سیستەمی سیاسی وحوکمڕانی لە وڵاتی سویسرا

سیستەمی سیاسی وحوکمڕانی لە وڵاتی سویسرا

عباس سواره‌
سویسرا ساڵی 1499سەربەخۆیی لە ئمپڕاتۆریەتی ڕۆمانیا وەرگرتووە، ساڵی 1515 بێلایەنی خۆی لە کێشە و ململانێ نێودەوڵەتییەکان ڕاگەیاندووە، لە ساڵی 1848وە سیستەمی فیدراڵی پەیڕەودەکات لەسەر شێوازی سیستەمی کانتۆنات و لەساڵی 2000دا بۆتە ئەندامی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان.
سویسرا دێموگرافیای دانیشتوانی جۆراوجۆرە لە ژمارەیەک نەتەوە و ئایین و ئاینزای جیاواز پێکدێت وەک ئیتاڵی، فرەنسی و ئەڵمانی، لە ڕووی ئایینیش مەسیحی کاسۆلیک و پڕۆتستانت و موسوڵمانیش هەیە.
سویسرا بە وڵاتی ڕاپرسییەکان ناسراوە چونکە بۆ بابەتە سیاسی و سەربازییەکان یان بابەتە چارەنووسسازەکان ڕای هاوڵاتیانی وەردەگرێت، ساڵانە 3 بۆ 4 جار فۆڕمی ڕاپرسی بەسەر هاوڵاتیانیدا بڵاو دەکاتەوە، بەپێی دەستووری وڵات 100 هەزار کەس دەتوانن داوای هەمواری دەستوور بکەن و 50 هەزار کەسیش دەتوانێت یاسایان بڕیاری پەرلەمان ڕەت بکەنەوە.
سیستەمی سیاسی سویسرا سیستەمێکی حوكمڕانی جیاوازە لە سیستەمی حوکمڕانی گشت وڵاتانی جیهان و مۆدیلێکی خۆبەڕێوەبەری تایبەتە بەهۆی ئەوەی، کە لە سویسرا لایەنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی یان ڕکابەری دەسەڵات بوونی نییە و هەموو هێزە سیاسییەکان لە دەسەڵاتن و بەهەموان وڵات بەڕێوە دەبەن، واتا سیستەمی سیاسی لەم وڵاتە نە سەرۆکایەتییە و نە پەرلەمانی و نە تێکەڵاوە بەڵکوو پێی دەگوترێت سیستەمی دەستەجەمعی بەڕێوەبەری وڵات لە سویسرا.
لە سویسرا گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە چونکە وڵاتێکی دیموکراسییە و زۆرجاریش بە دیموکراسی نیمچەڕاستەوخۆش ناودەبردرێت، هەندێک لە کانتۆنەکان کار بەسیستەمی کۆمەڵەی گشتی دەکەن و هاوڵاتیانیان لە گۆڕەپانێکدا کۆ دەکەنه‌وە و بە دەست بەرزکردنەوە ڕای خۆیان دەردەبڕن.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی بەشداری ئافرەتان لەو وڵاتەدا لاوازە، چونکە تا ساڵی 1971ماف نەدراوە بە ئافرەتان بەشداربن لە کایەی سیاسیدا بەتایبەت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا، واتا هەڵبژاردنی گشتی نەبوو بەڵکو تا ساڵی 1971یش لە سویسرا هەڵبژاردن مەرجداربوو.
یەکەم: سیستەمی حکومەتی ئەنجومەن
لەم حکومەتەدا دەسەڵاتی یاسادانان باڵاترە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و هاوشان نین و دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەستەیەکە لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانانەوە دیاری دەکرێت، هەر لەلایەن ئەوانیشەوە ئاڕاستە و چاودێریش دەکرێت و هەر لەناو ئەودەستەیەشدا کەسێک بەسەرۆک دیاری دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا کە سیستەمی سیاسی وڵات دەستە جەمعییە، بەڵام بەهۆی دیموکراسیبوونی وڵات دەسەڵاتی یاسادانان دەسەڵاتی باڵای هەیە بەسەر دامەزراوەی جێبەجێکردن، بۆیە ئەندامانی جێبەجێکردن بەرپرسیارن لەڕووی سیاسی لە بەردەم یاسادانان و ناتوانن فشاریشی لەسەر بکەن.
