کێشەی گۆڕین لە بەکارهێنانی کارتی بایۆمەترییەوە بۆ کارتی نیشتمانی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا

کێشەی گۆڕین لە بەکارهێنانی کارتی بایۆمەترییەوە بۆ کارتی نیشتمانی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا

نووسینی: سەربەست مسته‌فا ڕەشید (سەرۆکی پێشووتری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان)
بەروار: ١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
وه‌رگێڕانی: سه‌كوان حه‌م ئه‌رگوشی
پێشەکی
لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٦دا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بەڕێز عەلی فالح ئەلزەیدی، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردنەکان، ڕێنمایی دا بە کۆمسیۆن کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کارتی نیشتمانی پەسەند بکرێت. هەروەها ڕێنمایی دایە وەزارەتی ناوخۆ کە زانیاری و داتای پێویست بداتە کۆمسیۆن بۆ تەواوکردنی پێداویستییە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.
ئەم ڕێنمایییە، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە هات لە نێوان کۆمسیۆن و وەزارەتی ناوخۆ کە زیاتر لە ساڵێک بوو کاریان لەسەر دەکرد. لە ٥ی تەممووزی ٢٠٢٦ کۆمسیۆن کۆبوونەوەیەکی تەکنیکی و یاسایی بەست بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری سوودوەرگرتن لە کارتی نیشتمانی و تێکەڵکردنی لەگەڵ داتاکانی کارتی بایۆمەتریدا. دواتریش وۆرکشۆپێکی هاوبەش و کۆبوونەوەی تر بەڕێوەچوون بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و هاوتاسازی.
ئەم هەماهەنگییە لەسەر بنەمای دەقی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ (یاسای هەموارکردنی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان، ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٨) هاتووته‌ بەرهەم. لە بڕگەی (دەیەم)ی ماددەی دەیەمدا هاتووە:
(پێویستە کۆمسیۆن بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کاربکات بۆ سوودوەرگرتن لە کارتی نیشتمانی و داتاکانی و دیراسەكردنی ئەگەری بەکارهێنانی لەگەڵ کارتی ئەلیکترۆنیی درێژخایەنی هەڵبژاردن، بە مەرجێک کاربکرێت بۆ خێراکردنی تۆمارکردنی دەنگدەران له‌ڕێگه‌ی هەردوو کارتەکەوه‌. حکومەت و کۆمسیۆن ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ بەدەستهێنانی ڕێژەی بەرزی جێبه‌جێكردن بۆ هەردوو کارتەکە، هەرلایەك بەپێی پسپۆڕیی خۆی).
بەپێی دەقی ئەم بڕگەیە و ئاماژەدان بە ماددەی چوارەمی یاسای هەموارکردنی سێیەم کە تێیدا هاتووه‌ (بەپێی بڕگەكانی ئەم یاسایە، پێویستە دەنگدەر ناوی لە تۆماری دەنگدەراندا تۆمارکرابێت و خاوەنی کارتی نوێکراوەی بایۆمەتریی درێژخایەنی هەڵبژاردن بێت بۆ بەکارهێنانی لە دەنگداندا) جێبەجێکردنی ئەم ڕێنمایییە بەو مانایە نایێت کە کارتی نیشتمانی ڕاستەوخۆ بووبێتە جێگرەوەیەکی یاسایی ئامادەکراو بۆ کارتی بایۆمەتریی هەڵبژاردن. له ڕوانگەی ئێمەوە، جگە لە کۆمەڵێک پرسیار و ئاڵنگاری و ڕێکار کە لەم بابەتەدا باسی ده‌كه‌ین، جێبەجێکردنی گۆڕین بۆ کارتی نیشتمانی وەک جێگرەوەی کارتی بایۆمەتریی دەنگدەر، پێویستی بە هەموارکردنی یاسایی هەیە، به‌رله‌وه‌ی بە شێوەیەکی کۆتایی جێبه‌جێ بکرێت.
سەرەتا؛ کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو جیاوازە لە کارتی بایۆمەتریی دەنگدەر، چ لە ڕووی ئامانجی بەکارهێنان، چ لە ڕووی داتاکانی ناو كارته‌كه‌ و ئەو لایەنەی بەرپرسە لێی. کارتی نیشتمانی بەڵگەنامەیەکی فەرمییە بۆ سەلماندنی ناسنامە و کەسایەتیی هاووڵاتی، بەستراوەتەوە بە تۆمارەکانی باری شارستانی و وەزارەتی ناوخۆوە. لە مامەڵە جۆراوجۆرە حکوومی و شارستانییەکاندا بەکاردێت بۆ سەلماندنی کەسایەتی، وەرگرتنی خزمەتگوزاری، تەواوکردنی مامەڵە فەرمییەکان، هه‌روه‌ها داتا سەرەکییەکانی هاووڵاتی لەخۆدەگرێت وەک ناو، ڕێکەوت، شوێنی لەدایکبوون، ڕەگەز، ژمارەی نیشتمانی و داتاکانی تری پەیوەست بە تۆماری شارستانی. هەروەها بەپێی ڕێکارەکانی تۆمارکردن، بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی ناسنامەی نیشتمانییەوە بەستراوەتەوە کە داتای بایۆمەتری لەخۆدەگرێت. لە بەرامبەردا، کارتی بایۆمەتریی دەنگدەر بەڵگەنامەیەکی تایبەتمەندی هەڵبژاردنە و بە کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردنەکان و بنکەی داتای تۆماری دەنگدەرانەوە بەستراوەتەوە. ئامانجی سەرەکیی بریتییه‌ له‌ ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دەنگدەر تا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات و پشکنین بۆ ناسنامەی هەڵبژاردنی بکات و ڕێگری بکات لە خۆگۆڕی (انتحال الشخصية) و چه‌ندجار دەنگدان، یان دەنگدان لە بڕی کەسانی تر. ئەم کارتە داتای دەنگدەر و زانیارییەکانی پەیوەست بە تۆماری هەڵبژاردنەکەی لەخۆدەگرێت، سەرەڕای داتای بایۆمەتری وەک پەنجەمۆر کە بۆ پشکنینی ناسنامەی دەنگدەر بەکاردێن.
