ڕۆڵی هۆکارەکانی ڕاگەیاندن لە پرۆسەکانی هە ڵبژاردندا
ڕۆڵی هۆکارەکانی ڕاگەیاندن لە پرۆسەکانی هە ڵبژاردندا
ئامادەکردنی عەباس سوارە
بنچینەی ئەركی ڕاگەیاندن هێنانەدی گشتگیری و هاوبەشییە، بۆئەمەش پێویستە لێکتێگەیشتن هەبێت لە نێوان بواری ئەزموون و شارەزایی نێرەر و ئارەزووی وەرگر لە مامەڵکردنێکی دروست لەگەڵ بابەتەکان، واتا گەیاندنی زانیاریەکان بۆمەبەستێکی دیاریکراو و دروستکردنی کاریگەری لە سەریان لە پێناو بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی جەماوەر و بەدیهێنانی ئامانجێکی دیاریکراو لە پرۆسەکانی هەڵبژاردندا کە ئەویش بە دەستهێانی متمانەی خەڵک و وەرگرتنی دەنگی ئەو کەسانەیە کە بەپێی یاسا مافی دەنگدانیان دەبێت.
هەڵبژاردنیش پرۆسەیەکی دیموکراسییە بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات بەشێوەی ئاشتیانە، پرۆسەیەکیشە بۆ هێنانەدی ئاشتی و بەدامەزراوەییکردنی ململانێکان لەسەر دەسەڵات. ڕاگەیاندنیش ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بە ڕێگایەکی شیاو و یاسایی.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەگشتی ڕۆڵیان بەرچاوە، بەتایبەت لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەمەرجێک پیشەییانە کاربکەن، ئەوکاتە کارەکانیان دەچێتە بواری خزمەتکردن بە نیشتیمان و نەتەوە. دەشتوانن سۆزی هاوڵاتیان ڕابکێشن، ئەوکاتە ڕاگەیاندن دەبێتە سەکۆیەک بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات، ئەگەر بەپێی پلان و بەرنامە کارەکانی ئەنجام بدات.
ڕاگەیاندن کاریگەری زۆری هەیە لەسەر کۆمەڵگە و دەتوانێت ڕای گشتی دروست بکات. ڕۆڵیشی دەبێت لەسەرگۆڕانکارییەکان. زۆرجاریش لەژێر کاریگەریی ڕاگەیاندنەکان دەسەڵات ناچار دەبێت بە بڕیارەکانیدا بچێتەوە.
ڕاگەیاندن ڕۆڵی زۆرە لەسەر گۆڕینی ڕوئیای جەماوەر بەرامبەر بە پرسە جۆراوجۆرەکان، بۆیە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا پارتە سیاسییەکان کاندیدانیش دەتوانن ڕای دەنگدەران بگۆڕن بەو پەیام ودروشمانەی کە لەلای دەنگدەران پەسەندە، ڕاگەیاندن کاریگەریی زۆرە لەسەر ڕۆشەنبیری و گەشەکردنی کۆمەڵگە لە گشت بوارێکدا.
لێرەدا تیشک دەخەینە سەر گرنگی کەناڵ وتیڤیەکان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا.
کەڵک وەرگرتنی پارتە سیاسییەکان لە هۆکارەکانی ڕاگەیاندن بە تایبەت تەلەفزیۆن گرنگیەکی زۆری هەیە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، چونکە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن هۆکارێکی گرنگن ولەپەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ جەماوەر بەگشتی و دەنگدەربەتایبەت، زیاتریش لەو وڵاتانەدا کە هاوڵاتیانی گرنگی بە سەیرکردنی کەناڵەکانی تەلەفزیۆن دەدەن و بینەری بەرنامەکانی تەلەفزیۆن و کە ناڵەکان زۆرە.
بەڵام پێویستە یاسا هەبێت بۆ فلتەرکردنی بەرنامەکانی تیڤی و دیاری بکرێت کام بەرنامە ڕێگە پێدراوە و کامیان ڕێگە پێنەدراوە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا کە ماوەکەی دیاری دەکرێت بەشێوەی فەرمی لەلایەن ئەو دەستەیەوە کە پرۆسەکە دەبات بەڕێوە.
ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ڕووی کاتەوە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە هەروەک چۆن شێوازەکانیشی جۆراوجۆرە، بەڵام ماوەیەک پێش ئەنجامدانی پرۆسەکە بانگەشە دەبێت بوەستێت، دوای ئەوەش ڕێگە نادرێت تیڤیەکان هەچ بابەتێک سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن پەخش بکەن.
ڕاگەیاندن کاریگەری هەیە لەسەرهاوڵاتیان و ئەو پارتە سیاسیانەش کە ڕکابەریی یەکتردەکەن لە کاتی پرۆسەکانی هەڵبژاردندا، هەروەها کاریگەری هەیە لەسەر کاندیدەکان، ڕاگەیاندن ئاسانکاری دەکات بۆ دروستکردنی ڕای گشتی لای دەنگدەروکاریگەری بەردەوامە لەسەر هوشیارکردنەوەی دەنگدەر، هۆکارێکی گرنگیشە بۆ چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنی دەنگدەر لەلایەن ئەو دەستەیەی کە هەڵبژاردنەکە دەبات بەڕێوە ئەویش بە ڕاکێشانی هەست و سۆزی هاوڵاتیان بە پەخشکردنی ئەو بەرنامە و بابەتانە کە بەلای جەماوەرەوە گرنگن لە کەنەڵەکانی تەلە فزیۆن.