دووەم:حکومەتی دوو ئەنجومەنی
لە سویسرا کار بەحکومەتی دوو ئەنجومەنی دەکرێت و دەسەڵاتە باڵاکانیش لەلایەن کۆمەڵەی فیدراڵییەوە پیادە دەکرێن.
کۆمەڵەی فیدراڵیش لە دوو ئەنجومەن پێکدێت ئەوانیش ئەنجومەنی فیدراڵی یان کانتۆنەکان و ئەنجومەنی نیشتمانی کە ئەوەش نەرێتێکی سیاسییە کە هەمووسیستەمێکی فیدراڵی پێویستە لە دوو ئەنجومەن پێکبێت.
بەڵام سیستەمی فیدراڵی عێڕاق هەتا ئێستاش یەک ئەنجومەنی هەیە ئەوەشیان نەقس و کەموکوڕییەکی زەقە لە سیستەمی سیاسی عێڕاق و بۆتە مەترسییەکی گەورەش لەسەر داهاتووی ئەو وڵاتە.
سێێەم:
دەسەڵاتی فیدراڵی کانتۆنەکان
دەستووری فیدراڵی سویسرا دەسەڵاتی حکومەتی فیدرالی بەشێوەی حەسڕی دیاریکردووە، ئەو دەساڵاتانەی کە دەمێننەوە کانتۆنەکان دەتوانن پیادەی بکەن، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوە کە کێشە و گرفت لەسەر پیادەکردنی دەسەڵاتەکان نەمێنێت و هەرلایەک سنووری خۆی بزانێت.
یەکێك لە کێشە بەردەوامەکان لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و کانتۆنەکان قەیرانی دەسەڵات و دیارینەکردنی دەسەڵاتەکانە لە نێوانیاندا.
کێشەیەکی تر لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و کانتۆنەکان کێشەی سیفەتی کانتۆنەکانە کە پەیوەستە بە دەوڵەت و هەڵسوکەوتی سیاسیی لە ڕووی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتان یان لەگەڵ هەرێم و کانتۆنەکانیتر بۆ مەبەستی بەستنی ڕێککەوتن و پەیماننامەکان.
سویسرا لە دەستووری ساڵی 1874 سیفەتی دەوڵەتی بە کانتۆنەکان بەخشیبوو، بەڵام دەستووری ساڵی 1874 ئەم سیفەتەی لە کانتۆنەکان سەندەوە.
چوارەم: پسپۆڕیەکانی دەسەڵاتی فیداڵی.
- پسپۆریەکان لە کاروباری دەرەوە.
1- ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتی.
2- نوێنەرایەتی سویسرا لە وڵاتانی بیانی.
3- نوێنەرایەتی سویسرا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
4- بەستنی پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دەوڵەتانی بیانی.
- پسپۆڕیەکانی ناوخۆ.
1. دەرکردنی دراو بە هەردوو جۆری کاغەز و کانزایی.
2. کاروباری سەربازی و هێزی چەکدار.
3. هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان هەیە بە مەسەلەی باجی دارایی و بەرژەوەندییە ئابورییەکانی وڵات، کە بابەتێکی سیادییە و کانتۆنەکان مافی دەستوەردانیان نییە.
* بەڵام پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی هەر کانتۆێک و پاراستنی سنووریش لە ئەستۆی کانتۆنەکان دایە.
* کانتۆنەکان بۆیان نییە پەنا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی ببەن لە دژی یەکتر.
* کانتۆنەکان بۆیان هەیە داوای هاوکاری سەربازی لە دەوڵەتی فیدراڵی بکەن بۆ پاراستنیان لە هەر مەترسییەک.
