ههڵبژاردنی یهكێتی ئهورووپا كۆتایی هات و ئهنجامی چهند وڵاتێكیش ڕاگهیێندرا
ههڵبژاردنی یهكێتی ئهورووپا كۆتایی هات و ئهنجامی چهند وڵاتێكیش ڕاگهیێندرا
لە چەند وڵاتێکی ئەورووپا ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان راگەیێندران. لە نەمسا پارتی ئازادی کە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆیە، 27٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. لە ئەڵمانیاش هاوپەیمانیی کریستیان دیموکرات و پارێزگاران 30٪ـی دەنگەکانی بردووەتەوە.
میدیای فەرمیی نەمسا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی ئەورووپای لەو وڵاتە بڵاوکردەوە و دەڵێت، پارتی ئازادیی نەمسا پلەی یەکەم، پارتی گەل دووەم و پارتی سۆسیال دیموکرات سێیەم دەبن.
بە گوێرەی ئەو ئەنجامانە، پارتی ئازادیی نەمسا 27٪ـی دەنگەکان، پاتی گەل و پارتی سۆسیال دیموکرات هەریەکەیان 23٪ـی دەنگەکان بەدەست دەهێنن؛ جیاوازییەکەیان چەند دەنگێکی کەمە.
ئەگەر پشتڕاستکرایەوە، دەبێتە یەکەمجار پارتی ئازادیی نەمسا زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت.
ئەڵمانیا:
- هاوپەیمانیی پارتی یەكێتیی كریستیان دیموكرات و پارتی كریستیان سۆسیال 30٪ـیام بەدەەستهێناوە.
- پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا 16.5٪.
- پارتی سۆسیال دیموکرات 14٪.
- پارتە سەوزەکان 11.5٪.
- پارتی لیبرال فری دیموکرات 5٪.
- پارتی چەپی ئەڵمانیا 2.8٪.
- پارتی دیموکراتی ئازاد 5٪.
- ئەوانەی دیکە 19٪.
هۆڵەندا:
- هاوپەیمانیی کار/چەپی سەوز 21.6٪
- پارتی راستڕۆی خیرت فیلدەرس 17٪
- پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی 11٪
- پارتی کریستیان دیموکرات 9٪
یۆنان:
- پارتی دیموکراسیی نوێ 28-32٪
- هاوپەیمانیی چەپ و پێشکەوتووخوازان 15.2-18.2٪
- بزووتنەوەی سۆسیالست 10.9-13.9
- پارتی کۆمیونستی یۆنان 7.9-10.3٪
- پارتی چارەسەری یۆنان 7.6-10٪
ماڵتا:
پارتی کار 44.67٪
پارتی نیشتیمانی 42.52٪
بولگاریا:
- هاوپەیمانیی یەکێتیی دیموکرات و گیرب 26.2٪
- هاوپەیمانیی دیموکراسی بولگاریا و بەردەوام دەبین لە گۆڕان 15.7٪
- پارتی بوژانەوە 15.4٪
- بزووتنەوە بۆ ئازادی و ماف: 11.7٪
کڕواتیا
- پارتی یەکێتیی دیموکراتی کرواتیا 33.74٪
- پارتی سۆسیال دیموکرات 27.81٪
- بزووتنەوەی نیشتمان 8.67٪
فەرەنسا
- بەرەی نیشتمانیی راستڕۆ 32.4٪
- هاوپەیمانی بەیەکەوە کە پارتەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای تێدایە 15.2٪
- پارتی سۆسیالست 14.3٪
- پارتی فەرەنسا خۆی بەدەستەوە نادات کە پارتێکی چەپڕۆیە: 8.3٪
- پارتی کۆمارییەکان: 7٪
ئسپانیا:
- پارتی گەل کە پارتێکی کریستیان دیموکراتە 32.4٪
- پارتی سۆسیالستی پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا 30.2٪
- پارتی ڤۆکسی راستڕۆ 10.4٪
پۆرتوگال
- پارتی سۆسیالیست: 31.4٪
- پارتی هاوپەیمانیی دیموکراسی کە پارتێکی راستڕۆی میانڕۆیە: 30.6٪
- پارتی لیبرال: 9.8٪
- پارتی چێگا، کە لە لایەن ئەندرێ ڤێنتوراو، کۆمێنتاری تۆپی پێوە سەرکردایەتیی دەکرێت: 9.2٪
پێنجشەممەی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا لە هۆڵەندا دەستیپێکرد و شەوی رابردووش ئەنجامی دەنگەکان راگەیەندران. بە گوێرەی ئەنجامەکان، دەنگی پارتە راستڕۆکان زیادیکرد.
