بۆ ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی؛ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا
بە فەرمی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دواخرا. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای مۆڵەتی زیاتریان کرد بۆ ئەوەی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش یان شێوازی چوونە ناو پەرلەمان ڕێکبکەون.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی سێشەممە 27-01-2026 ڕایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان داواکاریی فەرمی لە هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی پێگەیشتووە بۆ دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ. ئامانج لەم دواخستنە، وەک لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پێدانی کاتی زیاترە بۆ لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی نێوان ئەو دوو حیزبە."
تاوەکو ئێستا 19 بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە ڕکابەریدا ماونەتەوە، بەڵام ململانێی سەرەکی لەنێوان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کە لە 13 لایەن پێکهاتووە، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لایەنە کوردییەکان بە یەک بەربژێرەوە بچنە ناو هۆڵی پەرلەمان. عامر فایز دەڵێت، لای ئەوان پرسەکە زیاتر پەیوەندیی بە نێوخۆی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و هیوادارن لەم چەند ڕۆژەدا لایەنە کوردییەکان بگەنە ڕێککەوتن.