رێژه‌ی به‌شداری له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و هۆكاره‌كانی - صالح هه‌ركی
له پڕۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن دا، رێژه‌ی به‌شداری، به مانای ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه هاتوون و به‌شدارییان له پڕۆسه‌ی ده‌نگدان دا كردووه و رێژه‌كه‌شی له هه‌مبه‌ر ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه ئه‌ژمار ده‌كرێت كه مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه، نه‌ك هه‌موو دانیشتووانی وڵات یا شار یا ئه‌و بازنه‌یه‌ی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی تێدا ئه‌نجام دراوه. واته كه‌سێك كه هاتبێت و ده‌نگی خۆی خستبێته ناو صندووقی ده‌نگدان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كه‌ی سپیش بێت، به به‌شداری ئه‌ژمار ده‌كرێت و ده‌نگه‌كه‌ی به‌سه‌ر به‌رزی و نزمیی رێژه‌ی به‌شداری كاریگه‌ر ده‌بێت.
بۆ وێنه ئه‌گه‌ر بازنه‌یه‌كی دیار كراوی هه‌ڵبژاردن، 500 كه‌س دانیشتووی هه‌بێت و له‌م ژماره‌یه، 100 كه‌س ئه‌و مه‌رجانه‌یان تێدا هه‌بێت كه بۆ به‌شداری له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، پێشتر رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه، له رۆژی هه‌ڵبژاردن، ئه‌گه‌ر هه‌ر 100 كه‌سه‌كه هاتن و ده‌نگیان دا، ئه‌وه رێژه‌ی به‌شداری ده‌بێته له سه‌دا سه‌د. به‌ڵام ئه‌گه‌ر 75 كه‌س له‌و 100 كه‌سه هاتن و ده‌نگیان دا، ئه‌وه رێژه‌ی به‌شداری ده‌بێته له سه‌دا حه‌فتاو پێنج. گرینگیش نییه كه ئه‌و كه‌سانه ده‌نگیان به كێ داوه، یا ته‌نانه‌ت ده‌نگی سپییان خستووه‌ته ناو صندووقه‌كانه‌وه.
شاره‌زایانی بواری هه‌ڵبژاردن، به‌رزی و نزمیی رێژه‌ی به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆ چه‌ند خاڵی جۆراوجۆر ده‌گه‌ڕێننه‌وه، كه من لێره ، باس له سێ له‌م خاڵانه ده‌كه‌م:
یه‌كه‌م : گرینگی نه‌دان به چالاكییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له لایه‌ن به‌شێك له كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك. به‌و مانایه كه ئه‌وان، ئاگاداری كاریگه‌ریی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌سه‌ر ژیانی خۆیان و كۆمه‌ڵگا نین و به بابه‌تێكی پڕبایه‌خی نازانن. ره‌نگه ئێوه‌ش رۆژانه گوێتان له‌م قسانه بێت كه ده‌ڵێن، كاكه به من چی كه كێ ده‌بێته وه‌زیر، یا كێ ده‌بێته سه‌رۆك و ...من ده‌بێت پارووه نانێك بۆ منداڵه‌كانی خۆم دابین بكه‌م. كارم چییه به‌م بابه‌تانه‌وه....
دووه‌م: نا ئۆمێدی و بێهیوایی: له هه‌ندێك كۆمه‌ڵگا، به‌هۆی تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌ندجاره‌ی هه‌ڵبژاردن و سه‌رنه‌كه‌وتنی هه‌وڵی گۆڕانكاریی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، ئیتر هیوا بۆ گۆڕان له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌گاته خاڵی كۆتایی و له‌م حاڵه‌ته‌دا، ده‌نگده‌ران واز له هه‌وڵی خۆیان دێنن و پڕۆسه‌ی ده‌نگدان بایكۆت ده‌كه‌ن.
چونكه پێیانوایه كه پڕۆسه‌كه ته‌نیا كردارێكی رواڵه‌تییه و شانۆگه‌رییه و هیچ سوودێكی بۆ هاووڵاتییان تێدا نییه.
سێیه‌م: ره‌زامه‌ندی : ره‌زامه‌ندی به‌و مانایه دێت كه كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك، له سیاسه‌ت و كار و به‌رنامه‌كانی ده‌سه‌ڵات رازین و دۆخه‌كه‌یان به دڵه و بۆیه پێیانوایه كه چوون و نه‌چوونی ئه‌وان بۆ ده‌نگدان، گرینگ نییه. هه‌ندێكیش هه‌ن، كه پێیانوایه، گۆڕینی دموچاوه‌كان له ده‌سه‌ڵات، كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی به‌سه‌ر بارودۆخه‌كه‌دا نابێت و ماده‌م وه‌زعه‌كه باشه، كه‌واته بۆچی خۆم به ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنه‌وه ماندوو بكه‌م.

ئه‌مانه له‌و كه‌سانه‌ن كه كورد گۆته‌نی دائیم دوعا ده‌كه‌ن كه: خوایه تۆ هه‌روا راگره، تا ئێمه هه‌روا داگرین.
هه‌ڵبه‌ت هۆكاری تری ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و جۆری ململانێی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی لایه‌نه‌كان و.... هه‌ن كه كاریگه‌رن به‌سه‌ر رێژه‌ی به‌شداریی ده‌نگده‌ران له پڕۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردندا.
با ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌كه‌ین، كه خودی مه‌رجه‌كانی به‌شداریی ده‌نگده‌ران، كاریگه‌ر ده‌بێت به‌سه‌ر رێژه‌ی به‌شداری. بۆ وێنه له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی رابردوو، وڵاتی زۆر هه‌بوون كه رێگه‌یان به ئافره‌ت نه‌ده‌دا به‌شداریی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن. یا ته‌مه‌نی به‌شداریی ده‌نگده‌ران زۆر له ئێستا به‌رزتر ده‌ستنیشان ده‌كرا. ئه‌مه‌شیان له گه‌رمی و حه‌ماسه‌تی پڕۆسه‌كه كه‌م ده‌كرده‌وه.
هه‌روه‌ها یاسای ئه‌و وڵات یا كۆمه‌ڵگایه‌ی كه هه‌ڵبژاردنی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، كاریگه‌ره به‌سه‌ر رێژه‌ی به‌شداریی ده‌نگده‌ران. بۆ وێنه له وڵاتێك كه ده‌نگدان ئه‌ركه و ئه‌گه‌ر هاووڵاتی به‌شداری نه‌كات، سزا ده‌درێت، رێژه‌ی به‌شداری زۆر به‌رزه. به‌ڵام له وڵاتێكی‌تر كه به‌شداری له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن مافه و هاووڵاتی كه‌یفی خۆیه‌تی كه به‌كاری دێنێت یا نه، ئه‌وه رێژه‌ی به‌شداری هه‌رده‌م له به‌رزی و نزمی دا خۆی ده‌بینێته‌وه.
له عێراق و له هه‌رێمی كوردستانیش، به‌كار هێنانی ده‌نگ، له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، مافه و هاووڵاتی ده‌توانێت به‌كاری نه‌هێنێت. بۆیه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی نزمیی رێژه‌ی به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و كوردستان، ده‌كرێت ئه‌م خاڵه بێت. به‌ڵام ئه‌مه‌یان به مانای ئه‌وه نییه كه سێ خاڵه‌كه‌ی سه‌ره‌وه فه‌رامۆش بكه‌ین و به بۆچوونی من، نائۆمێدی یه‌كێكه له خاڵه هه‌ره گرینگه‌كانی دابه‌زینی رێژه‌ی به‌شداریی ده‌نگده‌ران له پڕۆسه‌كانی رابردووی هه‌ڵبژاردنی عێراق و هه‌رێمی كوردستان. كه هیوادارین به زوویی چاره‌سه ر بكرێت و خه‌ڵكی به ئۆمێد و هیوایه‌كی قووڵه‌وه، روو له صندووقه‌كانی ده‌نگدان بكه‌ن و بڕوایان هه‌بێت كه چاره‌نووسیان له رێگه‌ی ئه‌و صندووقانه‌وه، گۆڕانكاریی به‌سه‌ر دا دێت و به‌ره‌و باشتر و خۆشتری ده‌ڕوات.