پڕوپاگەندە یان بانگەشە لە ڕووی زانستیەوە.
پڕوپاگەندە یان بانگەشە لە ڕووی زانستیەوە.
عهباس سواره
بانگەشە لە وشەی لاتینی propagare وەرگیراوە و بە واتای بڵاوکردنەوە دێت. بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بە مانای ڕاگەیاندنی ئەو واقیع و ڕووداوانەیە کە زیاتر سیاسی بن لە شێوەی ڕاپۆرتێک یان لەشێوەی کۆمەڵێک چالاکی بەمەبەستی کارتێکردن لەسەر زەینی بیسەر و هاوڵاتیان بەگشتی و هاندانیان بەرە و ئەنجامی کردارێکی تایبەت و مەبەستێکی دیاریکراو.
لە هەموو جۆرەکانی پڕوپاگەندەدا و لە هەموو کات و سەردەمێکدا زیاتر گرنگی بە ئامانج دەدرێ تاکو ناوەرۆک، چونکە هەموو جوڵەیەکی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێکی دیاریکراوە، هیچ هەنگاوێک بەبێ بوونی ئامانجێک ناوێژرێت کە سەرەکیترین ئامانج لە بانگەشەدا بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵکە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات یان درێژەدان بە دەسەڵات، کە ئەوەش ئامانجی هەموو پارتێکی سیاسییە لە جیهاندا.
بانگەشە لە ڕووی مێژووییەوە
بانگەشە وەک ئامرازێك بۆ گەیاندنی پەیام دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە کۆنەکان و لەگەڵ گەشەی مرۆڤایەتی ئەویش گەشەی کردووە وەک ئامڕازێک بۆ بە دیهێنانی ئامانجەکانی مرۆڤ، بەڵام لە سەدەی بیست بەملاوە بەهۆی پەرەسەندنی میدیا و کەرەسەکانی ڕاگەیاندن وەکوو ڕادیۆ، تەلەفیزیۆن، ڕۆژنامە و ئینتەرنێت کارلێکی زیاتری پەیدا کردووە و دەوڵەتان، پارتە سیاسییەکان و گرووپە سیاسییەکان، زیاتر لەسەر ئەم دیاردە ڕاوەستاون تەنانەت لە کۆمەڵناسیدا لقی ئەکادیمیشی لێ کەوتۆتەوە.
لە ڕابردوودا پارت و دەوڵەتانی دونیا بۆ بەدەسهێنانی ڕەزامەندی گەل و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکانی جیهان بەرەو لای خۆیان توانایی زۆریان لەخۆ نیشان داوە و کەڵکیان لە شێوازەکانی بانگەشە وەرگرتووە ئەگەر چەواشەکاری ڕای گشتیش بوبێت.
کێشمەکێشی پڕوپاگهندهیی لە نێوان دەوڵەت و پارتە سیاسییە ڕاست و چەپەکان، زاراوەی شەڕی پڕوپاگەندەیی و شەڕی سایكۆلۆژی هێنایە ئاراوە. شەڕی پڕوپاگەندەیی لە قۆناخی شەڕی جیهانی دووهەم و سەردەمی شەڕی سارددا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی.
بانگەشە لەم سەردەمەدا لەسەر دوو دیاردە بەباشی کاریگەری دەرکەوتووە
1. بەدەسهێنانی زۆرترین ڕای گشتی بە قازانجی دەوڵەتەکانی کۆمەڵگەی پیشەسازی.
2. بەکارهێنانی کەرەستە و ئامڕازی تەکنیکی بۆ قەناعەت پێکردنی کۆمەڵ.
کەواتە پڕوپاگەندە بەلایەنی تایبەتی شارستانییەتی هاوچەرخ ئەژمار دەکرێ، چونکە کۆکردنەوەی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە بە دەوری فیکر و ڕێباز یان ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتەوە.
بانگەشەش لەسەر چەند بنەمایەک وەستاوە وەک:
1.هەڵگر: هەرشتێک کە بڵاوبکرێتەوە واتە هەر شتێک کە هەڵگری باری پڕوپاگهنده بێت و ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت.
2. ئامرازی تەکنیکی ڕادیۆ، تەلەفیزیۆن، ڕۆژنامە وەک ئامرازێك پەنای بۆ براوە بۆ گەیاندنی پەیام.