لەم هەڵبژاردنەدا 400 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام 51٪یان بەشدارییان کرد ئەمەش زیاتر بوو لە هەڵبژاردنی 2019.
بە گوێرەی ئەنجامەکان، پارتە چەپڕۆکان 223 کورسیان بردەوە کە 26ی لە هەڵبژاردنی پێشوو کەمتر بوو. راستڕۆکان 319 کورسیان بردەوە و 17ی لە هەڵبژاردنی پێشوو زیاتر بوو. هەرچی ناوەندەکانە 83 کوورسییان بردووەتەوە.
لە کۆی 720 کورسی 675یان یەکلابوونەتەوە، واتا 93.75٪ی کورسییەکان. لە وڵاتێکی وەکو ئێرلەندا ئەمڕۆ دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکرێت کە 14 کورسی بۆ دانراوە؛ لە بەشێک لە وڵاتانیش جیاکردنەوەی دەنگەکان بەردەوامە.
بە گوێرەی ئەنجامەکان، فراکسیۆنی پارتی گەلی ئەورووپا کە پارتێکی راستی مامناوەندە 189 کورسی بردەوە؛ 12 کورسی لە هەڵبژاردنی پێشوو زیاتر بوو. ئامانجی هاوپەیمانییەکە دابینکردنی سەقامگیری ئابووری و پاراستنی ناسنامەی نیشتیمانییە.
هاوپەیمانی نوێبوونەوەی ئەورووپا لەو پارتانە پێکدێت کە بە ناوەند ناسراون؛ لەم هەڵبژاردنە 83 کورسیان بردەوە و 25 کورسی لە هەڵبژاردنی پێشوو زیاتر بوو. پشتگیری بەها سەربەخۆکان دەکەن.
هاوپەیمانی پێشکەوتنخوازی سۆسیالیست و دیموکراتی پەرلەمانی ئەورووپا توانی 135 کورسی پەرلەمانەکە بباتەوە؛ ئەمە پێنج کورسی لە هەڵبژاردنی پێشوو کەمترە. پارتەکە بە چەپی نێوەند ناسراوە. هاوپەیمانیەکە چەند ئامانجێکی هەیە، لەوانە دەستەبەرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
هاوپەیمانی پارتە سەوزەکان و هاوپەیمانی ئەورووپای ئازاد لەم هەڵبژاردنە توانی 53 کورسی بباتەوە و 19 کورسی لە هەڵبژاردنی پێشوو کەمتر بوو. ئەم هاوپەیمانیەتییە لە پارتە چەپ و ناوەندەکان پێکدێت. ئەم پارتانە گرنگی بە ژینگە و مافەکانی مرۆڤ دەدەن.
گرووپی پارێزگاران و ریفۆرمخوازانی ئەورووپا کە بە هاوپەیمانیەکی راستڕۆ ناسراوە 72 کورسی بردەوە لەکاتێکدا هەڵبژاردنی پێشوو 68ی بردبووەوە. پارتەکە دژە کۆچبەرە و ئاماجی بەهێزکردنی پەرلەمانی یەکێتییەکەیە.
گرووپی ناسنامە و دیموکراسی لە پارتە راستڕۆ توندئاژۆکان پێکدێت و 58 کورسی بردەوە؛ کورسییەکی لە هەڵبژاردنی پێشوو زیاتر بوو.
گرووپی چەپەکان لەو پارتانە پێکدێت کە چەپی تووندئاژۆن. هەڵبژاردنی پێشوو 37 کورسییان بردبووەوە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە دوو کورسیان کەمکرد. ئامانجی پارتەکە چەسپاندنی یەکسانیی کۆمەڵایەتییە.
