هەڵمەتی هەڵبژاردن چییە؟

هەڵمەتی هەڵبژاردن چییە؟

هەڵمەتی هەڵبژاردن چییە؟
ئاماده‌كردنی: عباس سواره‌

له‌ هەڵمەتی هەڵبژاردن کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام ده‌درێن، کە تێیدا پارتە سیاسییەکان و کاندیدانی سەربەخۆ بەپێی ڕێنماییەکانی ئەو لایه‌نه‌ی کە هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، بانگەشە بۆخۆیان دەکەن. وەک هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان یان ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکان یان هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی دیكه‌.
ئامانج لە هەڵمەتی هەڵبژاردن هەوڵدانە بۆبەشداری پێکردنی زۆرترین ژمارەی دەنگدەر و بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بۆ بەرژەوەندی کاندیدانی پارتەکەیان و سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکە، بۆیە سەنگی سیاسی هەر پارتێک و هەرکاندیدێکیش بە سندوقەکانی دەنگدان دەپێورێت لەو وڵاتانە کە پشت دەبەستن بە هەڵبژاردن بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات.
هەڵمەتەکانی هەڵبژردن بە چەند قۆنا‌‌غێکی دیاریکراودا تێپەڕ دەبێت.
یەکەم. قۆناغی پلان و ئامادەکاری
لەپێناو ئەنجامدانی هەڵمەتێکی سەرکەوتووی هەڵبژاردندا، پێویسته‌ ئامادەکاری پێشوەختە و بیرکردنەوەیەکی ڕێکخراو هه‌بێت، ئەم هەنگاوانەی کارکردنیش کە بەم قۆناغەدا تێدەپەڕ دەبێت دەکرێت بەمشێوەیەی خوارەوە کورت بکرێتەوە: 
أ. بڕیاردان لە بەشداریکردنی هەڵبژاردن گرنگترین هەنگاوە لەم قۆناغەدا و بڕیاردان لە خۆ کاندیدکردنیش زۆر گرنگترە بەجۆرێك تا زوتر ئەم بڕیارە بدرێت باشترە، چونکە بەشێکی گەورە لەم چالاکیانە کۆتایی دێت و بانگەشەیەکی سەرکەوتوو دەست پێ دەکات.
ب. زۆر زووتر لە ئەنجامدانی پرۆسەی هه‌ڵمه‌تی هەڵبژاردن، هەندێک لە کاندیدەکان بانگەشە دەست پێ دەکەن بێ ئەوەی ناوی خۆیان ڕابگەیەنن، بۆیە ئەمانە دەرفەتی سەرکەوتنیان زیاترە لەو کاندیدانە کە لە کاتێکی درەنگتر و ماوەیەکی کەم پێش هەڵمەتی هەڵبژاردن بڕیاری بەشداریکردن لە پرۆسەکە دەدەن و بەخێرایی دەست بە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکەن.
دووەم. دیاریکردنی ئامانجی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن.
ئەم هەنگاوە پەیوەندیدارە بە بڕیاری بەشداریکردن لە هەڵبژاردن کە بڕیاری کۆتاییە و پەیوەندیدارە بە دیاریکردنی ئامانجی سەرەکی، کە ئه‌ویش بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمانە و ئامانجی پارت و کاندیدەکانی هەڵبژاردنە لە گشت پرۆسەکانی هەڵبژاردندا.
نکۆڵی لەوەش ناکرێت کە بەشێک لە کاندیدەکان ئامانجی تریشیان هەیە لە بەشداریکردن لە هەڵمەتی هەڵبژاردن وەک:
1. برەودان بە بیرۆکەکانی پارتی سیاسی.
2. بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ده‌نگده‌ر و گرنگیدانی سیاسی بە بازنەکانی هەڵبژاردن.
3. برەودان بە کەسایەتی سیاسی کاندید.
4. چالاکكردنی ڕێکخراوی حزبی و ناوچەیی و ڕاهێنانی کادیرەکان.
