سیسته‌می هه‌ڵبژاردن و سه‌رهه‌ڵدانی حزبی سیاسی نووسینی: مووریس دووڤێرژێ وه‌رگێڕانی: صالح هه‌ركی
سێ فاكته‌رى بنه‌ڕه‌تى، بوونى ئه‌م یا ئه‌و سیسته‌مى حزبى له وڵاتێك، ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن:
- فاكته‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى - ئابوورى.
- فاكته‌رى مێژوویى و فه‌رهه‌نگى.
- فاكته‌رێكى ته‌كنیكى واته شێوازى هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌ران.
فاكته‌ره‌كانى (یه‌كه‌م و دووه‌م)، له‌گه‌شه‌سه‌ندنى سیسته‌مه‌كانى حزبیى ئه‌ورووپا له سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م، بایه‌خى سه‌ره‌كییان هه‌بووه. یه‌كه‌م دژایه‌تى، واته دژایه‌تى حزبه‌كانى پارێزكار له‌گه‌ڵ حزبه‌كانى لیبراڵ، به‌ربه‌ره‌كانێى چینایه‌تیى (ده‌ره‌به‌گ)و ده‌وڵه‌مه‌ندانى له‌گه‌ڵ بورژووازى، هێنایه كایه‌وه كه شه‌نوكه‌وكردن و لێكۆڵینه‌وه‌ى ماركسیستى، په‌سنێكى شیاوى لێ خستووه‌ته روو. به‌مچه‌شنه جۆره داخوازێك به‌ره‌و سیسته‌مى دوو حزبى به‌دیهات.
له نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى نۆزده، گه‌شه‌سه‌ندنى پیشه‌سازى و پێشكه‌وتنى چینى كرێكار، سێیه‌مین هێزى سیاسى- كۆمه‌ڵایه‌تى دروست كرد، كه له شێوازى حزبه سۆسیالیسته‌كان خۆى ده‌رخست. به‌مجۆره سیسته‌مى دوو حزبیى پێشوو، هاندرا كه بۆ سیسته‌مى سێ حزبى بگۆڕدرێت. ئه‌م دیارده‌یه له به‌ریتانیاى گه‌وره، به‌لژیكا، ئوسترالیا‌و نیووزیله‌ند، به‌شێوه‌یه‌كى ئاشكرا و دیار ده‌بیندرێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له وڵاتانی‌تر فاكته‌ر گه‌لێكیتریش خۆیان تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌م كاریگه‌رییه به‌باشى هه‌ستى پێده‌كرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش گه‌شه‌سه‌ندنى حزبه سۆسیالیسته‌كان، حزبه لیبرالییه‌كانى خسته به‌رده‌م دووڕیانه‌وه. خاڵى هاوبه‌شى هه‌ردوو، دژایه‌تى له‌گه‌ڵ سیسته‌مه‌كانى پاشایه‌تى و ده‌ره‌به‌گى، حه‌زو ئاره‌زوو بۆ یه‌كسانى و ئازادى سیاسییه، به‌ڵام لیبراله‌كان بێ بڕانه‌وه به‌رگرى ده‌كه‌ن له ئازادى دامه‌زراوه تایبه‌تییه‌كان و خاوه‌ندارییه‌تى ئامێره‌كانى به‌رهه‌مهێنان، كه سۆسیالیسته‌كان گه‌ره‌كیانه له‌ناوى ببه‌ن.
خاڵى هاوبه‌شى یه‌كه‌م، هه‌ردوو حزب له دژى پارێزكاره‌كان یه‌كده‌خات و به‌پێچه‌وانه خاڵى جیاواز ده‌بێته هۆى نزیكایه‌تى پارێزكاران له‌گه‌ڵ لیبرالییه‌كان و دووركردنه‌وه‌ى ئه‌مانه له سۆسیالیسته‌كان.
له یه‌كه‌مین قۆناغ كه رژێمه سیاسییه‌كانى كۆن به‌پته‌وی ده‌رده‌كه‌ون، ده‌سه‌ڵاتى چینى ده‌ره‌به‌گ، وه‌كو دژوارترین و نزیكترین مه‌ترسییه‌كان به‌رجه‌سته‌یه‌و لاوازى حزبه سۆسیالیسته‌كان، هێشتا سۆسیالیسته‌كان له چاوى بوورژوازه‌كان كه‌مخه‌ته‌رتر ده‌نوێنێ، حزبه لیبراله‌كان به‌تێكڕایى یه‌كه‌م تاكتیك هه‌ڵده‌بژێرن. كه‌مكه‌م كه دیموكراسیى سیاسى سه‌قامگیر ده‌بێت و ده‌بێته رژێمێكى جێگیر و ئه‌گه‌رى وه‌رسووڕانێكى مه‌ترسیداری سیسته‌مى ده‌ره‌به‌گایه‌تى ورده ورده كه‌م ده‌بێته‌وه، دژایه‌تى پارێزكاره‌كان له‌گه‌ڵ لیبراڵه‌كان، واتاى خۆى له ده‌ست ده‌دات و هه‌ردوو ئه‌مانه به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی لێك نزیك ده‌بنه‌وه. تا به‌پێى په‌یوه‌ندیى هاوبه‌شى خۆیان، به‌رگرى له‌و خاوه‌ندارییه‌ت و رێكخستنه بكه‌ن كه هه‌یه (رێكخستنى لیبراله‌كان كه پارێزكارانیش ئیتر هیچیان پێ ناكرێت و ڕووى تێده‌كه‌ن).
له‌م كاته‌دا، له‌لاى پارێزكاران و لیبراله‌كان، حه‌زێك بۆ سازكردنى حزبێكى تاقانه و دژایه‌تى له‌گه‌ڵ سۆسیالیسته‌كان ده‌بیندرێت. به‌مچه‌شنه (سیسته‌مى دوو حزبیى سه‌ده‌ى بیسته‌م)، جێگه‌ى (سیسته‌مى دوو حزبى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م) ده‌گرێته‌وه. ئه‌م گۆڕانكارییه له به‌ریتانیاى گه‌وره، نیووزیله‌ند و ئوستوڕالیا راسته‌وخۆ ده‌بیندرێت. له وڵاتانی‌تر، حزبى لیبرال ده‌توانێت درێژه به‌ژیان بدات، به‌ڵام به‌شێوازێكى زۆر بچووك و له حاڵێك كه زۆرربه‌ى هه‌ره زۆرى لایه‌نگرانی (گه‌ییونه‌ته) پارێزكاره‌كان.
له به‌لژیكا، هۆڵه‌ندا، ئه‌ورووپاى باكوور و فه‌ڕه‌نسا، (به‌شێوه‌یه‌كى حزبى رادیكال) دۆخه‌كه ئه‌وهایه. زۆربه‌ی جاران حزبى لیبرال هه‌وڵده‌دات كه هه‌ندێجار له‌گه‌ڵ سۆسیالیسته‌كان له دژى پارێزكاره‌كان و هه‌ندێجاریش له‌گه‌ڵ پارێزكاره‌كان و له دژى سۆسیالیسته‌كان، یه‌ك بگرێته‌وه و ئه‌م یه‌كگرتنه‌وه‌ى دووایى، ورده ورده له جۆرى یه‌كه‌م به‌ربڵاوتر ده‌بێت.
سیسته‌مى دوو حزبى و سیسته‌مى چه‌ند حزبى، ته‌نیا به‌م فاكته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تى - ئابوورییانه نه‌به‌ستراونه‌ته‌وه، به‌ڵكو به‌فاكته‌ره فه‌رهه‌نگییه‌كانیش كه له‌گه‌ڵ فاكته‌ره‌كانى سه‌ره‌وه یه‌كده‌گرنه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. بۆ وێنه له هوڵه‌ندا رێبازه ئایینییه‌كانیش، رۆڵێكى به‌رچاو له داڕشتنى سیسته‌مى حزبه‌كان ده‌گێڕن. له سه‌ره‌تادا حه‌زى پارێزگارانه، به‌سه‌ر دوو حزب دابه‌شبوو: پارێزگارانى كاتۆلیك و پارێزگارانى پرۆتێستان (دژى شۆڕش). جیابوونه‌وه‌یه‌ك كه له‌نێوان پارێزكارانى پرۆتێستان روویدا، بووه هۆى سه‌رهه‌ڵدانى (مه‌سیحییه دیرۆكییه‌كان). له ئه‌نجامدا بووه هۆى دابه‌شبوونى پارێزكاران به‌سه‌ر سێ حزبى جیاواز.