هەرچی سەربەخۆکانیشە 50 کورسیان بردەوە کە هەشت کورسی لە هەڵبژاردنی پێشوو زیاتر بوو.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاند و داوای کرد خوولی یەکەمی هەڵبژاردنی وڵاتەکەی 30 ئەم مانگە و خوولی دووەمیش 7ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
ئەم راگەیێندراوەی سەرۆکی وڵاتەکە دوای ئەوە هات کە دوێنێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئەنجامەکان، هاوپەیمانی بەیەکەوە کە پارتەکەی سەرۆکی فەرەنسای تێدایە 15٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا پارتی بەرەی نیشتمانی راستڕۆ 32.4٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، جۆردان باردێلا، سەرۆکی پارتی بەرەی نیشتمانی رایگەیاند، داوا لە ئیمانوێل ماکرۆن دەکات بە خێرایی پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاری بکات.
باردێلا دەڵێت، "سەرۆک (ماکرۆن) ناتوانێت کەڕ بێت لە ئاست ئەو نامەیەی لەلایەن گەلی فەرەنساوە پێیدرا."
رۆژانی 16 بۆ 19ـی ئەم مانگە یەکەم کۆبوونەوەی خولی دەیەمی پەرلەمانی ئەورووپا بەڕێوەدەچێت و سەرۆک هەڵدەبژێردرێت. پاشان گفتوگۆکان لەنێوان لایەنەکان بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی کۆمیسیۆن و ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا بەردەوام دەبن.
مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا و 27 کۆمیسیاری کۆمیسیۆنی یەکێتییەکە لەلایەن پەرلەمانەکەوە دەنگیان پێدەدرێت.
پەرلەمان، ئەنجوومەن و کۆمیسیارەکانی یەکێتیی ئەورووپا چین و ئەرکیان چییە؟
کۆمیسیۆن
بەرپرسە لە پێشنیازکردنی یاساکان. لە 27 کۆمیسیار پێکدێت؛ هەر یەکێکیان سەر بە وڵاتێکی ئەندامە و لە لایەن ئەنجوومەنەوە بەربژێر دەکرێن و پەرلەمان پەسندیان دەکات. کۆمیسیارەکان داکۆکی لە وڵاتەکانیان ناکەن، بەڵکو لە یەکێتیی ئەورووپا بە گشتی دەکەن.
ئەنجوومەنی ئەورووپی
بەرپرسە لە دیاریکردنی ئاراستەی سیاسیی گشتیی یەکێتییەکە. لە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانەکانی وڵاتانی ئەندام پێکدێت. لانیکەم ساڵانە چوار جار لە بروکسل کۆدەبنەوە. هەروەها وەزیرەکانی ئەو وڵاتانەش زوو زوو کۆدەبنەوە. هەر شەش مانگ جارێک، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە دەدرێتە وڵاتێکی ئەندام. وەزیرەکان بڕیار لە پڕۆژەیاسا پێشنیازکراوەکانی کۆمیسیۆن دەدەن و بە هاوبەشی لەگەڵ پەرلەمانی ئەورووپی پەسندیان دەکەن.
پەرلەمان
تاکە دەزگای یەکێتییەکەیە بە دەنگدانی راستەوخۆ هەڵبژێردرێت. پەرلەمانەکە تەنیا بەشێکی دەسەڵاتی یاسادانانی هەیە؛ ناتوانێت دەستپێشخەریی دانانی یاسا بکات، بەڵام دەتوانێت یاسا پێشنیازکراوەکانی کۆمیسیۆن هەموار یان پەسند بکات، ئەوەش بە راوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا. لە هەندێ بواریشدا، وەک باج، پەرلەمانەکە تەنیا رۆڵی راوێژدانی هەیە و بڕیاری پێنادرێت. کە یاساکان پەسندکران، پێویستە وڵاتانی ئەندام جێبەجێیان بکەن، کۆمیسیۆنیش چاودێریی جێبەجێکردنیان دەکات.
سهرچاوه: تۆڕی میدیایی ڕووداو