5. ئامادەکاری پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان یان ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاکان.
6. ئامادەکاری بۆ هەڵمەتێکی دیکەی هەڵبژاردن کە دواتر ئەنجام دەدرێن.
لەهەمان کاتدا دەکرێت کار بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین ئامانجی سیاسی و جۆراوجۆر بكرێت. بەڵام لە هەموویان گرنگتر و بەرچاوڕوونی ئەم ئامانجانە، درووستکردنی کۆدەنگییە لە ئه‌ندامانی تیمی سەرەکی کە هەڵدەستێت بە به‌ڕێوه‌بردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن و دیاریکردنی گرنگترین ئامانجه‌ لە نێوان کۆی ئامانجەکان بەوردی. هەر ڕیزبەندییەکیش پێویستە پێشینەکانی بەڕێگای جۆراوجۆر لە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردندا دیاریکراو بن. 
سێیەم. هەڵبژاردنی کاندیدی گونجاو.
کاندید ئامڕازێکی سەرەکی پارتی سیاسییە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، کاندید ئەو کەسەیە کە بەناوی حزبەوە قسە دەکات و بیر و بۆچونەکانی حزب دەخاتە بەردەم هاوڵاتیان، بۆیە بڕیاری هەڵبژاردنی کاندیدی گونجاو دەبێت ئەو گرنگییەی پێ بدرێت کە شایەنیەتی، بەڵام لە ڕوانگەی پراکتیکییەوە بوونی کاندید پێش گشت هەنگاوەکانیتر دەکەوێت.
لە سایەی سیستەمی هەڵبژاردنی تاک بازنەکان، کە ئێستا لە هەندێک وڵات پەیڕەو دەکرێت زۆربەیجار هەبوونی ئەوانەی بەسەرکردایەتی ئاسایی دادەندرێت لە چالاکوانانی حزب لەناو تاکەکانی بازنەدا، پاساوێکە بۆ ئەوەی بیر لە کاندیدبوون لە هەڵبژاردنەکاندا بکرێتەوە، بەجۆرێک لە سۆنگەی کەسایەتی ئەو کاندیدەوە چەند هەنگاوێکی دیکە هەیە لە پرۆسەی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن. کاتێک سەیری ئەندامانی ئه‌نجوومه‌نی گەل لە خولەکانی ئەم دواییە دەکەین، دەریدەخات کە ناتەبایی گەورە لە نێوان تایبەتمەندییەکانی کاندیدە سەرکەوتووەکاندا هەیە.
ئەمەش وادەکات کە دانانی پێوەرە وردەکان بۆ دەستنیشانکردنی پاڵێوراوەکان زەحمەت بێت. لە زۆرحاڵەتدا کاندیدە خوازیارەکان دەستپێشخەری دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان بخەنە ڕوو و وەک کاندید مامەڵە بکەن، پێش ئەوەی حزبەکانیان بڕیارێک لەم بارەیه‌وە بدەن، تەنانەت ئەگەر حزبەکانیان بڕیاری دوورخستنەوەیان بدات و لە لیستەکەكانایان ده‌ریان بێنێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەیان، ئەمەش ژمارەیەکی زۆری کاندیدەکانی هه‌ڵبژاردن لەو چالاکوانانەن کە حزبەکەیان بۆ کاندیدبوون ڕێگریان لێ دەکات.
هەندێك حزب شارەزایی باشی هەیە له‌ هه‌ڵبژاردنی كاندیدی گونجاو، هەندێک حزبیش ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە، ئەمەش وادەکات دەستنیشانکردنی كاندید لەسەر بنەمای باشترینیان زەحمەت بێت، زۆرجار دەبێتە مایەی دووبەرەکی لە نێوان كاندیده‌كانی حزب و هەندێکیان دژ بە بڕیاری حزب وەک سەربەخۆ خۆیان کاندید دەکەن، حزبەکانی دیکە زۆرجار ڕووبەڕووی گرفتی نەبوونی کاندیدی بە توانا دەبنەوە، تەنانەت هەندێکیان تەنها لە چەند بازنەیەکی دیاریکراودا کاندیدیان دەبێت.