کەواتە، جیاوازییە جەوهەرییەکەی نێوانیان ئەوەیە کە کارتی نیشتمانی بەڵگەنامەیەکی گشتییە بۆ سەلماندنی ناسنامەی شارستانیی هاووڵاتی، لەکاتێکدا کارتی بایۆمەتریی دەنگدەر بەڵگەنامەیەکە کە بە پلەی یەکەم بۆ ئامانجەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن تەرخانکراوە. واتە هەریەکەیان ئەرک، بنکەی داتا و مەرجەعییەتی کارگێڕیی سەربەخۆی خۆیان هەیە لە ڕووی کۆنترۆڵکردن، ئامادەکردن، دەرکردن و بەڕێوەبردنی داتاکانەوە. مەرجەعی کارتی بایۆمەتری کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردنەکانە، بەپێی یاسای هەڵبژاردن و یاسای کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردنەکان ژمارە (٣١)ی ساڵی ٢٠١٩ی هەموارکراو. بەڵام مەرجەعی کارتی نیشتمانی لە ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی داتاکاندا، وەزارەتی ناوخۆیە، بەپێی یاسای کارتی نیشتمانی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٦.

پاشخانی بابەتەکە
بەکارهێنانی کارتی دەنگدەر لەلایەن کۆمسیۆنەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٠، واتە کاتێک بڕیاردرا کارتی کاغەزیی دەنگدەر لەسەر بنەمای داتاکانی تۆماری ئەلیکترۆنیی دەنگدەران چاپ بکرێت. پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ساڵی ٢٠١٠، کارتەکان بەسەر دەنگدەراندا لە بنکەکانی تۆمارکردن و بریکارەکانی بەشەخۆراک لە سەرجەم پارێزگاکاندا دابەشکران. ئامانج لێی ئاسانکاری بوو بۆ دۆزینەوەی بنکەکانی دەنگدان، پاش ئەوەی پشتیبەستن بە ژمارەی بریکاری بەشەخۆراک وەلانرا. ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی ڕێژەی وەرگرتنەوە لە پارێزگا و بنکەکانی تۆمارکردندا، دیدگایەکی روونی دایە کۆمسیۆن سەبارەت بە ژمارەی دەنگدەران لە هەر پارێزگایەکدا. لە ئاکامی ئەمەدا و بەهۆی دووبارەبوونەوەی ئاریشەکان لە تۆماری دەنگدەران و پێویستیی پاكسازی بەردەوام، کۆمسیۆن لە پایزی ساڵی ٢٠١٣دا بڕیاریدا تۆمارێکی دەنگدەران دابمەزرێنێت کە پشت بە تۆمارکردنی بایۆمەتری بۆ سەرجەم دەنگدەران ببەستێت، بەڵام بۆ ئۆتۆماتیکردنی پرۆسەی دەنگدان و سنوردارکردنی دەنگدانی دووبارە و دەنگدان لە بڕی کەسانی تر و پڕکردنەوەی سندوقەکان و دەنگدانی خێزانی، کۆمسیۆن بڕیاریدا کارتی ئەلیکترۆنی چاپ بکات بۆ بەکارهێنانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤دا. ئەمەش پێویستی بە ئه‌نجامدانی گرێبەست بوو بۆ دابینکردنی ئامێری تایبەت بە پشکنینی ناسنامە و کارتی دەنگدەر.
بابەتی سوودوەرگرتنی دوولایەنە لە داتاکانی کارتی نیشتمانی و کارتی بایۆمەتری و بەستنەوەی بنکەی داتای هەردوو کارتەکە بە شێوازێک کە هاووڵاتی تەنها یەکجار ناوی تۆمار بکات و بەس بێت بۆ دەرکردنی هەردوو کارتەکە (لەپێناو كه‌مكردنی ماندووبوون و زیادکردنی ڕێژەی تۆمارکردن) دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی ٢٠١٥. واتە کاتێک ئەنجومەنی کۆمسیاران بابەتی هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ خستەڕوو لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژەی تۆمارکردنی بایۆمەتری لەلایەن کۆمسیۆنەوە، لەو کاتەدا ئەنجومەنی کۆمسیاران دوو شاندی لە ئەندامانی خۆی پێکهێنا، شاندێکیان بە سەرۆکایەتیی من، لەگەڵ بەڕێز هومام حەمودی (جێگری یەکەمی ئەو کاتەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران) کۆبووەوە، شاندی دووەمیش لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئەو کاتە (بەڕێز محەمەد سالم ئەلغەبان) کۆبووەوە و بیرۆکەکەیان خستەڕوو و پێشوازیی لێکرا. وەزیری ناوخۆ بڕیاریدا کۆبوونەوە لەنێوان کادیرە تەکنیکییەکانی هەردوولادا ڕێکبخرێت تا بگەڕێن بەدوای واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ جێبەجێکردنی کرداره‌كی، بەڵام دوای یەکەم کۆبوونەوەی نێوان تەکنیککاران، دەرکەوت کە کادیرە تەکنیکییەکانی وەزارەتی ناوخۆ ئامادەنەبوون بۆ ڕاده‌ستكردن و ئاڵوگۆڕی بنکەی داتاکان و هاوکاریکردن لەم بارەیەوە، بۆیە کۆبوونەوە تەکنیکییەکان بەردەوام نەبوون و هەر پرۆژەیەک بە ڕێڕەوی تایبەتی خۆیدا ڕۆیشت. بۆیە وەک شایەتحاڵێک، کۆمسیۆن دەستپێشخەری یەکەم بوو لەم بابەتەدا، بەڵام بە شێوازێک کە جیاواز بوو لەوەی كه‌ ئێستا بڕیاری لێده‌درێت.

ئاڵنگارییە یاسایی، تەکنیکی و ڕێکارییەکان
سەرەڕای ئامانجە ڕەواکانی ئەم بڕیارە لە ڕووی کۆکردنەوەی زیاتر لە بەڵگەنامەیەک کە بەکارهێنانی فرەچەشنی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، وەک تۆماری شارستانی و دەنگدان و مامەڵەی حکوومی و هێزی یاسایی (بەمەش ڕۆتین و به‌ربه‌ستی بیرۆکراسی لەسەر هاووڵاتی كه‌م دەکاته‌وه‌)، هەروەها کارکردن بۆ ئاسانکاریی مافی دەنگدان بۆ هەر کەسێک کە دەگاتە تەمەنی هەڵبژاردن، بەڵام جێبەجێکردنی ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری و ئاستەنگی یاسایی، تەکنیکی و ڕێکاری دەبێتەوە، کە لێره‌دا ئاماژە بە بەشێکیان دەکەین:
١. بەپێی ماددەکانی یەکەم و دەیەمی یاسای کۆمسیۆن ژمارە (٣١)ی ساڵی ٢٠١٩ی هەموارکراو، ئامادەکردن و پەسەندکردنی تۆماری دەنگدەران لە دەسەڵاتی تایبەتی کۆمسیۆنە کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدەر پشت بە داتاکانی دەبەستێت، بەڵام بەپێی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٦، کارتی نیشتمانی لەسەر بنەمای داتاکانی تۆماری شارستانی کاردەکات. به‌پێی ئه‌وه‌ی كه‌ پەیوەندییەکی جەوهەری لەنێوان بەکارهێنانی کارتی بایۆمەتری و بەڕێوەبردنی تۆماری دەنگدەراندا هەیە، پێویسته‌ جیاکاری بکرێت لە نێوان بەکارهێنانی کارتەکە بۆ سەلماندنی ناسنامەی دەنگدەر له‌گه‌ڵ ئەو لایەنەی کە خاوەندارێتی و بەڕێوەبه‌رایه‌تی بنکەی داتاکان دەکات و شایستەیی دەنگدەر و شوێنی دەنگدانی دیاری دەکات.
ئەم جیاکارییە زۆر گرنگە، چونكه‌ تۆماری هەڵبژاردن بڕبڕەی پشتی هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردنە و کۆمسیۆن هەوڵێکی زۆری داوە بۆ خاوێنکردنەوەی ئەم تۆمارە، ئەمەش له‌دوای بڕینی ڕێڕه‌وێكی درێژ له‌لایه‌ن تۆماری ده‌نگده‌رانه‌وه‌، به‌دی هاتووه‌. پاكی و دروستیی پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی سەرەکی بەستراوەتەوە بە تۆماری دەنگدەران و کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی بنکەی داتاکەی، کۆمسیۆنیش بەپێی یاسای هەڵبژاردن و یاسای کۆمسیۆن، لایەنی تایبەتمەندە.
سوودوەرگرتن لە بنکەی داتای تۆماری شارستانی خاڵێکی ئەرێنییە، بەڵام ئەگەر بەڕێوەبردنی داتاکان لە دەستی وەزارەتی ناوخۆدا بێت، یان بە شێوەی هاوبەش یان لە ڕێگەی کۆمیتەیەکەوە بێت، بە بڕوای من ئەمە پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردن و یاسای کۆمسیۆن دەبێت. بە تایبەت کە وەزارەتی ناوخۆ سەر بە دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و لەلایەن کەسایەتییەکی حزبییەوە بەڕێوەدەبرێت. بەمەش سەربەخۆیی بڕیاری تەکنیکی و کارگێڕیی کۆمسیۆن ڕووبەڕووی تانەدان دەبێتەوە بەهۆی دەستبەرداربوون لە سەربەخۆییەکەی و دروستبوونی گومان لە پاکیی پرۆسەی هەڵبژاردن.
لە ڕۆژی دەنگداندا ڕەنگە سەرپێچی و ساختەکاری ڕوونەدات و ئامێرەکانی پشکنین و جیاکردنەوە و ژماردن بە شێوەیەکی دروست کاربکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت کاریگەرییەکی گەورەی هەڵبژاردن پێش ڕۆژی دەنگدان ڕووبدات لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی داتاکانی تۆماری دەنگدەرانەوە (لە ڕووی زیاکردن، یان نوێنەکردنەوەی زانیاریی کۆچکردووان، یان هەڵە لە بەستنەوەی ژمارەی نیشتمانی بە تۆماری هەڵبژاردنەوە). لەبەر ئەوە تۆماری دەنگدەران یەکێکە لە گرنگترین پایەکانی پاکیی هەڵبژاردن و کۆمسیۆن بەرپرسیاریەتیی دەرئەنجامەکانی ئەم بابەتە هەڵدەگرێت، ئەمەش ئەو متمانەیەی کۆمسیۆن گەڕاندوویەتییەوە، دەخاتە بەر مەترسییەکی گەورە. بە بڕوای من، ئەمە بە سەرپێچی و پێشێلکارییەکی کرداری بۆ ماددەی (١٠٢)ی دەستووری عێراق دادەنرێت، بۆیە دەبێت بەڕێوەبردنی داتاکانی تۆماری دەنگدەران و بنکەی داتاکان (تەنانەت دوای زیاکردن و تێکەڵکردنی داتاکانی تۆماری شارستانیش) بە تەنها لە ژێر دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمسیۆندا بێت.
٢. ئاشكه‌رایه‌ کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدەر داتایەکی لەخۆگرتووە پشتی بە داتاکانی تۆماری دەنگدەران و پلانی بڵاوبوونەوەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان بەستووە، وەک ژمارەی دەنگدەر (کە مه‌به‌ست لێی دەنگدەرە) لەگەڵ بنکەی دەنگدانی تایبەت بە دەنگدەر، بە جۆرێک وێستگەیەکی دەنگدانی دیاریکراو بۆ هەر دەنگدەرێک تەرخان دەکرێت بۆ پەیڕەوکردنی مافی دەنگدانی. ئەم داتایانە لە کارتی نیشتمانیدا بەردەست نین، بۆیە جێگیرکردنی کارتی نیشتمانی لە شوێنی کارتی بایۆمەتری ئەم پرسیارە دێنێته‌ ئاراوه‌: ئایا کارتی نیشتمانی پێویستی بە زیاکردنی ئەم داتایانە یان لانی کەم ژمارەی بنکەی دەنگدان نییە تا دەنگدەر شوێنی دەنگدانی خۆی پێ بدۆزێتەوە؟ ئەمە چۆن ئەنجام دەدرێت، یان ڕێنمایی دەدرێتە دەنگدەران کە کارتی بایۆمەتریی خۆیان بپارێزن؟ ئەگەر وەڵامەکە ئەوە بێت کە هەر دەنگدەرێک بنکەی خۆی دەزانێت، ئەوا لێرەدا ئەم پرسیارە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: ئەی چارەسەر چییە بۆ ئەوانەی پێشتر کارتی بایۆمەترییان نەبووە و بەو هۆیەوە مافی دەنگدانیان پەیڕەو نەکردووە؟ ژمارەی ئەم کەسانە بەپێی دوایین ڕاگەیەندراوی کۆمسیۆن (دوای دەرکردنی ژمارەی تۆمارکراوانی بایۆمەتری، (٢١,٤٦٢,١٥٠) لە کۆی گشتیی دەنگدەران (٣٠,٣٨١,٠٤٦) ) بریتییە لە (٨,٩١٨,٨٩٦) دەنگدەر. ئەگەر ئەوانەشیان بخرێتەسەر کە کارتی بایۆمەترییان هەبووە و بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥دا نەکردووە (کە ژمارەیان ٩,٤٠٩,٦٩٨ دەنگدەرە)، ئەوا لێرەدا زیاتر لە ١٨ ملیۆن دەنگدەر بەپێی داتاکانی کارتی نیشتمانی ناتوانن بنکەکانی دەنگدانی خۆیان بدۆزنەوه‌. ئەگەر تەنها نیوەشیان بڕیاری بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا بدەن، ئەوا چارەسەرنەکردنی ئەم بابەتە تا هەڵبژاردنی داهاتوو کێشەیەکی گەورە لە ڕۆژی دەنگداندا دروست ده‌كات. سەرەڕای ئەوەی كه‌ ڕەنگە ببێتە هۆی بێبەشبوونی ژمارەیەک دەنگدەر لە مافی دەنگدان، هاوکات دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی تانەدان لە پاکیی هەڵبژاردن و بڕواپێکراوی کۆمسیۆن.
٣. ئامێرەکانی پشکنین لە ڕووی بەرنامەی ئەلیکترۆنییەوە, بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کارتی بایۆمەتریی دەنگدەر و ژمارەی دەنگدەر ڕێکخراون، هه‌روه‌ها گونجاندنیان لەگەڵ بەرنامەی ئامێری جیاکردنەوە و ژماردنی ئەلیکترۆنی (PCOS). جیا لەوەش، تەنانەت ئەگەر بگوونجێت ژمارەی دەنگدەر جێگۆڕکێ بكرێت بە ژمارەی نیشتمانی لە کارتی نیشتمانیدا، ئەوا داواكردنی داتاکانی دەنگدەر و هاوتاکردنەوەیان، لە ڕێگەی هاوتاکردنی سێقۆڵیی پەنجەمۆری دەنگدەرەوە دەبێت. ئەم ئەرکە پێویستی بە سەرلەنوێ بەرنامەڕێژکردنەوە و ئامادەکردنەوەی ئامێرەکانی پشکنین هەیە تا لەگەڵ داتاکانی کارتی نیشتمانیدا بگونجێن. ئامادەکردنەوەی ئامێرەکان پێویستی بە ناردنەوەیانه‌ بۆ وڵاتی دروستکەر و کۆمپانیای بەرهەمهێن، یان دروستکردنی شوێنێکی ڕێگەپێدراو لە عێراقدا بەپێی تایبەتمەندییەکانی کۆمپانیای دروستکەر و لەژێر سەرپەرشتیی ئەواندا، ئەمەش کاتێکی زۆری دەوێت و دەبێتە ئاڵنگارییەکی زیاتر لە بەردەم ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێکی نزیک لە عێراق یان هەرێمی کوردستاندا.
٤. سەرلەنوێ دابەشکردنەوە و بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگدەرانەی تۆماری بایۆمەترییان نەکردووە بەسەر وێستگە و بنکەکانی دەنگداندا، دوای زیاکردنی لەدایکبووانی ساڵی ٢٠٠٩ (کە لە ساڵی ٢٠٢٧دا مافی دەنگدان بەدەست دەهێنن)، ژمارەیان دەگاتە ٩ ملیۆن کەس. وه‌ لەبەر ئەوەی تۆماری دەنگدەران زنجیرەی ڕیزبەندی لە هەر وێستگەیەکدا بەپێی ئەلفوبێ پەیڕەو دەکات، ئەمە وادەکات کۆمسیۆن پرۆسەی داڕشتنەوەی پلانی بڵاوبوونەوەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان ئەنجام بداتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەیەکی زۆری وێستگەکان کە لە ١٦ هه‌زار وێستگەی دەنگدان تێپەڕ دەکات و پێویسته‌ ژمارەی بنکەکانی دەنگدانیش بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد بکرێن. ئەم کارەش دەبێت دوای تەواوبوونی ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران جێبه‌جێ بكرێت، کە ئەوەش قورسایی و ئەرکی زیاتر دەخاتە سەر شانی کۆمسیۆن، بەتایبەت کە کۆمسیۆن کێشەیەکی به‌رده‌وامی هەیە لە هەڵبژاردنی قوتابخانەی گونجاو بۆ ئەوەی ببنە بنکەی دەنگدان، ئەمەش ئاڵنگارییەکی ترە ڕووبەڕووی کۆمسیۆن دەبێتەوە لە ئاکامی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەدا.

ڕێژەی بەشداری و بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی:
بایکۆت و بەشدارینەکردن لە دەنگداندا، هەمیشە بەهۆی ڕێکارەکانەوە نییە، بەڵکو هۆکاری سیاسی و دەروونیی بەهێزتر هەن، وەک بێمتمانەیی بە حزبەکان، بڕوابوون بەوەی هەڵبژاردن واقیعەکە ناگۆڕێت، لاوازیی بڕوا بە کاندیدەکان، یان هەستکردن بەوەی بەشداریکردن ئەنجامێکی بەرچاو بەدەستەوە نادات. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی له‌ عێراقدا لە ساڵی ٢٠٢٥دا، ڕێژەی بەشداریی ڕاگەیەندراو نزیکەی ٥٦٪ی تۆمارکراوان بوو، لەکاتێکدا ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ڕێژەکە لە کۆی گشتیی شایستەکانی دەنگدان کەمتر بووە، بەهۆی بوونی ملیۆنان عێراقیی تۆمارنەکراوەوە.
بۆیە ئەگەر وێنەکە بەم شێوەیە دەربخرێت کە دەنگدەر بەهۆی نەبوونی کارتی دەنگدانەوە دەنگ نادات، ئەوا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا هیچ گەرەنتییەک هەیە ئەگەر دەنگدان بە کارتی نیشتمانی بێت، ڕێژەی بەشداری زیاد بکات؟ بە ڕاشکاوی هیچ گەرەنتییەکی لەو شێوەیە نییە و من هیچ ئەنجامێکی لێکۆڵینەوە یان بەدواداچوونێکی حکوومی، پەرلەمانی، یان سەربەخۆم نەدیوە ئەم بابەتە بسەلمێنێت. لەبەر ئەوە، بە بەردەوامبوونی بێمتمانەیی بەرامبەر پرۆسەی سیاسی لەلای هەندێک کەس، ڕەنگە بڕوای دەنگدەر تەنها بە گۆڕینی دەنگدان بۆ کارتی نیشتمانی نەگۆڕێت، چونکە جەوهەریترین هۆکار بە بڕوای من، هەستکردنی هاووڵاتیی عێراقییە بەوەی ئایا دەنگەکەی بایەخی هەیە و هەڵبژاردن دەتوانێت گۆڕانکاری لە ژیانیدا بکات؟ بۆیە ئەگەر تەنها کارتەکە بگوڕدرێت، لە کاتێکدا هۆکارەکانی بایکۆتی سیاسی وەک خۆیان بمێننەوە، ڕەنگە زیادبوونەکە زۆر کەم بێت.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی کە دەگوترێت کۆمسیۆن نەیتوانیوە سەرجەم دەنگدەران بە شێوەی بایۆمەتری تۆمار بکات، بەمەش پێویست دەکات کارتی نیشتمانی بخرێتە شوێنی، ئەوا کۆمسیۆن و کادیر و کارمەندانی بنکەکانی تۆمارکردن، تەواوی هەوڵەکانی خۆیان داوە و دەشیدەن لە پێناو تۆمارکردنیاندا، چی لە ڕێگەی ١٠٧٩ بنکەی تۆمارکردنەوە بێت یان لە ڕێگەی تیمی گەڕۆکەوە، بەڵام دەبێت بزانین ئەم ژمارەیە لە تۆمارنەکراوان چەندین هۆکاری هەیە، بەشێکی بەرچاویان سەر بەو توێژەن کە بایەخ بە کاروباری سیاسی و هەڵبژاردن نادەن یان هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنیان هەیە بەرامبەر شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات. هەروەها ئەگەری بوونی ژمارەیەک لە کۆچکردووان (مردوان) لە نێویاندا هەیە تا خێزانەکانیان بەردەوامیی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە مسۆگەر بکه‌ن. بەشێکی تریشیان دانیشتووی دەرەوەی عێراقن و ده‌ستبه‌رداری ڕەگەزنامەی عێراقییان نه‌بوون.
لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا ڕێژەیەکی تا ڕادەیەک جێگیر هەیە کە لە پێنجیەکی کۆی گشتی کەمتر نییە، ئەوانیش ئەو توێژەن کە بایەخ بە کاروباری سیاسی و هەڵبژاردن نادەن و هەمیشە پرۆسەی هەڵبژاردن بایکۆت دەکەن، بۆیە بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداری لە ئەرک و دەسەڵاتی کۆمسیۆندا نییە، به‌لکۆ پێناسه‌ی وەزیفیی کۆمسیۆن بریتییە لە ڕێکخستنی هەڵبژاردن و دانانی ڕێکارەکان و کردنەوەی دەرگای بنکەکانی دەنگدان لە بەردەم دەنگدەراندا، بەڵام بەشداریکردن لە دەنگدان یان بەشدارینەکردن، دەگەڕێتەوە بۆ ئازادیی دەنگدەر لە پەیڕەوکردن یان نەکردنیدا ئه‌و مافه‌یدا، بەتایبەت کە دەنگدان بەپێی ماددەی بیستەمی دەستوور مافێکە و دەنگدەر ئازادیی تەواوی هەیە لە پەیڕەوکردن یان پەیڕەو نەکردنیدا.

مەگەر ئەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکان وەک نەریتی هەمیشەیییان پەنا ببەنە بەر بەکارهێنانی ئامرازە ناسراوەکانی خۆیان بۆ ئاراستەکردنی دەنگدەران (کە ژمارەیان بەهۆی بەکارهێنانی کارتی نیشتمانییەوە زۆر هەڵدەکشێت) بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا. ئەوەش لە ئاکامی دزەکردنی سەرجەم داتاکانی دەنگدەران لە کۆمسیۆنەوە بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکان، لەوانەش ژمارەی ته‌له‌فۆنی دەنگدەران، ناوی بنکەکانی دەنگدان و ناوی ئەندامانی خێزان کە مافی دەنگدانیان هەیە. لە ئەنجامدا فشارخستنە سەریان بۆ بەشداریکردن لە پلەی یەکەمدا و دەنگدان بۆ بەرژەوەندیی ئەوان لە پلەی دووەمدا، بەتایبەت سەربازان، هێزە ئەمنییەکان و فەرمانبەرانی شارستانی.

بابەتی کڕینی دەنگەکان
گۆڕینی کارتی دەنگدەر بە کارتی نیشتمانی بە مانای بنبڕکردنی دیاردەی کڕینی دەنگەکان و کاریگەری دانان لەسەر ئیرادەی دەنگدەران ناهێت، هۆکاری یەکلاکەرەوە بریتی نییه‌ له‌ ناو و جۆری کارتەکە، بەڵکو چۆنیەتیی بەستنەوەی کارتی نیشتمانییە بە سیستەمی بایۆمەتری و میکانیزمی پشکنین لە ڕۆژی دەنگداندا، لەگەڵ ڕادەی مسۆگەرکردنی نهێنیی دەنگدان.
کارتی نیشتمانی بە تەنها، ڕێگری لە کڕینی دەنگ ناکات، چونکە کڕینی دەنگ بە پلەی یەکەم لە دەرەوەی بنکەی دەنگدان ڕوودەدات، كاندید یان ناوەندگیر دەتوانێت پێشوەختە لەگەڵ دەنگدەر لەسەر بڕێک پارە لە بەرامبەر دەنگدان بۆی ڕێکبکەوێت، بێ گوێدانە جۆری ئەو کارتەی بەکاردەهێنرێت. کاندید یان حزبی سیاسی کارتی بایۆمەتریی دەنگدەر ناکڕێت، بەڵکو دەنگەکەی دەکڕێت، واتە مسۆگەرکردنی دەنگدانه‌كه‌ی. ئەمەش بە چەندین ڕێگە ئەنجام دەدرێت، وەک هاوکاری لەگەڵ هەندێک لە سەرۆک هۆزەکان بۆ ئاڕاستەکردنی ئه‌ندامانی هۆزەکە کە دڵسۆزی حزب یان کاندیدی پەیوەندیدارن لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەک، یان پێدانی پۆستێکی حکوومی بە یەکێک لە ئه‌ندامانی، یان بڕێک پارەی دیاریکراو.

بە هەمان شێوەش بۆ هەندێک لە فەرماندەی یەکە سەربازییەکان ڕوودەدات، بۆیە دەبینین کارتەکانی دەنگدان لە یەکە سەربازییەکان و حەشدی شەعبی دەکێشرێنەوە و داوایان لێ دەکرێت کارتەکانی دەنگدانی ئەندامانی خێزانیشیان ڕادەست بکەن، یان ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دەنگدەر یان سەرۆکی خێزاندا دەکرێت بۆ دەنگدان بە حزبێک یان کاندیدێک لە بەرامبەر بڕێک پارەدا.
سەبارەت بە دڵنیابوونەوە لە دەنگدان یان نەدانی، بە چەندین ڕێگە دەبێت، لەوانە وێنەگرتنی نیشانه‌دانانی لەسەر پسۆڵه‌ی دەنگدان، یان وێنەگرتن یان تۆمارکردنی سێ ژمارەی کۆتایی لە ژمارەی زنجیرەیی پسۆڵه‌ی دەنگدان و پێدانی بەو حزبەی دەنگەکەی کڕیوە و لە ڕێگەی وردبینی لە وێنەی پسۆڵه‌ی دەنگدان کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە لەسەر داوای خۆیان دەدرێتە حزبە سیاسییەکان دەستنیشان دەکرێت. زۆر جار لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە بە دەنگدەرانیان ده‌ڵێن کە ئەوان لە ڕێگەی کۆمسیۆنەوە چۆنیه‌تی دەنگدانەکانیان دەزانن.
لەبەر ئەوە، بە بڕوای ئێمە ئەگەری کڕینی دەنگەکان لەگەڵ بەکارهێنانی کارتی نیشتمانیشدا بەردەوام دەبێت، بە هەمان ئامرازی ناسراو و ڕەنگە بە شێوازی نوێشەوه‌. لەبەر ئەوە، بەستنەوەی دیاردەی کڕینی دەنگ بە بەکارهێنانی کارتی بایۆمەترییەوە دوورە لە واقیعەوە تا ئەو کاتەی شێوازەکانی تری کاریگەریدانان بەردەوام بن؛ وەک فشاری کۆمەڵایەتی، ڕۆڵی ناوەندگیرەکان، یان کڕینی دەنگی خێزان و گرووپی تەواو، کە ئەم بەکارهێنانەی کارتی نیشتمانی لە دەنگداندا چارەسەری ئەو ڕەفتارانە ناکات.
گرنگتر لەوەش، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٥ خۆیان دەریانخست کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشداری، بە مانای کۆتاییهاتنی کێشەی سەرمایەی سیاسی ناهێت، چونکە هەژموونی سەرمایەی سیاسی و تۆڕەکانی مەحسوبییەت بە شێوەیەکی بەهێزتر زیادیان کرد؛ لەبەر ئەوەی دامەزراوە حکوومی، ئەمنی و ڕاگەیاندنەکان بەردەوام لەسەر بنەمای دڵسۆزیی حزبی بنیادنراون و بێلایەن نین، به‌مشێوه‌یه‌ دیاردەی کڕینی دەنگەکان بەردەوام دەبێت، بێ گوێدانە جۆری ئەو کارتەی بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ لە پرۆسەی دەنگداندا بەکاردێت.

تێچووی دارایی:
بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی لە شوێنی کارتی بایۆمەتریی تایبەتی دەنگدەر، ناتوانێت بە کرداری ببێتە هۆی کەمکردنەوەی تێچووەکان؛ چونکە پێویستە تێچووی ڕاستەقینەی پڕۆژەکە ئەژمار بکرێت، لەوانەش نوێکردنەوەی سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان، بەستنەوە و پاراستنی بنکەی داتاکان، و وردبینی و تاقیکردنەوە سایبه‌ری و به‌كارخستنه‌كان.

گۆڕینی کارتی بایۆمەتری بە کارتی نیشتمانی بۆ مەبەستی دەنگدان، پێویستی بە سەرلەنوێ بەرنامەڕێژکردنەوە و ئامادەکردنەوەی ئامێرەکانی پشکنین هەیە تا لەگەڵ داتاکانی کارتی نیشتمانیدا بگونجێن. ئەمەش پێویستی بە تێچووی نوێ و ناردنەوەی ئامێرەکان هەیە بۆ وڵاتی دروستکەر و کۆمپانیای بەرهەمهێن، یان دروستکردنی شوێنێکی ڕێگەپێدراو لە ناوەوەی عێراق بەپێی تایبەتمەندییەکانی کۆمپانیای دروستکەری ئامێرەکان و لە ژێر سەرپەرشتیی ئەواندا، لەگەڵ ئەو تێچووە داراییانەی کە ئەمانە پێویستیان پێیەتی.
سەرەڕای ئەوەی کە زیاکردنی ژمارەی دەنگدەران بە بڕی نزیکەی نۆ ملیۆن دەنگدەر، پێویستی بە سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەی وێستگە و بنکەکانی بڵاوبوونەوە هەیە، کە تێیدا زیاتر لە شازدە هەزار وێستگە و زیاتر لە دوو هەزار بنکەی دەنگدان زیاد دەکرێن. لە ئاکامدا کۆمسیۆن پێویستی بە کڕینی زیاتر لە ١٦,٠٠٠ ئامێری پشکنین و هەمان ژمارەش لە ئامێرەکانی جیاکردنەوە و ژماردنی ئەلیکترۆنی و ئامێرەکانی ناردنی ئەنجامەکان دەبێت، لەگەڵ بەشەکەی تری کەرەستە هەستیار و ناهەستیارەکان بۆ وێستگە زیاکراوەکانی دەنگدان. ئایا ئەمە بڕە پارەیەکی گەورە ناخاتە سەر تێچووەكانی هەڵبژاردن کە خۆیان لە بنەڕەتدا بەرزن؟
بە هەمان شێوە، زیاکردنی ئەم ژمارەیە لە وێستگە و بنکەکانی دەنگدان دەبێتە هۆی دامەزراندنی زیاتر لە ٩٠,٠٠٠ فەرمانبەری دەنگدان بۆ وێستگە و بنکە نوێیەکان، لە ئاکامدا زیاکردنی کرێی ڕۆژی دەنگدان و کرێی ڕاهێنانەکانیان کە ئەوانیش دەخرێنە سەر تێچووە داراییەکان. بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووەی هه‌ڵبژاردن، چونکە ڕەچاوی ئەم تێچووانەی کە ئاماژەم پێکردن نەکراوە. بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە هەیە، چونکە بارگرانییە داراییەکانی حکوومەتی عێراق زیاد دەکات کە خۆی لەم دواییانەدا ئاریشەی نەبوونی نەختینەی دارایی هەیە.

ئەرکەکانی بنکەکانی تۆمارکردن:
دوای ئەوەی کارتی نیشتمانی نوێ دەکرێتەوە و توانای بەکارهێنانی وەک کارتی دەنگدانی بۆ زیاد ده‌كرێت، باس له‌ ڕۆڵی بنکەکانی تۆمارکردن ده‌كرێت دوای بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی لە شوێنی کارتی بایۆمەتری بۆ ده‌نگدان. وه‌ لەبەر ئەوەی ئەرکی یەکەمی کارمەندانی بنکەکانی تۆمارکردن بریتییە لە تۆمارکردنی بایۆمەتری بۆ دەنگدەران (کە لەسەر ئەو بنەمایە کارتەکانی بایۆمەتریی دەنگدەران چاپ دەکرێن) بۆیە بە بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی لە دەنگدان، گریمانە دەکرێت کە پێویستی بە تۆمارکردنی بایۆمەتری لەلایەن کادیرەکانی تۆمارکردنی کۆمسیۆنەوە نەمێنێت.
بابەتی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران پێش هه‌ر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن دەمێنێتەوە بۆ زیادكردنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ناو تۆماری دەنگدەران و دواتریش نوێکردنەوەی پرۆسەی بڵاوبوونەوەی وێستگە و بنکەکانی دەنگدان لەسەر ئەو بنەمایە. بۆیە ئەرکەکانی کارمەندانی بنکەکانی تۆمارکردن بەردەوام دەبن، سەرەڕای ڕاهێنانی فەرمانبەرانی دەنگدان کە ژمارەیان بە شێوەیەکی زۆر زیاد دەکات، هه‌روه‌ها کارکردن لە ڕۆژی دەنگداندا وەک ڕێكخه‌ر بۆ بنکە و وێستگەکانی دەنگدان و سەرپەرشتیکردنی بنکەکانی دەنگدان بە شێوەیەکی گشتی.
بەڵام ئەوەی پرسیار دێنێته‌ ئاراوه‌ ئەوەیە: ئەگەر پێویست بێت کۆمسیۆن دەرگای بنکەکانی تۆمارکردن بۆ ماوەیەک درێژ بكاتەوە، لەگەڵ کردنەوەیان لە ماوەی نوێکردنەوەی داتاکانی تۆماری دەنگدەران پێش هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن بۆ جێبه‌جێكردنی حاڵەتەکانی ڕاستکردنەوە و گۆڕانکاری بە هەرسێ جۆرەکەیەوە، وه‌ چارەنووسی هه‌ردوو حاڵەتی‌ (زیاکردن و کۆچکردووان/مردوان) نازانین چی ده‌بێت، ئایا ئەمە دەبێتە ئەرکی وەزارەتی ناوخۆ یان ئەرکی بنکەکانی تۆمارکردن لە کۆمسیۆن‌؟ ئەمەش بەو مانایەیە کە پێویسته‌ کارتی نیشتمانیی ئەو دەنگدەرانەی ماوەی نوێکردنەوەی تۆمارەکە دەیانگرێتەوە سەرلەنوێ چاپ بکرێنەوە یان لانی کەم ئامادە بكڕێنەوە، وه‌ ئایا هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان کۆمسیۆن و وەزارەتی ناوخۆدا چۆن دەبێت بۆ مسۆگەرکردنی دابەشکردنیان تا لە پەیڕەوکردنی مافی دەنگدانیان بێبەش نەبن؟

توانای دەنگدان لە نێزیکترین بنکەی دەنگدان:
ئاڕاستەکردنی پرۆسەکە بە جۆرێک کە دەنگدەر بتوانێت لە نێزیکترین بنکەی دەنگداندا دەنگ بدات، هەنگاوێکی پێشکەوتوو دەبێت لە ئاسانکاریکردنی پرۆسەی دەنگدان بۆ دەنگدەران، ئەمەش هەمان ئەو ئامانجەیە کە دەبێت کۆمسیۆن هیوای بۆ بخوازێت و پلانی گونجاوی بۆ دابڕێژێت.
بەڵام تا دەنگدەر بتوانێت لە نێزیکترین بنکەدا دەنگ بدات، دەبێت لە دەنگدەرێکی گرێدراو بە بنکەیەکی دیاریکراوەوە بگۆڕدرێت بۆ دەنگدەرێکی شایستە بۆ دەنگدان لە بنکە ڕێگەپێدراوەکاندا. ئەم بابەتەش پەیوەستە بە بڵاوبوونەوەی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان و بازنەی هەڵبژاردن بەپێی یاسای هەڵبژاردن. هه‌روه‌ها په‌یوه‌سته‌ به‌ توانای لەخۆگرتنی بنکە و وێستگەکان لە ڕووی کەرەستەکانی دەنگدان و بارودۆخی بنکە و وێستگەکان لە ڕووی شیاوییەوە، هه‌روه‌ها کاتژمێرە دیاریکراوەکانی دەنگدان کە پەیوەندیدارن بە ژمارەی تەرخانکراوی دەنگدەران و ڕێژەی بەشدارییەوە.
ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی دەنگدان جەوهەری بابەتەکەیە، واتە دەبێت میکانیزمێک هەبێت بۆ پشکنینی شایستەییی دەنگدەر بۆ دەنگدان و ئامرازێکی بەرنامەرێژیکراو و تەکنیکی هه‌بێت بۆ ڕێگری لە دەنگدانی دەنگدەر لە زیاتر لە وێستگەیەک لە هەمان بازنەی هەڵبژاردندا، یان لە زیاتر لە بازنەیەکی هەڵبژاردندا. ئەمەش پێویستی بە بوونی تۆمارێکی ناوەندیی دەنگدەران و بەرنامەیەک هەیە کە ئامێرەکانی پشکنین لە سەرجەم وێستگەکاندا بەم تۆمارەوە ببەستێتەوە، لەگەڵ میکانیزمێک بۆ وەڵامدانەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارەی هەڵکشاوی هەوڵەکانی دەنگدانی دووبارە لەلایەن لایەنگرانی هەندێک لە لیست و کاندیدەکانەوە.
هەروەها دەبێت سیستەمەکە بە جۆرێک دابڕێژرێت کە مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەکانی پچڕانی پەیوەندی و هێڵەکاندا بکات بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی دەنگدان، چونکە پچڕانی پەیوەندی نابێت ببێتە هۆی بێبەشکردنی دەنگدەر لە دەنگدان، بۆیە پێویستە ڕێکاری جێگرەوە و تۆکمە دابنرێت و ڕێگری بکات لە قۆستنەوەی بڕانی پەیوەندییەکە بۆ دەنگدانی دووبارە. بە هەمان شێوە پێویستە پەیوەندییەکان و داتاکان كۆد بكرێن و تۆمارەکان بە دەستکارینەکراوی بمێننەوە، سەرەڕای گرتنەبەری ڕێکاری توكمه‌ی بەرگری بۆ ڕێگری لە هاكکردن لە کاتی هەوڵداندا. هاوکات نابێت هیچ فەرمانبەرێک بە تەنها توانای بەڕێوەبردنی تۆماری بایۆمەتریی هەڵبژاردن یان کۆنترۆڵکردنی پرۆسەی دەنگدانی دەنگدەری لە دەرەوەی بنکەی ڕەسەنی خۆی هەبێت.

کۆتایی
پشتبەستن بە کارتی نیشتمانی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، دەکرێت هەنگاوێکی گرنگ بێت لە سادەکردنەوەی ڕێکارەکان و سووککردنی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتیان، بەڵام تەنها بە دەرچوونی ڕێنمایییەکی کارگێڕی، ناتوانێت ڕاستەوخۆ ببێتە جێگرەوەی کارتی بایۆمەتریی دەنگدەر، مەگەر تەواوی پێداویستییە یاسایی، تەکنیکی و ڕێکارییەکان تەواو بكڕێن کە دروستی و سەلامەتیی ئەم ڕاگواستنە مسۆگەر دەکەن.
بابەتەکە پەیوەست نییه‌ بە جۆری ئەو بەڵگەنامەیەی کە دەنگدەر هەڵیگرتووە، بەقەد ئەوەی پەیوەستە بەو لایەنەی کە تۆماری دەنگدەران، وردیی داتاکان، میکانیزمەکانی پشکنینی ناسنامە، بڵاوبوونەوەی دەنگدەران، نهێنیی دەنگدان و ڕێگری لە دەنگدانی دووبارە و کاریگەریدانان لەسەر ئیرادەی دەنگدەر بەڕێوە دەبات.
بۆیه‌ سەرکەوتنی ئەم ئاڕاستەیە بەر لە جێبەجێکردن، پێویستی بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە هەیە کە بە ڕوونی دەسەڵاتەکانی کۆمسیۆن و وەزارەتی ناوخۆ دیاری بكات، هه‌روه‌ها میکانیزمەکانی بەستنەوەی پارێزراوی نێوان بنکەکانی داتا و تێچووی ڕاستەقینەی پڕۆژەکە و پێداویستییەکانی ئامێر و بەرنامەکان دیاری بکات، سەرەڕای چارەسەرکردنی ڕەوشی ملیۆنان دەنگدەری تۆمارنەکراو بە شێوەی بایۆمەتری و دیاریکردنی چارەنووسی کارتەکانی ئێستای دەنگدەران. هەروەها پێویستە بەڕێوەبردنی تۆماری دەنگدەران (بە داتاکانی ڕاکێشراو لە تۆماری شارستانیشەوە دوای تێکەڵکردنیان) بە تەنها لەژێر بەرپرسیاریەتیی تایبەتی کۆمسیۆندا بێت، لەپێناو پاراستنی سەربەخۆییەکەی و متمانەی جەماوەر بە پرۆسەی هەڵبژاردن.
گرنگتر لەوەش، کارتی نیشتمانی هەرچەندە لێهاتوویی لە سەلماندنی ناسنامەدا بەدەستبهێنێت، نابێتە چارەسەر بۆ کێشەی بایکۆتکردنی بەشداری، یان کڕینی دەنگەکان، یان سەرمایەی سیاسی و کاریگەریدانان لەسەر ئیرادەی دەنگدەران. چاکسازی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا تەنها بە جێگۆڕکێکردنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدەر بە کارتی نیشتمانی بەدی ناهێت، به‌لکۆ ئەوەی داواکراوە سیستەمێکی هەمەلایەنەیە کە مافی هاووڵاتی بپارێزێت، وردیی تۆمارەکە مسۆگەر بکات، ڕێگری لە خۆگۆڕی (انتحال الشخصية)‌ و دەنگدانی دووبارە بکات و نهێنیی دەنگدان بپارێزێت. لە پێش هەموو ئەمانەشدا کۆتاییهێنان بە پشکپشکێنەی حزبی بۆ پۆستە باڵاکان و پلە وەزیفییەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا. کەمتەرخەمی نەکردن بەرامبەر گەندەڵیی ژێرخانی و جیاکردنەوەی دەوڵەتی عێراق لە حزبە دەسەڵاتدارەکان و ڕێگریكردن لە بەکارهێنانی سامانی دەوڵەت و سەرمایەی سیاسی لە هەڵبژاردنەکاندا و بەرجەستەکردنی دادپەروەریی زیاتر لە سیستەمی هەڵبژاردن و هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ حزبەکان و کاندیدەکان.
لەبەر ئەوە، ئاڵەنگاریی ڕاستەقینە لە بەردەم دەوڵەت و کۆمسیۆندا، گۆڕینی کارتێک بە کارتێکی تر نییه‌، به‌لکۆ مسۆگەرکردنی ئەوەیە کە ئەم گۆڕینه‌ ببێتە هۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئاسانتر، پاکتر و بڕواپێکراوتر، به‌بێ ئەوەی بگۆڕدرێت بۆ سەرچاوەیەکی نوێی مەترسییە یاسایی، تەکنیکی یان سیاسییەکان. ڕەنگە کارتەکە بگوڕدرێت، بەڵام جەوهەری پاکی لە هەڵبژاردندا بەستراوەتەوە بەو سیستەمە یاسایی و تەکنیکییەی کە دەنگی دەنگدەر دەپارێزێت و ڕێگری لە کۆنترۆڵکردنی دەکات لە پێش دەنگدان و لە کاتی دەنگدان و دوای دەنگدانیش.