* کانتۆنەکان بەپێی دەستووری سویسرا بۆیان نییە لەنێوان خۆیان ڕێککەوتنی سیاسی و سەربازی واژۆ بکەن، بەڵام لە بوارەکانی کارگێڕی، دادوەری، یاسایی و بواریتریش دەتوانن هاوکار و هاوئاهەنگ بن لەگەڵ یەکتر.
پێنجەم:
دەسەڵاتی کانتۆنەکان
1. ژمارەی کانتۆنەکان لە سویسرا 22 کانتۆنە کە بارودۆخێکی سیاسی و سەربەخۆیان هەیە و خاوەنی دەستوور و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆی خۆیانن.
2. کانتۆنەکان کەسایایەتی یاسایی نێودەوڵەتیان نییە بەڵام بۆیان هەیە لە هەندێک بواری وەک پۆلیس، گەیاندن، بازرگانی و ئیداری ڕێککەوتننامە واژۆ بکەن.
3. کانتۆنەکان یەک ئەنجومەنیان هەیە، دادگای فیدراڵیان نییە، چونکە سویسرا کاربە سیستەمی دادوەری دووسەرە ناکات.
شەشەم دەسەڵاتە فیدراڵییەکان
* دەسەڵاتی یاسادانانی فیدراڵی یان کۆمەڵەی فیدراڵی.
* دەسەڵاتی جێبەجیکردنی فیدراڵی یان ئەنجومەنی فیدراڵی.
* دەسەڵاتی دادوەری یان دادگای فیدراڵی.
1. کۆمەڵەی فیدراڵی: باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانانە لە وڵات کە لە دوو ئەنجومەن پێکدێت؛ ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەنجومەنی کانتۆنەکان، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی بریتییە لە 200 ئەندام هەر 24 هەزار هاوڵاتییەک نوێنەرێکی هەیە، هەر کانتۆنێکیش دەکرێتە بازنەیەکی هەڵبژاردن، شێوازی هەڵبژاردنیش سیستەمی ڕێژەیی و ڕاستەوخۆییە و ماوەی یاسایی کارکردنیشی 4 ساڵە.
2. ئەنجومەنی دەوڵەتەکان یان کانتۆنەکان.
لە نوێنەری کانتۆنەکان پێکدێت کە ژمارەیان 46 ئەندامە و هەر کانتۆنێکیش دوو نوێنەر و نیوکانتۆنیش یەک نوێنەری هەیە، کانتۆنەکان خۆیان شێوازی هەڵبژاردنیان دیاری دەکەن، هەندێکیان بەشێوازی ڕاستەوخۆ و هەندێکیشیان لە ڕێگەی پەرلەمانەکەیانەوە نوێنەرەکان دیاری دەکەن.
حەوتەم:
پسپۆرییەکانی کۆمەڵەی فیدراڵی
1. پسپۆرییە سیاسییە باڵاکان.
کۆمەڵەی فیدراڵی دەسەڵاتێکی زۆری هەیە لە سیاسەتی گشتی وڵاتدا و دەسەڵاتی هەیە بڕیار لە جەنگ و ئاشتی بدات و بەرگری لە سەروەری نیشتمانی سویسرا بکات.
2. پسپۆرییە یاسایییەکان
کۆمەڵەی فیدراڵی هەموو دەسەڵاتە تەشریعییەکانی پەرلەمانی هەیە لە بواری یاسادانان.
3. پسپۆرییەکانی جێبەجێکردن.
کۆمەڵەی فیدراڵی هەندێک پسپۆری پیادە دەکات کە پسپۆری دەسەڵاتی جیبەجیکردنە
وەک:
* هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی فیدراڵی
* هەڵبژاردسنی سەرۆک و جێگری سەرۆکی فیدراڵی لەناو ئەندامانی ئەنجومەنی فیدراڵی.
* هەڵبژاردنی ڕاوێژکاری فیدراڵی.
* هەڵبژاردنی ئەندامانی دادگای فیدراڵی.
* هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆکی دادگای فیدراڵی.
* هەڵبژاردنی ئەندامانی دادگای دڵنیایی فیدراڵی.
* هەڵبژاردنی سەرکردەی گشتی سوپا لە باری نائاساییدا.
* دانانی وەزیفە فیدراڵیە بەردەوامەکانیتر و دیاریکردنی مووچە.
* دیاریکردنی مووچەی هەموو ئەندامانی لقە گرنگەکانی فیدراڵی.
4. پسپۆڕی دادوەری.
1. کۆمەڵەی فیدراڵی هەندێک پسپۆڕی دادوەری هەیە بۆچارەسەری کێشەکان لەنێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادگای فیدراڵی.
2. چاو بەو تێهەڵچوونەوانەدا دەخشێنێتەوە کە لە دژی ئەنجومەنی فیدراڵی لە بابەتی ئیداری پێشکەش دەکرێت.
3. سەیری ئه‌و تۆمەتە تایبەتییانە دەکات کە لەلایەن کانتۆنەکانەوە دژی ئەندامانی هەرسێ دەسەڵاتەکەی فیدراڵی لە هەندێ تاوانی دیاریکراو پێشکەشی دەکرێن.
4. دەسەڵاتی لێبوردنی هەیە لەوانەی کە لەلایەن دەسەڵاتە فیدراڵیەکانەوە تۆمەتبارکراون و ئەوانەش کە بە لە سێدارەدان لە سایەی یاسای سەربازیدا حوکمدراون.
هەشتەم:
پسپۆڕییەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
یەکەم: کۆمەڵەی فیدراڵی پسپۆڕییەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن پیادە دەکات هەردوو ئەنجومەنەکەش بە زۆرینەی سادە بڕیار لەسەر ئەم بابەتانە دەدەن.
1- هەڵبژاردنی ئەنجومەنی فیدراڵی.
2- هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری فیدراڵی لەناو ئەنجومەنی فیدراڵی.
3- هەڵبژاردنی ڕاوێژکاری فیدراڵی.
4- هەڵبژاردنی ئەندامانی دادگای فیدراڵی.
5- هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆکی دادگا.
6- هەڵبژاردنی سەرکردەی گشتی سوپا لەباری نائاساییدا.
7- دانانی وەزیفە فیدراڵیە بەردەوامەکانیتر و دیاریکردنی مووچە.
8- دیاریکردنی مووچەی هەموو لقە گرنگەکانی فیدراڵی.
دووەم: پسپۆڕییە دادوەرییەکان.
1- چارەسەری کێشەی نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادگای فیدراڵی، کە ئەمەش پسپۆڕی دادوەرییە.
2- سەیری ئەو تێهەڵچوونەوانە دەکات کە دژی ئەنجومەنی فیدراڵی لە مەسەلەکانی ئیداری پێشکەش دەکرێن.
3- سەیری ئەو تۆمەتە تایبەتانە دەکات کە لەلایەن کانتۆنەکانەوە دژی ئەندامانی هەرسێ دەسەڵاتەکەی فیدراڵی لە هەندێ تاوانی دیاریکراو پێشکەش دەکرێن.
4- دەسەڵاتی لێبووردنی هەیە لەوانەی کە لەلایەن دەسەڵاتە فیدراڵییەکانەوە تۆمەتبارکراون و ئەوانەی بە لە سێدارەدان لە سایەی یاسای سەربازی حوکمدراون.
نۆیەم: ئەنجومەنی فیدراڵی
یەکەم:
1- ئەم ئەنجومەنە ئەرکی جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکانی وڵاتە و لە حەوت کەس پێکدێت، لەلایەن هەردوو ئەنجومەنەکەی کۆمەڵەی فیدراڵییەوە هەڵدەبژێردرێن.