.1 ئەندامانی پەرلەمانی ڕابردوو.
ئەندامانی خولی پێشووی پەرلەمان شارەزایی زۆریان هەیە لەهەڵبژاردن، بەڵام زۆربەیان بەهۆی ئەوەی کە دەستیان نەگرتووە بە متمانەی دەنگدەر بەتایبەتی و جەماوەر بەگشتی، بۆیە ڕوونە کە پەیوەندی باشیان نییە لەگەڵ ده‌نگده‌ر و ئەوانە گونجاو نیین کە جارێکی دیكه‌ کاندید بکرێتەوە، بۆیە لە بەرژەوەندی پارتی سیاسییە کە بیر لە دانانی کاندیدی نوێ بکاتەوە، بەڵام ئەوە بڕیارێکی ئاسان نییە بۆ پارتی سیاسی کە ئەندامانی خولی پێشوو دووربخاتەوە لە کاندید بوونیان بۆ خولی داهاتوو بەتایبەت کە زۆرێک لە ئەندامانی پێشووی پەرلەمان ڕەنگە لە سەرکردەکانی پارتەکە بن، ئەوەش ڕووبەڕووی تەنها ژمارەیەک پارتی سیاسی دیاریکراو دەبێتەوە کە ململانێ یان دابەش بوون هەیە لە ناویدا.
2. سەرکردایەتی سرووشتی:
ئەو کاندیدانەی کە دەستیان گرتووە بە متمانەیان و پەیوەندی باش و بەردەوامیان لەگەڵ جەماوەر هەیە، دەرفەتی سەرکەوتنیان زۆرترە لە هەڵبژاردنەکاندا، ئاستی جەماوەری کاندیدی پێشبیبنیکراو بۆ داهاتوو دەکەوێتە سەر ڕابردووی ئەو کەسانە لە ڕابردوودا له‌م بازنه‌یه‌ چەند چالاک بوونه‌ کە بڕیارە خۆیان تێیدا کاندید بکه‌ن، ئایا چەند بەشدار بوونە لە کاری خزمەتگوزاری وەک هاوکاری هەژاران، نێوەندگیری لە نێوان هاووڵاتیان و کاربەدەستانی دامودەزگاکانی دەوڵەت بۆ مەبەستی ئاسانکاری و ڕاییکردنی کارەکانیان، ئایا تا چەند بەشداربووە لەناو ڕێکخراوە خزمەتگوزارییەکان.
3   کەسایەتی سیاسی ناوچەیی 
ئەوجۆرە کەسانە زۆر گونجاون کە کاندید بکرێن و شانسی سەرکەوتنیان زۆرە بەتایبەت کە لە خولەکانی پێشوودا بەشدار بوونه‌، چونکە ئەو جۆرە کەسانە ناسراون و ڕەنگە کاری زۆر و چالاکی جۆراوجۆریشیان ئەنجام دابێت، وەک کارکردن لە ڕێکخراوەکان و چالاکی پارتی سیاسی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لەم ناوچەیەی کە خۆیان تێیدا کاندید دەکەن، بۆیە زۆر ناسراون و ئاسان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە دەنگدەران و دەرفەتی سەرکەوتنیشیان زۆرە.
4. کەسایەتی سیاسی نەتەوەیی:
لە نێوان بەرپرسانی حکومی و حزبی لەسەر بنەمای نەتەوەیی واتا ئەو کەسانە کە کەسانی نەتەوەیین و ناسراون، یان ئەوکەسانە کە زۆر گرنگی بە کاری ڕاگەیاندن دەدەن و زۆریش دەردەکەون، ئەوانە کەسانی جەماوەرین و ناسراون لای جەماوەر و دەنگدەرانی بازنەکەش، ئاسان دەتوانن بگه‌نه‌ جەماوەر و زمانی گفتوگۆش لەگەڵیان ده‌زانن، بۆیە دەردەکەوێت کە پشتگیرییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە.