ره‌كیی ئه‌و واته (نلسۆن چامیسا) 44 له سه‌دی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه.
جاستیس چیگۆمبا، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی زیمبابوێ به په‌یامنێرانی ڕاگه‌یاند: منانگاگوا له حزبی زان‌و – پی ئێف به‌پێی پێویست وه‌ك سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی زیمبابوێ ڕاده‌گه‌یێندرێت.
ڕۆژانی چوارشه‌ممه و پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو ده‌نگده‌رانی زیمبابوێ بۆ به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و په‌رله‌مانی، چوونه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان. پرۆسه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه به هه‌ندێ دواكه‌وتن به‌ڕێوه‌چوو، هاوكات نه‌یاران به‌هۆی ئه‌و دواكه‌وتنه تۆمه‌تی ساخته‌كاری و سه‌ركوتكردنی ده‌نگده‌رانیان ڕاگه‌یاند.
هاوكات له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له كۆنفرانسێكی هه‌واڵنێریدا، لایه‌نگرانی حزبی ده‌سه‌ڵاتداری (زان‌و – پی ئێف)ی زیمبابوێ به‌بۆنه‌ی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه ئاهه‌نگیان گێڕا.
پرامیس مكوانانزی، وته‌بێژی حزبی پامیسا ناسراو به "هاوپه‌یمانی هاووڵاتیان بۆ گۆڕان) ڕایگه‌یاند: ئه‌و حزبه به‌ڵگه‌نامه‌ی تایبه‌ت به ئه‌نجامه كۆتاییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی واژۆ نه‌كردووه و ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی پێ ڕاست نییه.
ئه‌و به تۆڕی هه‌واڵنێری فه‌ڕه‌نسای گوت: ئێمه ناتوانین ئه‌و ئه‌نجامانه قبوڵ بكه‌ین. حزبی ئێمه به‌مزوانه هه‌ڵوێستی خۆی ڕاده‌گه‌یێنێت.
چاودێران، هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی زیمبابۆییان بە پێوەرێک زانی بۆ ئاستی پشتیوانی لە پارتی زان‌و - پی ئێف، پارتێک کە زیاتر لە ٤٣ ساڵە حوکمڕانی وڵاتەکەی کردووە و ئێستا تووشی قەیرانی ئابووری هاتووه و تۆمەتباره به ستمكاری.
چاودێرانی بیانیی ئەم هەڵبژاردنانە، ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند: پڕۆسەی هەڵبژاردنه‌كه بەپێی پێوەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان نەبووە.
چاودێرانی یەکێتیی ئەورووپا، یه‌كێتی وڵاتانی هاوسوود و کۆمەڵگەی گەشەپێدانی باشووری ئەفریقا، ناڕەزایەتییەکانیان بۆ هەڵبژاردنەکە خستەڕوو، لەوانە قەدەغەکردنی گردبوونەوەی ئۆپۆزسیۆن، پرسی تۆمارکردنی دەنگدەران، ڕووماڵکردنی لایەنگریی میدیای دەوڵەتی و تۆقاندنی دەنگدەران.
ڕیجویس نگونیا، شرۆڤەکارێكی سیاسی زیمبابۆی دەڵێت: ئەم هەڵبژاردنە پڕ بوو لە ناڕێکی و خەڵکی زیمبابوێ پێی دڵخۆش نەبوون. پارتی هاوپەیمانی هاووڵاتیان بۆ گۆڕان هۆکاری دروستی هەیە بۆ چوونە بەردەم دادگا و تەحەدای ئەنجامی هەڵبژاردن.
چیگومبا گوتی: منانگاگوا زیاتر لە 2.3 ملیۆن دەنگی مسۆگه‌ر كردووه و چامیساش زیاتر لە 1.9 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە.
هەروەها سەرۆکی زیمبابۆی توانیویەتی زیاتر لە 50%ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و بەم شێوەیە توانی سەرکەوتنی خۆی لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا پشتڕاست بکاتەوە. ئاستی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکاندا 69% ڕاگەیەندرا.
منانگاگوا کە به‌هۆی بێبەزەیی به تیمساح ناسراوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٧دا دوای کودەتایەک کە بووه هۆی ڕووخانی حكوومه‌تی ڕۆبەرت مۆگابی سەرۆکی پێشووی ئه‌و وڵاته، ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست.
دوای ساڵێك، منانگاگوا له هه‌ڵبژاردنێكدا توانی شكه‌ست به سه‌رۆكی ئۆپۆزسیۆن بێنێت، دوای ئه‌وه‌ی كه به ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردن تۆمه‌تباری كرد.
هه‌ڵبژاردن ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو له زیمبابوێ له ڕووداوێكی بێوێنه، ئه‌ویش به‌هۆی دواكه‌وتن له به‌چاپگه‌یاندنی پسوله‌ی ده‌نگدان له هه‌ندێ ناوچه‌ی گرنگ له‌وانه‌ش بازنه‌ی شاری هه‌راره، بۆ ڕۆژی پێنجشه‌ممه درێژكرایه‌وه.
چامیسا دواکەوتنەکانی بە "نموونەیەکی ڕوونی سەرکوتکردنی دەنگدەران و نموونەیەکی کلاسیکی ساختەکارییەکانی سەردەمی بەردین" وەسفکردووە.
کاتێک زیمبابۆی لەژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیادا بوو، بە "رۆدێزیا" ده‌ناسرا، بەڵام لە ساڵی ١٩٦٥ لە دەسەڵاتی لەندەن جیاکرایەوە و لە ساڵی ١٩٨٠ دوای شەڕێکی پارتیزانی درێژخایەن، سەربەخۆیی بەدەستهێنا و ناوی گۆڕدرا بۆ زیمبابۆی.
هەروەها لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ڕاگه‌یێندرا كه حزبی زان‌و-پی ئێف سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه. بەگوێرەی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی كه کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگه‌یاندووه، ئەم حزبە توانی 136 کورسی بەدەستبهێنێت لە کۆی گشتی 210 کورسی کە لەم هەڵبژاردنەدا کێبڕکێی لەسەر کراوه، هاوکات پارتی هاووڵاتیان بۆ گۆڕان توانی 73 کورسی بەدەستبهێنێت. هەروەها بەهۆی مردنی کاندیدێکەوە کورسییەک یەکلایی نەکراوەتەوە. ٦٠ کورسی دیکەش بۆ ئەو ژنانە تەرخانکرا کە لە چوارچێوەی دابەشکردنی پشکەکان بە پشتبەستن بە لیستی حزبەکان دیاریكراون.