کۆمسیۆن: داواکارین ئەوانەی کارتی دەنگدانیان نییە ئەم دەرفەتە لەدەست خۆیان نەدەن
جێگری بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ھەولێر گوتی ، پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران تاوەکو ٢٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و ھەموو ئاسانکاریەک بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کارتی دەنگدانیان نییە، بە تایبەت ئەوانەی لە ساڵی ٢٠٠٦ لەدایکبوون، بۆیە داواکارین ئەو کەسانەی کارتی دەنگدانیان نییە بێن خۆیان لە پرۆسەی بایۆمەتری تۆمار بکەن و ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن.
جێگری بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ھەولێر، بۆتان شێرکۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ٢٠ ڕۆژ دانراوە بۆ تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران لە پرۆسەی بایۆمەتری و دەنگدەران بەردەوام ئێستا سەردانی بنکەکانی ئێمە دەکەن و ئێمەش ناویان تۆمار دەکەین و ئەمەش بۆ ئەو کەسانەیە بایۆمەتریان نەکردووە و ئەوانەی لەدایکبووی ٢٠٠٦ن ، کە تازە تەمەنیان بۆ دەنگدان دەبێت، بۆیە ھەموو ئاسانکاریەکیان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بکەن و پرۆسەی بایۆمەتریان بۆ ئەنجام بدرێت و تیمی گەڕۆکیشمان ھەیە بۆ ئەوکەسانەی ناتوانن سەردانمان بکەن سەرادانیان دەکەین، بۆیە ڕۆژانە خەڵکێکی باشیش سەردانمان دەکەن و ھیوادارین خەڵکیش ئەم دەرفتە لەدەست خۆیان نەدهن و بێن خۆیان تۆمار بکەن، چونکە نازانرێت وادەکە درێژدەکرێتەوە یاخودنا و دواین وادەی ٢٠ی ئەم مانگەیە.
بۆتان شێرکۆ گوتیشی، ھەر کەسێک کارتی بایۆمەتری نەبێت بە وێنەوە مافی دەنگدانی نابێت، ھەر بۆیە پێویستە ئەوەی کارتی دەنگدانی نەبێت سەردانمان بکات بۆ خۆتۆمارکردن و ڕۆژانە تەنانەت ڕۆژانی پشوو و ھەینیش بنکەکانمان کراوەن لە سعات ٨:٠٠ی بەیانی تاوەکو سعات ٣:٠٠ی ئێوارە .
دەشڵێت، کارتێکی زۆری دەنگدان لە بەغدایە و چاوەڕێ دەکرێت پێش ھەڵبژاردنەکان بگەڕێتەوە و بەسەر دەنگدەران دابەش بکرێت، چونکە تاوەکو ئێستا بۆمان نەگەڕاوەتەوە.