3. ناوەڕۆک و ناواخن ئایدیۆلۆژیا، ئەندێشە، دروشم، زانیاری
4. ئامانج و مەبەست فەرمانبردن وەتەنپەرستی، وەفاداری بە حکوومەت.
کەواتە بانگەشە مێژوویەکی کۆنی هەیە و پارتەکانی دەسەڵاتدار و دەوڵەتانیش کەڵکی زۆریان لە بانگەشە یان پڕوپاگەندە وەرگرتووە بۆ مەبەستی جۆراوجۆر کە سەرەکیترینیان بەدەستهێنانی ڕەزامەندی هاوڵاتیان بووە، جا ئەو ڕەزامەندییە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات بوبێت یان مانەوە لە دەسەڵات بوبێت.
زۆرجاریش دەوڵەتان بانگەشەیان کردووە بۆ ڕەوایەتیدان بەجەنگ جا ئەو جەنگە بۆ مەبەستی داگیرکاری بوبێت یان بۆ مەبەستی بەرگریکردن بوبێت لەخۆیان، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بانگەشە بۆ کاتی پرۆسەکانی هەڵبژاردن و ڕاپرسی پەنای بۆ براوە وەک دوو میکانیزمی هەڵبژاردن کە ئامرازێكی گونجاو و ڕەوان بۆ وەرگرتنی دەسەڵات.
بۆیە پێش هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردن و ڕاپرسیش پەنا دەبرێت بۆ بانگەشە، ئەوەش جگە لەوە کە هەنگاوێکی یاسایی و ڕێگەپێدراوە لە پرۆسەکانی هەڵبژاردن لە هەمان کاتیشدا بۆتە عورفێکی سیاسی، بۆیە دەکرێت بڵێین کە کاریگەری بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردندا دەردەکەوێت.
بانگەشەی هەڵبژاردن لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە هەروەک چۆن لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تریش جیاوازە، چونکە مێژوو کلتور و شێوازی ژیانی گەلان وەک یەک نییە، هەروەک چۆن ئاستی هوشیاری گەلانیش بەیەک ئاست نییە، لە هەمووشی گرنگتر ئاستی هۆشیاری دانیشتوان لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر لەناو یەک وڵاتیشدا جیاوازە، کەواتە ڕۆڵی سەرپەرشتیارانی پرۆسەکانی هەڵبژاردن (تیم)ی بەڕێوەبەرانی پرۆسەکە پێویستە وردبن لە دیاریکردنی ناوچەکانی هەڵبژاردن و ناسینی ئاستی هۆشیاری دەنگدەر، بۆیە ئەو شێوازەی بانگەشە کە لەناو شارەکاندا پەنای بۆ دەبرێت ناتواندرێت لە ناوچەیەکی لادێنشین بەکاربێت.
بانگەشە پێویستە کۆمەڵێک پەیام لەخۆی بگرێت، کە هاوڵاتیان لایان پەسەند بێت و گوزارەشت بکات لە خواستی خەڵک نەک دووربێت لە واقیع، گرنگە پەیام کە کورت بێت بەڵام مانایەکی فراوان لەخۆ بگرێت و ڕەنگدانەوەی خواستی خەڵک بێت.
ئاشکرایە و نکۆڵیشی لێ ناکرێت کە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان زۆر گرنگ و چارەنووسسازە بۆ گەلی کوردستان بەگشتی بەو هۆیەوە سەرجەم پارت و هێزە سیاسییەکانی کوردستان کەوتونەتە جموجۆڵی بەردەوام و ململانێی گەرمی دروستکردووە لە نێوانیان، بەجۆرێک زۆربەی هێز و لایەنە سیاسییەکان مەترسیان لەچارەنووسی خۆیان هەیە ئایا دۆخیان چۆن دەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە پێویستە ئامادەسازی زیاتر هەبێت کە لە ئاست گەوریی پرۆسەکەدا بێت، بەبڕوای ئێمە لەم هەڵبژاردنەدا ئامادەسازی پێش وەختە زۆر پێویستە لەگشت بوارەکاندا کە خۆی لە بانگەشەیەکی سەرکەوتوودا دەبینێتەوە کە بەشێوەیەکی زانستی، واقیعی و بابەتی بەپێی پێوەرەکانی کە لەسەرەوە خراوەتە ڕوو ئەنجام بدرێت.