له وڵاتى فه‌ڕه‌نسا، رژێمه سیاسییه‌كان و ناكۆكییه‌كانى پاشماوه‌ی ئه‌مانه، بووه هۆى دابه‌شبوونێكى هاوشێوه له هێزه‌كانى ده‌سته‌ڕاستى. له نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى بیسته‌م، پارێزكاران كه‌وتنه ناو سێ حزبه‌وه: لایه‌نگرانى پاشایه‌تى راسته‌قینه، لایه‌نگرانى بنه‌ماڵه‌ى ئوورلێئان و لایه‌نگرانى بنه‌ماڵه‌ى بوناپارت.
نه‌بوونى رێكخستنێكى ده‌سته‌ڕاستى، كه تایبه‌تمه‌ندیى سیسته‌مى حزبیى فه‌ڕه‌نسایه، تا راده‌یه‌ك هه‌ر له‌م ڕووداوه سه‌رچاوه ده‌گرێت. له وڵاتانی‌تر، دژایه‌تى ره‌گه‌زى یا هه‌رێمى، رۆڵێكى هاوچه‌شن ده‌گێڕن و ده‌بنه هۆى زیادبوونى حزبه‌كان.
سه‌ره‌نجام، فاكته‌رێكى ته‌كنیكى كه خاوه‌نى سروشتێكى ته‌واو رێكخستنیانه بوو، له فاكته‌ره‌كانیتر زیاد بوو. ئه‌م فاكته‌ره به‌تایبه‌ت له‌م ساڵانه‌ى دووایى، كه‌وته به‌ر چاوپێخشاندن و لێكۆڵینه‌وه.
كاریگه‌ریى ئه‌م فاكته‌ره، له قاڵبى سێ یاساى كۆمه‌ڵناسى كه له1946 پێناسه كرا، كورت كرایه‌وه:
1 - هه‌ڵبژاردنى داڕێژراو له‌سه‌ر زۆرینه‌ى یه‌كقۆناغى، سیسته‌مى دوو حزبیى لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
2 - هه‌ڵبژاردنى ڕێژه‌یى ده‌بێته هۆى پێكهێنانى سیسته‌مى چه‌ند حزبى.
3 - هه‌ڵبژاردنى داڕێژراو له‌سه‌ر زۆرینه‌ى دووقۆناغى، ده‌بێته هۆى پێكهێنانى سیسته‌مى چه‌ند حزبى. به‌ڵام به‌هۆى سه‌رهه‌ڵدانى یه‌كگرتن و ئیئتلاف له‌نێوان ئه‌م حزبانه، له چه‌ندایه‌تى و بارگرژى كه‌م ده‌بێته‌وه و ئه‌مه سیسته‌مه‌كه مامناوه‌ندیتر راده‌گرێت.
ده‌رهه‌ق به‌م یاسایه، باسێكى به‌رفراوان و زۆر جاران گه‌رم كراوه. به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌م یاسایانه به‌ته‌واوى ڕه‌ت نه‌كراونه‌ته‌وه. ئه‌و ره‌خنانه‌ى ئاراسته‌ى كراون، ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندییان به‌واقعى بوونى ئه‌ودیاردانه هه‌یه كه ده‌ربڕى ئه‌م یاسایه‌ن، هێنده پێوه‌ندییان به‌سنوورى پراكتیزه‌بوونى ڕاسته‌قینه‌یان نییه. چونكه ئه‌م دیارده‌یه به‌ته‌واوى دیار‌و ئاشكرایه.
گومانى تێدا نییه كه چاكسازى له یاساى هه‌ڵبژاردن، ناتوانێت خۆله‌خۆیدا حزبى نوێ بخولقێنێت: حزبه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ى هێزى كۆمه‌ڵایه‌تین و مومكین نییه به‌هۆى بڕیارێكى یاساییى ساكار، بێنه وجوود. گۆمانى تێدا نییه كه پێوه‌ندى نێوان شێوازى هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌ران و سیسته‌مه‌كانى حزبى، پێوندییه‌كى میكانیكى و له‌خۆڕا نییه. فڵانه شێوازى هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌ران، بێ ئه‌ملاوئیملا، فڵانه سیسته‌مى حزبى ناخوڵقێنێت، به‌ڵكو ته‌نیا گۆڕانكارى به‌م ئاراسته‌یه‌دا ئاسان ده‌كات.
شێوازى هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌ران، هێزێكه كه ڕوو له‌م ئاراسته‌یه ده‌كات و له‌نێوان هێزه‌كانیتر، كه هه‌ندێكیشیان به‌ئاراسته‌ى دژ، رایده‌كێشن، كار ده‌كات. گومانى تێدا نییه كه په‌یوه‌ندى نێوان شێوازى هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌ران و سیسته‌مه‌كانى حزبى، په‌یوه‌ندییه‌كى یه‌كلایه‌نه نییه. ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنى یه‌كقوَناغى سیسته‌مى دوو حزبیى لێ ده‌كه‌وێته‌وه، سیسته‌مى دوو حزبیش به‌نۆبه‌ى خۆى سه‌لماندنى هه‌ڵبژاردنى یه‌كقۆناغى ئاسان ده‌كات.
له شیكردنه‌وه‌ى كۆتاییدا، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه رۆڵى شێوازى هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌ران، رۆلى فاكته‌رێكى خێرابه‌خش، یا هێدیبه‌خش بێت.
ئه‌و په‌سنه‌ى كه له گه‌شه‌سه‌ندنى حزبه‌كان له ئه‌ورووپاى سه‌ده‌ى نوزده‌هه‌م و بیسته‌م خستمانه ڕوو، به‌ڕوونى ئه‌م راستییه ئاشكرا ده‌كات. گه‌شه‌ى ئابوورى و ئه‌و گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه لێى كه‌وته‌وه له‌لایه‌ك و بارودۆخى تایبه‌تیى وڵاتان (دابه‌شینه ئایینییه‌كان، جیاوازى مه‌زهه‌بى، ناسه‌قامگیریى یاساكانى بنه‌ڕه‌تى و "ده‌ستوور" و ...هتد) له‌لایه‌كیتر: ئا ئه‌مانه‌ن هێزه‌كانى به‌دیهێنه‌رى حزبه سیاسییه‌كان.
له كار‌و كاردانه‌وه‌ى نێوان ئه‌م هێزانه، هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌ران به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ و له‌یه‌ك قۆناغ، ئاكامێكى دوو چه‌ندانى لێ ده‌كه‌وێته‌وه:
جارى یه‌كه‌م، له‌هه‌مبه‌ر دروستبوونى حزبێكى نوێ به‌ربه‌ستێك دروست ده‌بێت ، به‌بێ ئه‌وه‌ى ئه‌م به‌ربه‌سته به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه هه‌رگیز لانه‌درێت (رۆڵى هێدیبه‌خش). جارى دووه‌م، ئه‌گه‌ر هاتوو چه‌ند حزب وجوودیان هه‌بێت، ده‌بێته هۆى له‌ناوچوونى لاوازترین حزب یا حزبه‌كان (رۆڵى خێرابه‌خش).
له كۆتایى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م، رۆڵى فاكته‌ری هێدیبه‌خشی شێوازى هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌ران، له‌هه‌مبه‌ر هێڕشی سۆسیالیسم و دوواى شه‌ڕى جیهانى دووه‌م له‌هه‌مبه‌ر بزاڤه كۆمۆنیستى و فاشیسته‌كان، هه‌ستى پێ ده‌كرا.
رۆڵى خێرابه‌خش، سه‌باره‌ت به‌حزبى ئازادیخواز راشكاوانه‌تر ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌م حزبه به‌كرده‌وه له ماوه‌ى 15 ساڵ )1920 -1935 ( له‌ناوچوو. له‌حاڵێك هه‌ندێ لایه‌نگرى هه‌بوو كه له‌ژێر كاریگه‌رى شێوازى هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌ران، ناچاربوون له‌نێوان پارێزكاران یا كرێكاران، یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرن.
هه‌ڵبژاردنى نسبى، ڕۆڵێكى به‌ته‌واوى پێچه‌وانه‌ی هه‌یه. په‌ره‌سه‌ندنى حزبه نوێیه‌كان یه‌ك ناخات، به‌ڵكو ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه، به‌شێوه‌یه‌كی بێلایه‌نانه، تۆمار ده‌كات و هه‌ندێجاریش گرینگییه‌كه‌ى له‌وه‌ى كه هه‌یه، زیاتر پێشان ده‌دات. بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م كه‌موكورتییه‌یه، كه زۆر كه‌م شێوازى هه‌ڵبژاردنى نسبى به‌ته‌واوی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و زۆربه‌یجاران ئه‌م سیسته‌مه له‌گه‌ڵ هه‌ندێ شێوازى هه‌ڵبژاردنى پشت به‌ستراو به‌زۆرینه، تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن. دابه‌شكردنى پاشماوه‌كان له ئاستى هه‌رێمى، پێویستى هه‌بوونى به‌شێكى دیاریكراوى سه‌دى، بۆ به‌شدارى له دابه‌شكردنى كورسییه‌كان و .. هتد(. به پێچه‌وانه هه‌ڵبژاردنى نسبى له‌ناوچوونى حزبه كۆنه‌كان، كه گۆڕانكاریى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى هۆى له‌ناوچوونیانن، هێدى ده‌كات.
قوتاربوونى حزبى لیبرالى به‌لژیكا له ساڵى 1900 به‌دوواوه، به‌هۆى هه‌ڵبژاردنى نسبى، وێنه‌یه‌كى ئاشكراى ئه‌مبواره‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بێگومان پێویسته بزاڤه دێرینه‌كان، كه ره‌گوریشه‌یان به‌قووڵى له‌نێوان كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكدا داكوتاوه، له بزاڤه رووكه‌شه‌كان، كه خوڵقاوو ده‌ره‌نجامى زه‌وقێكى سیاسى كاتین، جییا بكرێنه‌وه.
هه‌ڵبژاردنى نسبى هه‌روه‌ها به‌ڕوونى سه‌رهه‌ڵدان و توانه‌وه‌ى ئه‌م بزاڤه رووكه‌شیانه تۆمار ده‌كات. هه‌روا كه سه‌باره‌ت به رێكسیزم له به‌لژیكا له ساڵى1937 ، (R.P.F) له ساڵى 1951 و پووژادیسم له ساڵى 1956 له فه‌ڕه‌نسا بینرا.
به‌شێوه‌یه‌كى گشتى و به‌ڕه‌چاوكردنى هه‌ندێ جیاوازى، كاریگه‌ریى هه‌ڵبژاردن به‌زۆرینه‌ى دووقۆناغى، وه‌كو كاریگه‌رى هه‌ڵبژاردنى نسبییه. وا پێده‌چێت كه ئه‌مشێوازه‌ى هه‌ڵبژاردن، تاراده‌یه‌ك زیاتر، رێ له له‌دایكبوونى حزبى نوێ ده‌گرێت، بێئه‌وه‌ى بكرێت كاریگه‌رییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ كاریگه‌رى هه‌ڵبژاردنى یه‌كقۆناغى كه زۆر یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌تره، به‌راورد بكرێت.
ره‌نگه هه‌ڵبژاردن به‌شێوازى زۆرینه‌ى (دووقۆناغى)، تاراده‌یه‌ك رێگه له توانه‌وه‌ى حزبه كۆنه‌كانیش بگرێت، به‌ڵام له‌مباره‌یه‌وه خستنه‌رووى ده‌ره‌نجامێكى ورد زه‌حمه‌ته، له لایه‌كیتر وا پێده‌چێت كه له‌هه‌مبه‌ر پێشكه‌وتنى له‌ناكاوى بیر‌و بزاڤه كاتییه‌كان و به‌ربه‌سته سیاسییه‌كان، به‌ربه‌ستێك دروست ده‌كات (بابه‌تى یه‌كێتى نه‌ته‌وه‌یى كۆماریخواز، له ساڵى 1958 نموونه‌ى پێچه‌وانه‌ى ئه‌م باسه‌یه. به‌ڵام له‌و كاته‌دا بارۆدۆخێكى زۆر تایبه‌ت به‌رقه‌رار بوو). ئاشكراترین جیاوازى ئه‌م سیسته‌مه، له‌گه‌ڵ سیسته‌مى نسبى، له ئیئتلافه‌كانى هه‌ڵبژاردنه. به‌مشێوه‌یه هه‌ڵبژاردنى دووقۆناغى كه باشترین شێوه بۆ پێكه‌وه‌كاركردنه، هه‌ندێجار پێكهاتنى جۆره سیسته‌مێكى دوو حزبى مه‌یسه‌ر ده‌كات. چونكه له سیسته‌مى چه‌ند حزبیدا، دوو به‌ره‌ى یه‌كگرتوو ده‌خاته هه‌مبه‌رى یه‌كترى. فه‌ڕه‌نسا له‌سه‌رده‌مى كۆمارى سێیه‌م و ئه‌ڵمانیا له 1870 تا 1914 ، نموونه گه‌لێكن كه ئه‌م دیارده‌یه ده‌خه‌نه ڕوو.
كه‌واته، كاریگه‌رى شێوازى هه‌ڵبژاردن، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ كاریگه‌رى فاكته‌ره‌كانى كۆمه‌ڵایه‌تى-ئابوورى و ته‌نانه‌ت فاكته‌ره فه‌رهه‌نگییه‌كان، ده‌كه‌وێته پله‌ى دووه‌مه‌وه.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، مه‌رجی بارودۆخ له‌مباره‌یه‌وه، گرنگى سه‌ره‌كییان هه‌یه.
له به‌ریتانیا، دانانى سیسته‌مى نسبى له شوێنى هه‌ڵبژاردن به زۆرینه‌ى ده‌نگ، ده‌كرێ بڵێین هه‌ر خێرا ده‌بێته هۆى سه‌رهه‌ڵدانى سیسته‌مى سێ حزبى و ئه‌گه‌رى كه‌رتبوون له حزبى كرێكار و حزبى پارێزگار، ئاسانتر ده‌كات. كاریگه‌ریى هه‌ڵبژاردن به‌زۆرینه‌ى یه‌كقۆناغى، به‌سه‌ر پاراستنى سیسته‌مێكى دوو حزبى، جێى باس نییه.
دڵنیاییه‌كى كه‌متر هه‌یه كه قبووڵكردنى سیسته‌مێكى وا، بتوانێت سیسته‌مى چه‌ند حزبیى ئێستا تێك بدات. بۆ وێنه حزبه‌كانى فه‌ڕه‌نسا، یا ئیتاڵیا بكاته دوو حزب. هه‌ڵبه‌ت تێكدانێكى وا هه‌ر ناكرێ بیریشى لێ بكرێته‌وه. چونكه هه‌ڵبژاردنى یه‌كقۆناغى، ئه‌و كاته‌ى كه زیاتر له دوو حزب، رووبه‌ڕووى یه‌كتر ده‌بنه‌وه، ئاكامێكى هه‌ڵخه‌ڵتێنه‌رى به‌دووادا ده‌بێت. به‌ڵام له ئه‌ڵمانیاى فیدڕال، هه‌ڵبژاردنى یه‌كقۆناغى هه‌نگاو به‌ره‌و سیسته‌مى دوو حزبى، كه ئێستا زۆر پێشكه‌وتووه، به‌ئامانج ده‌گه‌یه‌نێت. به‌تایبه‌ت ده‌بێته ڕێگر له‌به‌رده‌م ڕه‌وتێك كه ره‌نگه هه‌وڵى ئاراسته‌ى پێچه‌وانه بدات.