ژمارەی لیستەکانی هەڵبژاردنی مامۆستایان دیاریکرا

ژمارەی لیستەکانی هەڵبژاردنی مامۆستایان دیاریکرا

سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان ئاشکراى کرد بڕیارە ڕۆژی ٣ى کانوونى یه‌كه‌می ئەمساڵ هەڵبژاردنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بەڕێوە بچێت، بۆ ئەم مەبەستە بە شێوەی تیروپشک ژمارەی لیستەکان دیاری کراوە.
ئەحمەد سابیر، سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: "لیستەکە لە ژمارە (١٠٢) دەست پێدەکات تاوەکوو ژمارە (١٠٩) کە تێیدا هەشت لیست پێشبڕکێی هەڵبژاردنی یەکێتیی مامۆستایان دەکەن و دابەشکراونەتە سەر ١٢ بازنە".
گوتیشى: ناو و ژمارەی لیستەکان بەمشێوەیەیە:
-‌ ژمارە (١٠٢) لیستی مامۆستایانی نیشتمان - (پارتی).
- ژمارە (١٠٣) لیستی مامۆستایانی یەگرتووی ئیسلامی.
- ژمارە (١٠٤) لیستی مامۆستایانی زەحمەتکێشان.
- ژمارە (١٠٥) لیستی مامۆستایانی سۆشیالیست.
- ژمارە (١٠٦) لیستی مامۆستایانی یەکێتیی نیشتمانی.
- ژمارە (١٠٧) لیستی مامۆستایانی پێشەنگ - (کۆمەڵی دادگەری).
- ژمارە (١٠٨) لیستی مامۆستایانی گەشەپێدانی تورکمانی.
- ژمارە (١٠٩) لیستی مامۆستایانی کلد و ئاشوور.
باسى لەوەشکرد: "بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 3/12/2023 بەڕێوە بچێت و تەنها ئەو مامۆستایانە مافى دەنگدانیان دەبێت کە خاوەن پێناسى یەکێتیى مامۆستایانن".
یەکێتیی مامۆستایان لە 15ی ئایاری ساڵی 1962 دامەزراوە، خاوەنی زیاتر له ٨٢ هەزار ئەندامی خاوەن ناسنامەیە، 12 لقی هەیە، لە شارەکان و قەزاکانی هەرێمی کوردستان، 27 ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و 15 ئەندامی سکرتاریەتی هەیە.