كۆمسیۆن دوو ڕێگا دیاریدەكات بۆ سەركەوتنی ئافرەت لە هەڵبژاردنە خۆجێیییەكانی داهاتوودا

كۆمسیۆن دوو ڕێگا دیاریدەكات بۆ سەركەوتنی ئافرەت لە هەڵبژاردنە خۆجێیییەكانی داهاتوودا

ڕۆژی چوارشەممە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ئاماری كۆی گشتی پاڵێوراوە پیاو و ئافرەتەكانی ڕاگەیاند، هەروەها میكانیزمی هەژماركردنی كورسی (كوتا)ی ڕوونكردەوە.

ئەحلام ئەلجابری، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕاگەیاند: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، كۆمسیۆن بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕاوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەی، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، كاری لەسەر ڕاهێنانی پاڵێوراوە ئافرەتەكان كردووە، بۆ ڕۆشنبیركردنیان لەبارەی هەڵبژاردنەكان و بەدەستهێنانی ئاسایشی كەسی و ئەلیكترۆنی. هەروەها ڕایگەیاند كە ئەمە دەرفەتێكی باشە بۆ پێشكەشكردنی هەندێك زانیاری بەمەبەستی بەرگریكردن لە مافەكانیان و لە دەقە یاساییەكان.

هەروەها ڕوونیكردەوە، (كوتا) بریتییە لە بەشداریكردنی ئافرەتان بەڕێژەیەك كە لە 25% كەمتر نەبێت. هەندێك پاڵێوراوی ئافرەت، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە (كوتا) بێت سەردەكەون، ئاماژەی بەوەدا كە ئەگەر لە بازنەیەكی هەڵبژاردندا، (كوتا) بەدەست نەهات، دەكرێت بەرزترین پاڵێوراوی ئافرەتی سەرنەكەوتوو شوێنی بگرێتەوە.

هەروەها گوتی: كۆی گشتی پاڵێوراوان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، گەیشتە 6هەزار پاڵێوراو، لەنێوانیاندا 1657 پاڵێوراوی ئافرەت هەن. ئاماژەی بەوە كرد كە پاش سێ كورسیی پیاوان، كورسییەكی (كوتا) بۆ ئافرەتان تەرخان دەكرێت، بەڵام لە هەندێك بازنە، ئافرەتان بە هێزی دەنگەكانیان سەردەكەون.

یەكشەمەی ڕابردوو، لەژێر ناوونیشانی (هۆشیاری هەڵبژاردن و پارێزبەندیی ئەمنی و ئەلیكترۆنی بۆ ئافرەتە پاڵیوراوەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان) چالاكییەك بەڕیوەچوو بۆ ڕاهێنانی ئافرەتە پاڵێوراوەكان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان.