کۆمسیۆن کاتی ناردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بۆ دادگای ئیتیحادی ڕادەگەیەنێت
دوێنێ دووشەممە 2025/12/1، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، تەواوکردنی ڕێکارەکانی هەموو تانەدانەکان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و ناردنی بۆ دەستەی دادوەری، لەگەڵ دیاریکردنی کاتی ناردنی ئەنجامەکان بۆ دادگای ئیتیحادی ڕاگەیاند.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆن، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)، وتی: "ناردنی تەواوی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بۆ دادگای ئیتیحادی بۆ پەسەندکردنی، دوای کۆتایی هاتنی دەستەی دادوەری لە پێداچوونەوە بە هەموو تانەدانەکان دەبێت."
جەمیل ڕوونیکردەوە، "کۆمسیۆن پێداچوونهوه به ههموو تانهكان تەواو کردووە و ڕاسپاردەکانی خۆی لەبارەیانەوە پێشکەش کردووە"، ئاماژەی بەوەشدا کە "ئێستا کارەکە لای دەستەی دادوەرییە، کە ناتوانرێت بە ماوەیەکی دیاریکراو کە دە ڕۆژە، تهواو بكرێت، چونکە هەندێک له تانهكان ڕێکارێکی هونەری یان یاسایی لەخۆدەگرێت کە پێویستی بە گەڕاندنەوەی هەیە بۆ کۆمسیۆن بۆ ڕاپرسی یان بۆ تەواوکردنی ڕێکارە هونەرییە داواکراوەکان."
وتیشی، "دەستەی دادوەری بە ماوەی یاسایی پابەند دەبێت کە دە ڕۆژە، دوای وەرگرتنی کۆتا تانە لە کۆمسیۆن و تەواوکردنی ڕێکارەکانی تایبەت بەو تانەیە."
ئاماژەی بەوەشدا، "دەستەی دادوەری بەردەوامە لە ئەنجامدانی کارەکانی، و کۆمەڵێک لەو تانانەی کە گەیشتوونەتە کۆمسیۆن، ڕاسپاردەکانی ئەنجومەنی کۆمسیاران لەسەر ڕەتکردنەوەیان پەسەند کراوە."