2- بۆ ڕاییکردنی کارەکانی پێویستە بەردەوام 4 لە ئەندامەکانی ئامادەبن بڕیارییشیان بە زۆرینە دەبێت، هەروەها ئەنجومەنی فیدراڵی لە حەوت بەشی سەرەکی پێکدێت کە هەربەشێکیان لەلایەن ئەندامێکی ئەنجومەنی فیدراڵیەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
3- ئەندامانی ئەنجومەنی فیدراڵی دەتوانن بەشداری کۆبوونەوەکانی هەردوو ئەنجومەنی کۆمەڵەی فیدراڵی بکەن.
4- دەستوور ڕێگەی نەداوە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی فیدراڵی بۆ دووساڵی یەک لە دوای یەک هەڵبژێردرێن.
5- ئەندامانی ئەنجومەنی فیدراڵی بە نۆرە پۆستەکانی سەرۆک و جێگری سەرۆک بۆ ماوەی ساڵێک وەردەگرن.
6- دەسەڵاتەکانی سەرۆک ڕەمزی و پڕۆتۆکۆڵیە و گرنگترین وەزیفەکانی سەرۆک سەرۆکایەتی ئەنجومەنی فیدراڵی و ڕاوێژکاری فیدراڵیشە جگە لەوە سەرۆک هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەندامانیتری ئەنجومەن، سویسرییەکان دەڵێن سەرۆک یەکەمە لەناو یەکسانەکاندا.
7- سەرۆک هەندێک دەسەڵاتی هەیە لە باری نائاساییدا.
دووەم: بەشەکانی ئەنجومەنی فیدراڵی
1- بەشی سیاسەتی دەرەوە
2- بەشی ناوخۆ
3- بەشی داد و پۆلیس
4- بەشی کاروباری سەربازی
5- بەشی باج و دارایی
6- بەشی پیشەسازی و بازرگانی و کشتوکاڵ
7- بەشی پۆستە و هێڵی ئاسن
سێیەم: پسپۆڕییەکانی ئەنجومەنی فیدراڵی
1- پسپۆڕی یاسادانان، لەگەڵ ئەوەدا ئەنجومەنی فیدراڵی ئەرکی جێبەجێکردنە، بەڵام ئەرکی یاسادانانیشی هەیە.
2- بەپێی دەستوور دەبێت ئەنجومەنی فیدراڵی پڕۆژە یاسا و بڕیاری تەشریعی بنێرێت بۆ کۆمەڵەی فیدراڵی، ڕاپۆرتی سەرەتاییش ئامادە بکات سەبارەت بەو پڕۆژانەی ئەنجومەن یاخود کانتۆنەکان دەینێرن بەمەش ئەنجومەنی فیدراڵی دەبێتە ئاڕاستەکەر و سەرپەرشتیاری پرۆسەی یاسادانان.
3- کۆمەڵەی فیدراڵی خۆی دەستپێشخەری ناکات بۆ دەرکردنی یاسا، بەڵکو داوا لە ئەنجومەنی فیدراڵی دەکات پرۆژەیاسای بۆ ئامادەبکات.
چوارەم: پسپۆڕییەکانی جێبەجێکردن
1- کاروباری دەرەوە ئەنجومەنی فیدراڵی لە بەڕێوەبردن و داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە لە ڕێگەی سەرۆکی فیدراڵی وتەبێژی فەرمی وڵاتە، پێشوازی دەکات لە وەزیرانی وڵاتان و سەفیر و نێردە دیبلۆماسییەکان، سەفیر و وەزیرانی سویسرا دەنێریت بۆ وڵاتان و دەشتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتان بکات بۆ بەستنی ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.
2- کاروباری بەرگری پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ، ئاسایشی دەرەوە و سەربەخۆیی و بێلایەنی سویسرا لە ئەستۆی ئەنجومەنی فیدراڵیە، ئەمەش بۆ ڕێکخستنی هێزە سەربازییەکانی وڵاتە.

3- جێبەجێکردنی یاسا فیدراڵییەکان
* جێبەجێکردنی یاساکان و بڕیارە تەشریعیە فیدراڵیەکان ئەرکی ئەنجومەنی فیدراڵیە و ئەنجومەنی فیدراڵیش ئەرکی جێبەجێکردنی هەندێ لە یاسا و بڕیارەکانی بە کانتۆنەکان سپاردووە.
* جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ناوبژیوانی تایبەت بەکێشەی نێوان کانتۆنەکان ئەرکی ئەنجومەنی فیدراڵیە.
* کاری پشکنین و پەسندکردنی یاسا و فەرمانە دیاریکراوەکانی کانتۆنەکان، کە لەلایەن ئەنجومەنی فیدراڵیەوە ئەنجام دەدرێن.
* لە بواری کرداریدا ئەنجومەنی فیدراڵی ڕۆڵ و دەوری زۆر زیادی کردووە لەسەر حسابی کۆمەڵەی فیدراڵی، بۆیە سیستەمی سویسرا بەحوکمی بەڕێوەبەری لەجیاتی حوکمی ئەنجومەن ناودەبەن، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەندامانی ئەنجومەنی فیدراڵی نوێنەرایەتی زۆرینەی پەرلەمانی لە کۆمەڵەی فیدراڵی دەکەن.
دەیەم: دادگای فیدراڵی
یەکەم: دەسەڵاتی دادوەری لە سویسرا دادگای فیدراڵیە و بارەگاکەی لە شاری لۆزانە، ژمارەی دادوەرەکانی بریتییە 30 دادوەر و کۆمەڵەی فیدراڵی بۆ ماوەی 6 ساڵ دایان دەمەزرێنێت.
دووەم: پسپۆڕییەکانی دادگای فیدراڵی
1- دادگای فیدراڵی سەیری کێشە یاساییەکان بە سیفەتی ئەسڵی یان تێهەڵچوونەوە دەکات.
2- لە بواری یاسای مەدەنیدا سەیری هەندێ مەسەلە بەشێوەیەکی ئەسڵی دەکات (حەسری) وەک کێشەی نێوان دەسەڵاتی فیدراڵی و کانتۆنەکان، کانتۆنەکان خۆیان، کێشەی نێوان تاکەکان لەلایەک و دەسەڵاتی فیدراڵی یان کانتۆنەکان لەلایەکیتر.
3- دادگای فیدراڵی بەسیفەتی تێهەڵچوونەوە سەیری بڕیارەکانی دادگای کانتۆنەکان دەکات.
4- لە هەندێک تاوانی گەورە وەک خیانەت دژی دەوڵەتی فیدراڵی، هەڵگەڕانەوە، تاوان دژی یاسای نێودەوڵەتی، ئەوکارانەی دەبێتە هۆی دەستێوەردانی سەربازی لەلایەن دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و تۆمەتە ڕسمیەکان لە دژی فەرمانبەرانی ڕسمی پسپۆڕی ئەسڵی ئەو دادگایەیە.
5- ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیان بە فێڵ و ساختەکاری هەڵبژاردنەوە هەیە دەسەڵاتی یاسایی دادگای فیدراڵییە کە دەبێت سەیریان بکات.
6- ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە یاساکانی دەستووری و ئیدارییەوە هەیە دادگای فیدراڵی ناتوانێت بەتەنها سەیریان بکات بەڵکو دەبێت بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی فیدراڵی و ئەنجومەنی فیدراڵی یەکلای بکەنەوە.
7- دادگای فیدراڵی دەتوانێت سەیری ئەوکێشانە بکات کە پەیوەندییان بە پسپۆڕی نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەکان لەلایەک و دەسەڵاتەکانی کانتۆنەکان لەلایەکی ترەوە هەیە، هەروەها ئەو کێشانەی پەیوەندیدار بەیاسای گشتی لە نێوان کانتۆنەکاندا.
8- جگە لە دادگای فیدراڵی دوو دادگایتریش هەیە لەسەر ئاستی دەسەڵاتی فیدراڵی ئەوانیش دادگای دڵنیایی فیدراڵی و دادگای تێهەڵچوونەوەی سەربازییە کە هەردووکیان سەربەخۆن.