بەشی هەڵبژاردنی پارتی: لەگەڵ هەڵبژاردنین بەهەر سیستەمێک بکرێت
بڕیاردەری بەشی هەڵبژاردنی پارتی دەڵێ: ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن بەردەوامن و پارتی لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنە بەهەر شێوازێک بکرێت.
نیازی حەمە عەزیز، بڕیاردەری بەشی هەڵبژاردنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی ڕاگەیاند: بەشی هەڵبژاردنی پارتیمان بەردەوامە لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئێستا خەریکی بەڕێوەبردنی ژمارەیەک خولی ڕاهێنانین بە کادیرەکانمان، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن زیاتر خۆمانی بۆ ئامادە دەکەین.
لەبارەی سکاڵاکانی سەر یاسای هەڵبژاردن بڕیاردەری بەشی هەڵبژاردن گوتی: ڕاستە برادەرانی یەکێتی سکاڵایان تۆمارکردووە لەسەر سیستەمی هەڵبژاردن، هەرچەندە ئێمە وەک پارتی پێمان باشە هەموو کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت، ئەگەریش بکرێتە چەند بازنە کێشەمان لەگەڵ سیستەم نییە.
نیازی حەمە عەزیز ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پارتی دەیەوێ هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و نابێتە ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەکە، چونکە ئەمجارە هەڵبژاردن دوا بخرێت زیانی گەورە بە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی دەگەیەنێ، لەبەر ئەوەی پارتی خۆی بە خاوەن و بەرگریکاری هەرێم دەزانێت هەمیشە پێداگیری کردووە هەڵبژاردن بکرێت و دوا نەخرێت.