ئامانجی گشتی لە ڕوماڵکردنی ڕاگەیاندن لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنە دیموکراتییەکان بە هۆی گەیاندنی ڕاپۆرتەکانی ڕاگەیاندن بەشێوەیەكی پاک و بێلایەن.
پێویستە لێکتێگەیشتن هەبێت لە نێوان پارتە سیاسییە ڕکابەرەکان و کاندیدانی هەڵبژاردن و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ پەخشکردنی بەرنامەکانی بانگەشە، وەک بەرنامەی هەواڵی ڕاست و باوەڕپێکراو، ڕاپۆرتی هەواڵی و گفتوگۆی تەلەفزیۆنی نێوان سەرکردە سیاسییەکان. دیبەیت، کە لایەنێکی گرنگ و پێویستی بانگەشەی هەڵبژاردنە.
مافی هەمووپارتێکی سیاسی وکاندیدێکیشە پەیوەندی هەبێت لەگەڵ هەموو هۆکارەکانی ڕاگەیاندن وەک تەلەفزیۆن و ڕادیۆ، مافی خۆشیانە کەڵکیان لێ وەربگرن بۆ مەبەستی بانگەشەکردن بۆ خۆیان لەکاتی پرۆسەکانی هەڵبژاردندا، بەپێی ڕێنمایی و لە چوارچێوەی یاسادا. بەشێکی زۆری دەنگدەرانیش زانیارییەکان سەبارەت بەکاروباری سیاسی و ڕوداو و گۆڕانکارییەکان لەڕێگەی هۆکارەکانی ڕاگەیاندن دەستیان دەکەوێت. هیچ کەناڵێک و پێشکەشکارێکیش ڕێگەپێدراونییە کە کاریگەری لە ڕای گشتی بکات بۆ بەرژەوەندی پارتێکی سیاسی یان کاندیدێکی دیاریکراو بەشێوەی جیاواز.
لە هەندێک کاتدا، پارتە دەسەڵاتدارەکان یاری بە هۆکارەکانی ڕاگەیاندن دەکەن بەتایبەت لەو ڕاگەیاندنانە کە دەوڵەت خاوەنداریەتییان دەکات و کەڵکیان لێ وەردەگرن بۆ پەخشکردنی بەرنامەی تایبەت و ڕاپۆرتی هەواڵی، هەواڵ، چاوپێکەوتن وگفتوگۆی سیاسی و بەرنامەی ناسیاسی یان بانگەشەکردن بۆ پارتی دەسەڵاتدار لەناو بەرنامەی جۆراوجۆردا وەک پەخشکردنی فیلم و زانیاری گشتی بەشێوەی ناڕاستەوخۆ، بەڵام لە کۆتاییدا چالاکییەکانیان دەچێتە خزمەت پارتە دەسەڵاتدارەكان.
پەیڕەو و یاساکانی پەیوەندیدار بە ڕاگەیاندن لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا،
ئەمانەی خوارەوە دیاریدەكەن:
*پارتە سیاسییەکان و کاندیدانی هەڵبژاردن ئازادن لە بانگەشەکردن بۆ خۆیان.
*چۆنیەتی دابەشکردنی کات و شوێنی دیاریکراو بۆ کاندید و پارتە سیاسییەکان.
* ئایا ئەوخەرجییانەی هەڵبژاردن کە کاریگەرییان لەسەر هەڵمەتی بانگەشە هەیە، سنووردارن؟
*ئایا پێویستە كات و ناوەڕۆكی بڵاوكراوەكانی هەڵبژاردن دیاری بكرێن؟
*ئەو ئەركە چیە كە پێویستە ڕاگەیاندن بیگوازێتەوە لە بارەی هۆشیاركردنەوەی دەنگدەراندا؟
*ئایا مافی وەڵامدانەوە لە بارەی خراپی نوێنەرایەتی ڕاستەقینە لە هۆكارەكانی ڕاگەیاندندا فەراهەم دەكرێت؟
*ئایا ڕێگە بە بڵاوكردنەوەی ئەنجامی ڕاپرسییەكان دەدرێت؟
*ئەو پەیڕەوانە كامانەن كە پێویستە بسەپێندرێت سەبارەت بە وشەی زبروگووتاری ناوزڕاندن؟
هۆکارەکانی ڕاگەیاندن هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی داتای هەڵبژاردن کە لەلایەن پارتە سیاسییە ڕکابەرەکان دەردەچێت. بەشێوەی گشتی هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی تەمویلکراو لەلایەن بودجەی دەوڵەت، جۆرێک لە پابەندییان بۆ دروست دەبێت بەرامبەر بە پارتە دەسەڵاتدارەکان و کاندیدەکانیان، بۆیە ناچار دەبن کە ئاسانکاریان بۆ بکەن بۆ بڵاوکردنەوەی وتاری ڕاستەوخۆ بۆ لایەنگران و دەنگدەرانیان لەسەر بنەمای یەکسانی.
لێرەدا هۆکارەکانی ڕاگەیاندنیش مافی ئەوەیان هەیە کە گرنگی بدەن بە پەخشکردن و بڵاوکردنەوەی زۆربەی بڵاوکراوەکانی ئەو پارتە سیاسی و کاندیدانەی کە بەلایانەوە گرنگترن
لەوانی تر.